دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان شیاوترن

09:35 - 2024-09-22
سمکۆ چنارەیی
144 خوێندراوەتەوە

لە دوو مانگی ئایندەدا دوو پرۆسەی گرنگ و بەرفراوان دەکرێت، ئەوانیش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەم کە دوو ملیۆن و 899 هەزار 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی تەواوی عیراق، لە رۆژانی 20 و21 ی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەدەچێت کە کەرکوک و سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و ژمارەی تەواوی دانیشتوانی عیراق دەخاتەڕوو، بۆ پرۆسەی یەکەمیان کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عیراق سەرپەرشتی رێکخستنی تەواوی کارەکانی هەڵبژاردنەکە دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە هەزاران کەس هەیە بۆئەوەی وەک کارمەندی کۆمسیۆن لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا دەستبەکاربن و هەڵبژاردنەکە سەرکەوتووانە بەڕێوە ببەن.
د.عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، 1431 بنکەی دەنگدان دەبێت، 1266یان بنکەی دەنگدانی گشتی و 165یان بنکەی دەنگدانی تایبەتن، پرۆسەکە لەلایەن نزیکەی 41 هەزار کارمەندی کۆمسیۆنەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە پێشتر بە تیروپشکی ئەلیکترۆنی ناویان وەک کارمەندی کۆمسیۆن راگەیەندراوە.

 

شیاوترین کەس بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان، دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانن 

 

بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەلایەن ئەو ژمارە کەسەوە دوای ئەوە دێت کە خولی فێربوونیان لەسەر ئامێر و تۆماری دەنگدەران و جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان پێ دەبینرێت، بۆ پرۆسەی دووەمیش سەرژمێری گشتیی دانیشتووانە و فەرمانگەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلان و نەخشەدانانی حکومەتی فیدراڵ سەرپەرشتی دەکات و ئێستا خول بۆ بەڕێوەبەر و یاریدەدەری تەواوی گەڕەکەکان  لە شار و شارۆچکەکان کراوەتەوە، بۆئەوەی لە رۆژی دیاریکراو لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی کارمەندی ئامار سەرژمێری گشتی بەڕێوەببەن.
مەبەستی سەرەکی لەو باسە چۆنیەتی دیاریکردنی ئەو ژمارە کارمەندەیە بۆ هەردوو پرۆسەکە کە باشترین و شیاوترین کەس دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن یاخود خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگە، نەک مامۆستا و فەرمانبەر کە لەلایەکەوە مووچەیان هەیە و لەلایەکی تریشەوە بەشدارییان لەو پرۆسانە کەم تا زۆر کاریگەریی دەکاتە سەر دەوامی رەسمی خۆیان، جگە لەوەش لە بواری تەمەن و توانای جەستەشەوە کە ئەو رۆژانە ماندوو دەبن هەر گەنجەکان شیاوترن و هیچ جۆرە مووچەیەکیشیان نییە، ئەو پێشنیازە لایەن و قەوارەکانیش دەگرێتەوە کە ئەوانیش دەکرێت دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان وەک نوێنەری خۆیان لە هەر بنکەیەکی دەنگدان دابنێن ئەگەر هاوکاریکردنەکەشیان کەمبێت.

وتارەکانی نوسەر