چۆن خوێندکار وانەکانی خۆشبوێت؟

09:46 - 2024-11-06
سمکۆ چنارەیی
88 خوێندراوەتەوە

سمکۆ چنارەیی

مامۆستا رۆڵێکی کارا و دیاری هەیە لە خۆشەویستکردنی هەر وانەیەکی سەرجەم پۆلەکانی خوێندندا و بە پێچەوانەشەوە هەر مامۆستایەک دەتوانێت خوێندکار تووشی بێزاریی و تەنانەت رق لێبوونەوەش بکات لە هەر وانەیەکدا کە ساڵانە دەیخوێنێت.
ئەو خۆشویستنی وانە و بێزاربوونەش لەڕێی میتۆد و زانینی هونەرەکانی وانە وتنەوەوە دەبێت، هەرکات مامۆستا توانی بابەتەکان بە دروستی و چالاکی هەمەجۆر و بەپێی سەرنج راکێشانی خوێندکار شرۆڤە بکات، هاوکات بەدوای باشترین شێوازی تێگەیشتنی خوێندکارەکاندا بگەڕێت و لە هەمانکاتدا لە دڵەوە خۆشی بوێن، بە دڵنیاییەوە ئەوانیش هەر بەو گوڕ و تینەوە مامۆستا و وانەکەشیان خۆش دەوێت، تەنانەت ئەگەر بابەت و ناوەڕۆکی وانەکەش وشک و ئاڵۆزبێت، ئەوا تێڕوانینی خوێندکار بۆ وانەکە زۆر ئەرێنی دەبێت و بەسەر گیروگرفتەکاندا سەردەکەوێت.

مامۆستای سەرکەوتوو درکی بەوە کردووە کە هەموو مامۆستایەک رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی دەبێت لەوەی بابەتەکان لەلای خوێندکاران خۆشەویست بکات، یان بە پێچەوانەوە تووشی بێزاری و دڵتەنگییان بکات

بە پێچەوانەشەوە بۆ هەر وانەیەک کە زۆر ئاسان و تەرفیهی بێت، بەڵام مامۆستا گەر وەک پێویست جوڵە و چالاکی پێویست لە کاتی وتنەوەی وانەکە لەنێو پۆلدا پەیڕەو نەکات و سزای دەروونی خوێندکاران بدات بە توڕەبوون یاخود هەر جۆرە بێزاربوونێک ئەوا خوێندکاران وانەکە و مامۆستاکەشیان خۆش ناوێت، کەواتە خۆشویستنی وانە پەیوەستە بە مامۆستای بابەتەکەوە نەک پرۆگرامەکە.
بۆ نموونە مامۆستا هەیە بابەتەکانی کیمیا و فیزیا و بیرکاری دەڵێتەوە، کەچی هەم خۆی و هەم وانەکەی پەسەند و مایەی دڵخۆش بوونە لەلای خوێندکاران، مامۆستاش هەیە وانەکانی هونەر یان وەرزش دەڵێتەوە کە بەگشتیی دوو وانەی خۆشەویستن لەلای خوێندکاران لەبەرئەوەی ئەرکی تێدا نییە، بەڵام خوێندکار سەرەڕای نەبوونی خەمی نەکەوتن و دەرچوون لە وانەکە و تەنانەت چوونە ناو یاریگا و ژووری هونەریش کەچی لەلای خوێندکار وانەیەکی ناخۆشە و ئارەزووی خوێندنی ناکەن، لەبەرئەوەی مامۆستا میتۆدی وتنەوەی وانەکەی سەردەمییانە نییە و ناتوانێت وەک پێویست وانەکە خۆشەویست بکات لەلای خوێندکاران، کەواتە مامۆستای سەرکەوتوو درکی بەوە کردووە کە هەموو مامۆستایەک رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی دەبێت لەوەی بابەتەکان لەلای خوێندکاران خۆشەویست بکات، یان بە پێچەوانەوە تووشی بێزاری و دڵتەنگییان بکات.

وتارەکانی نوسەر