لەكاتێكدا حزبوڵڵای لوبنان بۆ پاراستنی گیانی ئەندامەكانی، خۆی لەبەكارهێنانی ئامرازەكانی پەیوەندی بە تەكنۆلۆجیای زۆر پێشكەوتوو دەپاراست و لە بابەتی مۆبایلی زیرەك، بەڵام بە ئامێری سادەتر و كەمتر پێشكەوتوو كرانە ئامانج.
كۆمپانیایەكی وەهمی
كاتێك رابەری حزبوڵڵا بڕیاری ئەوەی دا كە ئەندامان و هێزەكانی بە فراوانی ئامێری (پەیجەر) بەكاربهێنن لە جیاتی مۆبایلی زیرەك، ئیتر هەواڵگریی ئیسرائیل داو و تەڵەیەكی بۆ حزبوڵڵا نایەوە، بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) پلانیان دانا كۆمپانیاییەكی نەناسراو و وەهمی دابمەزرێنن بۆ بەرهەمهێنان و دروستكردنی ئەم ئامێرە، ئەوەشی ئاشكرا كردووە كۆمپانیای (BEC) نەمساویی كە ناوەكەی بەستراوە بە تەقینەوەی ئامێرەكانی پەیجەر لە لوبنان، هیچ شتێك نییە جگە لە رووكارێكی ئیسرائیلی.
هەروەها كۆمپانیای (گۆڵد ئەبوللو)ی تایوانی بۆ بەرهەمهێنانی پەیجەر لە 18/9/2024 رایگەیاند نموونەی ئەو ئامێرە پەیجەرانەی كە لەتەقینەوەكانی لوبنان بەكارهاتووە، لە رۆژانی 17 و 18/9/2024 درووستكراوی كۆمپانیای (BEC كۆنسلتنگ)ن كە بارەگاكەی لە شاری بۆدابێست -ی نەمسایە، بەڵام ئەو كۆمپانیا ناوبراوە ماف و مۆڵەتی بەكارهێنانی ماركە بازرگانییەكەی كۆمپانیەكەی ئەوانی هەیە .
لەلایەكی ترەوە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە سێ سەرچاوەی هەواڵگرییەوە کە بەئاگادار ناوی بردوون، ئەوەی ئاشكرا كردووە، كۆمپانیاییەكی نەمسایی و دوو كۆمپانیای نەناسراوی تر بە لانی كەمەوە دامەزرێنراون بۆ شاردنەوەی ناسنامەی كەسە راستەقینەكانی دروستكەری ئامێری پەیجەر، لەكاتێكدا رۆژنامەكە دەڵێت بەرهەمهێنەری راستەقینەی پەیجەر دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلە.
ئەوەی روویدا، پێشووەچونێكی تری مەترسیدار و ئاڵۆزی گرژییەكانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، بە ئاراستەی بەریەككەوتنی زیاتر و فراوانبوونی ئاگری ئەو جەنگەی لە غەزەوە دەستی پێكرد
تایوان و پەیجەر
وەزیری بەرگریی تایوانیش رایگەیاندا كە گرنگییەكی زۆر بەو بابەتە دەدات، چونكە ناوی كۆمپانیایەكی وڵاتەكەی هاتووە و بە وردی چاودێریی لێكەوتەكانی دۆخەكە دەكەن، چونكە ماركە و لۆگۆی كۆمپانیایەكی وڵاتەكەیان بەكارهاتووە، هەروەها بەڕێوەبەری كۆمپانیای پەیجەر بانگكرا بۆ لێپێچینەوە و دواتر ئازادكرا.
گورزێكی قورس
حەسەن نەسروڵڵای رابەری حزبوڵڵاش لە 19/9/ 2024دانی بەوەدا نا كە حزبەكەی گورزێكی قورسی بەركەوتووە کە وێنەی نەبووە لە مێژوودا، هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە و حسابی سەختی لە ئیسرائیل كرد دوای ئەوەی هەزاران ئامێری پەیجەری ئەندامانی حزبەكەی تەقاندەوە.
جەنگی تەکنۆلۆژیا نوێترین جەنگەکانی جیهان