رۆڵی راگەیاندن لە بانگەشەی هەڵبژاردندا

09:59 - 2024-09-29
سۆزان ئەنوەر
144 خوێندراوەتەوە

لە بانگەشەی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی ئاسایی نییە ئەو تۆمەت بەخشینەوە و ناوزڕاندنەیە كە دەستی پێكردووە و سۆشیال میدیا و پەیجە سێبەرەكانی تەنیوە، پشكی شێریش لەو ناوزڕاندنە بەر ژنانی كاندید كەوتووە.

ژینگەیەكی تەندروست و دیموكرات
 هەمو لایەن و كەسێك مافی خۆیەتی بانگەشە بۆ خۆی بكات، بەڵام لەچوارچیوەی یاسا و دوور لەسنوور بەزاندن و تۆمەت بەخشینەوە و پێشێلكردنی مافی بەرامبەر، بۆچی لەكاتی بانگەشەدا لە هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی تەندروست و دیموكراسی دروست نابێ؟ هەڵبەتە كە باس لە ژینگە دەكەین، مەبەستمان ژینگەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییە، كە ئامرازی بانگەشەی هەڵبژاردن خۆی لە خۆیدا دروستكەری ژینگەكەیە كە سۆشیال میدیا و پەیجە سێبەرەكان نموونەیەكی زیندوون، كە لە رێگەیەوە هەڵمەتی بانگەشە دەكرێت و چەندان كەس و لایەن دەبنە نێچیر و بەداخەوە دەبنە قوربانیی.

ژینگەیەكی نوێی هێناوەتە ئاراوە
 ئەمجۆرە لە میدیا ژینگەیەكی نوێی هێناوەتە ئاراوە، كە كۆنترۆڵ ناكرێت و مامەڵە لەگەڵیدا قورسە و یاسا دەستەوستانە لە بەرامبەریدا، چونكە لە میدیا رەسمی و تەقلیدیەكاندا، ناتوانرێت ئەوەی لەسەر ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوەیە باس بكرێت، چونكە بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی لەسەرە، بۆیە زیاتر پەنا دەبرێتە بەر ئەمجۆرە لە میدیای نوێ، هەرچەندە كۆمەڵێك سزا دانراوە بۆ سەرپێچیكاران لەكاتی بانگەشەدا، بەڵام ئێمە لەبەردەم جیهانێكی نوێداین، كە سۆشیاڵ میدیا دروستی كردووە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەمجۆرە پێشێلكاریانەش پێویستمان بە هۆشیاری میدیایی هەیە، كە لەزۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكاندا پەروەردەی میدیایی خراوەتە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە، كە ئەمە تەنها پەیوەندیی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە كۆی ژیانی مرۆڤەكانەوە هەیە، ئەوەتا منداڵ پێش قۆناغی سەرەتایی مامەڵە لەگەڵ ئایپاد و تەكنۆلۆجیا دەكات، كەواتە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردندا بكەین؟ كە ئێستا مامەڵەیەكی تەندروستمان نییە بۆ ئەم دۆخە و زۆرجار بابەتی هەستیاری كۆمەڵایەتی دەوروژینرێ و كاریگەریی خراپ لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگا دروست دەكات و قوربانیشی لێكەوتۆتەوە.

پابەندی ئیتیك بن لە هەڵبژاردندا
پێویستە هەموو لایەن و كەسێك و دەزگای راگەیاندنێك پەیڕەویی بنەما و ئیتیك بكات لەبانگەشەی هەڵبژاردندا و پابەندی یاساكانی راگەیاندن بێت، بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردن و لەكابینەی تازەدا لەسەر مێزی حوكمڕانی بتوانن تەماشای یەكتری بكەن و حكومەتی داهاتوو پێك بهێنن.
هەموو لایەن و كەسێك مافی خۆیەتی بانگەشە بۆ خۆی بكات، بەڵام لەچوارچیوەی یاسا و دوور لە سنووربەزاندن و تۆمەت بەخشینەوە و پێشێلكردنی مافی بەرامبەر

وتارەکانی نوسەر