رۆژئاوا لەنێوان بەرداشی ئەمریکا و روسیادا

09:48 - 2024-10-06
‎‎سۆزان حەمە تاتە
240 خوێندراوەتەوە

شۆڕشی گەلانی سوریا لە ساڵی 2011 کە زنجیرەیەک لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی بوو، دەرفەتی بۆ کورد رەخساند کە بەشێکی زۆری خاکی رۆژئاوای کوردستان رزگار بکەن و ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەریی دروستبکەن، سەرەڕای ئاستەنگ و کەموکووڕی و مەترسیی زۆر گەورە لەسەریان و بەردەمیاندا.
لە دژی سوریا و روسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا پشتیوانی ئەو ئیدارە کوردییەیان کرد، بنەمای ئەو پشتیوانییەش بەرژەوەندیی سیاسی، ئەمنی و ئابووری بوو نەک بڕوابوونیان بە دۆزی راستەقینەی کورد.
ئیدارە کوردییەکە کە نەتەوە و ئایینزاکانی دیکەش تیایدا بەشدارن، بە رێژەیەکی زۆر کەوتووەتە سەرپێی خۆی، بەڵام رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆریش دەبێتەوە، بەتایبەتی لە سەروەختی نێوەندگیریی روسیا بۆ ئاشتکردنەوەی سوریا و تورکیا کە خواستی سەرەکیی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیایە.
ئاڵنگاریی گەورە ئەوەیە قسەی جددی لەسەر مانەوە و نەمانەوەی ئەو ئیدارە کوردییە لە باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا دەکرێت، ویستی سوریا و تورکیاشە ئیدارەیەکی لەو شێوەیە نەبێت، واتا لانیکەم وەک فۆڕم و قەبارەی ئێستای نەمینێتەوە.

 

ئاڵنگاریی گەورە ئەوەیە قسەی جددی لەسەر مانەوە و نەمانەوەی ئەو ئیدارە کوردییە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکرێت، ویستی سوریا و تورکیاشە ئیدارەیەکی لەو شێوەیە نەبێت، واتە لانیکەم وەک فۆڕم و قەبارەی ئێستای نەمینێتەوە

 

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا دەڵێت «ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لەلایەن حکومەتی سوریاوە دانیپێدانەنراوە. 
لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەرایەتییەکەمان چالاکانە هەوڵی داوە گفتوگۆی نێوان دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتییەکە بەرەو پێش ببات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
 زاخارۆفا رەخنەی ئەوەش دەگرێت کە بەڕێوەبەرایەتییەکە لەژێر گوشاری راستەوخۆی ئەمریکادایە و هێزەکانی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکە جێگیرکراون.
روون نییە لە ئەگەری رێککەوتنی سوریا و تورکیا هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر ئیدارەی خۆسەر چۆن دەبێت؟ بەڵام هەڵوێستی تورکیا و سوریا روونە کە رازی نین بە مانەوەی ئەو ئیدارەیە، هەرچی روسیاشە ئەگەر لە دژی ئەمریکا بێت یان بۆ ئەوەش بێت تورکیا و سوریا ئاشتبکاتەوە، ئەوا لە هەڵوێستی سوریا و تورکیاوە نزیکە و پشتیوانیان دەکات، لەو رووەوە روسیا دەستکەوتی زۆری دەبێت کە تورکیا زیاتر لە خۆی نزیکدەکاتەوە و کۆتایی بە زۆر کێشە دەهێنێت کە بەردەوامبوونیان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی روسیا لەو ناوچەیە ناکات.
 روونتریش لەوە ئەوەیە، ئیدارە کوردییەکە هیچ گرەنتییەکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیی نییە بۆ پاراستنی خۆی لە ئەگەری رێککەوتنی سوریا و تورکیا و زاڵبوونی داشی سیاسەتی روسیایی کە خاڵی هاوبەشی نێوانیان کەمکردنەوەی هەیمەنەی سیاسەتی ئەمریکایە لە ناوچەکە، بۆیە ئیدارە کوردییەکە لەبەردەم مەترسیی زۆر گەورەدایە.

وتارەکانی نوسەر