ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
دەقیق پانزە ساڵ پێش ئێستا، 2009 بوو، تاڵەبانی باوك (سەرۆك مام جەلال) گەیشتە یاریگای یانەی شێروانە لە كەلار، تاڵەبانی گەرمیانییەكانی كۆنەكردەوە! بەڵكو هەموو گەرمیانییەكان خۆیان بە پیری ئەو سیمبول و پیاوە جوانەی كوردایەتییەوە رۆشتن، ئای لەو رۆژە ئەوە چ تابلۆیەكی نیشتمانی بوو!، چ كەرنەڤاڵ و دیمەن و مەشهەدێكی كاریگەر بوو كە تا ئێستا وێنە و جوڵەكانی ئەو رۆژە مرۆڤ دەباتەوە بۆ مێژووی پتەوی ئەوكاتی نێوان گەرمیانییەكان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
لەدوای ئەو مێژووە، جگە لە یەكێتی و جەماوەرەكەی لە گەرمیان، ئیدی تابلۆی بەو چەشنەی ئاوێزانبوونی لێپرسراوانی حزب و هاووڵاتیانی گەرمیان دووبارە نەبووەتەوە، بەڵام كاتێك دوێنێ تاڵەبانی كوڕ (بافڵ جەلال تاڵەبانی) بە بنزارێكی گەرمیانیانەوە لە گەرمیان و لەناو ئاپۆڕای گەرمیانییەكاندا دەركەوت، پێیوتین هەمان وێنە كۆنەكەی ئەو پەیوەندییە مێژووییەی یەکێتییەکانی گەرمیان و لێپرسراوەکانی ئەم حزبە هەر ماوە، هەردوولاش ئەو كاسەهاوسێتییەیان پاراستووە.
شێركۆ بێكەس وتەنی «بەم بنارەدا چی نەڕۆی، بەم بنارەدا چی نەهات»، ئەوە بۆ گەرمیانیش زۆر تەواوە، بەو بنارەی گەرمیان و بەو پەتەكی و دەشتە كاكی بە كاكییەی گەرمیاندا، گەلێك حزب و هێزی سیاسی و كۆبوونەوەی حزبی و بانگەشەی حزبی كران و هاتن و رۆشتن، بەڵام هیچیان تامی كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی تاڵەبانییەكەی پانزە ساڵ پێش ئێستا و تاڵەبانی كوڕی لەو كەرنەڤاڵەی 2024دا نەدا و كەسیش چیتر ناتوانێت ئەو مێژووە تێپەڕێنێت.
ئەم دوو تابلۆ و كەرنەڤاڵە جەماوەرییە بە جیاوازی پانزە ساڵ دووری لە یەكتر، هیچمان پێنەڵێن، ئەوەندە رێگەی وشە و چەمكەكانمان بۆ ئاسان دەكەن بڵێین ئەم گەرمیانە لە مێژە جێی شۆڕەسوارەكانی یەكێتی بووە و لە وشكترین وەرزەكانی نەهامەتی و كارەساتەكاندا كە بەسەر ئەم خاكە وشكەدا هاتووە، بەڵام بەبوونی یەكێتی، هەمیشە سەوز و گەشتر بۆتەوە و بەهاری كوردایەتی بووە، بۆ یەكێتی ئەم خاكە هەمیشە ناوچەی جۆلانێ ئاسا بووە لە راستكردنەوە و قورسكردنی تای تەرازوو و دەنگەكانی یەكێتیدا.
ئەم پێگە پتەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناو گەرمیانێكدا بە پێوەری زۆری خەمی هاووڵاتییەكانی و كەموكورتییەكان كە هەمیشە زۆرترین گلەییان لە دەسەڵات و حزبە سیاسییەكانیان هەبووە، بۆ خۆی هەڵگری مانای تایبەت و قووڵە.