رۆڵی یەكلاكەرەوەی دەنگدەران..

09:53 - 2024-10-15
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
51 خوێندراوەتەوە

  دەنگدەری وڵاتی ئێمە دەبێت تەنها لەسەر بنەمای هەڵچوونەكان دەنگ نەدات. رابردوو و سەرەنجامی هاوكێشەكان ببینێت و دووربین بێت، نەكەوێتە ژێر كاریگەریی پڕوپاگەندەی پۆپۆلیستییانەی هەندێ گروپی سیاسییەوە كە نەك 15و 20، بەڵكو 30 كورسیش بهێنن، هیچیان پێناكرێت و هاوكێشەی دەسەڵاتیان لە كوردستاندا پێ ناگۆڕێت، ئەو راستییەشتان بە چاوی خۆتان بینیوە. ئەزموونی بزوتنەوەی گۆڕان نموونە گەورەكە بوو. 
   لەبەرامبەردا، وا چەندین هەڵبژاردنە، لەبەر كۆمەڵێك لە لادان و كەموكوڕییەكانی، بەشێك لە دەنگدەرانی وڵات سزای یەكێتی دەدەن و كورسییەكانی لە پەرلەماندا كەمدەكەنەوە. پرسیار ئەوەیە: ئایا لەمەدا كێ گرەوی خۆی بردەوە، بەرەی تاكڕەوی و حسابنەكردن بۆ بەهای هەر حزبێكی سیاسی كە نەبێتە سێبەری پارتی، یان بەرەی دیموكراسی و ئازادییەكان كە بە هەموو پێوەرێك هێشتا یەكێتییە ئەگەر لە هەندێ قۆناغیشدا پاشەكشەی تێدا كردبێت؟.. وەڵامەكە روونە، بێگومان پارتی لێی موستەفید بوو.
 باشە وا 17 ساڵ و نیوە، بەهۆی ئەو بژاردە هەڵەیە و كردنی پارتی بەهێزی یەكەم، چی بەسەر ئەم هەرێمەدا هات؟ ئایا نابینن كە بە هۆی بڕیارو سیاسەتی هەڵەو تاكڕەوی و خۆسەپاندنەوە، بە كوێ گەیشتووین؟ بە بەرچاوەوە نییە كە دواهەمین دەسكەوت لەسایەی باڵادەستیی ئەو هێزەدا ئەوەیە كە ئێستا تەنانەت قووت و مووچەش لە بەغداوە دێت و هەموو بەهایەكی دەوڵەتداریمان لە هەرێمدا لەدەستداوە و هیچمان بەدەستەوە نەماوە؟ نابینن ئەگەر یەكێتی شوێن پارتی كەوتبایە، ئەوا لە بەغداو پایتەختەكانی ترەوە قەوارەكەشیان كۆتایی پێدەهێناو بەرگەی یەك وەرزی پیلانەكانی نەدەگرت كە لەسەر هەرێم هەبوون و هەن؟ 
  دەنگدانی دەنگدەرانی كوردستان، گرنگە. یەكێتی حزبێكی نیشتمانی و دیموكراتەو باوەڕی بە ئیرادەی گەل هەیە. كاتێك كە سزا دەدرێت و لە 50 كورسییەوە دەكرێت بە 18 یان 21، تۆی دەنگدەر ئیتر ناتوانیت چاوەڕێی ركابەرێتیی گەورەی لێ بكەیت، زەحمەتە بیخەیتە ژێرباری ئەوەی لە هەموو بوارێكدا رووبەڕووی پارتی ببێتەوە؟. ئێمە هەموو دەبێ بزانین كە پێگەی پەرلەمانی گرنگە، سەرچاوەی رەواتیدانە، داڕێژەرەوەی سیستەمی حوكمڕانی و ئیدارەدانی وڵاتە. ئەگەر سبەی دەنگدەری ئێمە، دەنگی یەكێتی لە پەرلەماندا دلێر بكات، دۆخەكان وەك خۆیان نامێننەوە، بگرە دەرفەتی گۆڕانكاریش دێتە ئاراوە. لانیكەم ناهێڵرێت زۆر هەڵەو تاوان و تاكڕەوی سیاسی لە كوردستاندا رووبدەنەوە كە لەو سەرەوە خەڵكەكەمان باجەكەی بدەن. 
  ئەوەی لە نزیكەی دوو دەهەیە بەسەر هەرێمدا هاتووە، زادەی لاسەنگبوونی تەرازووی هێزە بە ساختەكاریی هەڵبژاردن و شێواندنی ئیرادەی دەنگدەر، بەڵام بەبێ ئەوەی لەكۆتاییدا خەڵكی وڵات نەك هەر قازانج بكەن، بەڵكو بە زیانی گەورەتریشیان شكایەوە، بۆیە بەڕاستی كاتی ئەوەیە دووربینانەتر بیر بكەینەوە و بڕیار بدەین. دەبێ بە سادەیی لەم رستەیە تێبگەین: ئەگەر یەكێتی بە دەنگی دەنگدەران لە گۆڕەپانەكەدا بەهێز نەكرێتەوە، هیچ گرەنتییەك نییە كە هەلومەرجی هەرێم روو لە باشی بێت، هیچ حزبێكیش وەك ئەو ناتوانێت رووبەڕووی ستەم و تاكڕەوی ببێتەوە.

 ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر