قۆناغی سێیەم: بەئامانج گرتنی دەنگدەر
بەئامانجگرتن:- مەبەست لێی دیاریکردنی ئەوەیە کە کام گروپ لە هاووڵاتیانی دەنگدەر زیاتر پێدەچێت بە دەنگەوە بێن بۆ پشتگیریکردنی پاڵێوراوی تۆ؟ با هەڵمەتەکەت تەرکیز بکاتە سەر ئەو گروپی دەنگدەرانە.
زۆربەی بەڕێوەبەرانی هەڵمەتەکان، هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ لەسەر هەڵواسینی پۆستەر و گەڕانی ماڵ بە ماڵ، لە ناوچەکانی هەڵبژاردن کە رێژەی قایلکردن تیایدا بەرزە
بەئامانجگرتنی دەنگدەران گرنگییەکی زۆری هەیە لەبەر دوو هۆکار:-
ا - رێکخستنی خەرجیی گشتی هەڵمەتەکە بۆ (کات و پارە و توانای مرۆیی).
ب - پێشخستنی پەیامی کاریگەر بۆ ئەو دەنگدەرانەی دەکرێنە ئامانج.
ناکرێت بەڕێوەبەری هەڵمەت یان ستاف یان پاڵێوراو هەموو کەسێک ئامادە بکات و پەیوەندیی پێوە بکات و تەوقە لەگەڵ هەموویاندا بکات.
لێرەدا کاتێکی زۆر بە فیڕۆدەدەیت بەبێ ئەوەی ئەو خەڵکانە دەنگ بە تۆ بدەن، ئەویش بەهۆی پەیامی هەڵمەتەکەت. ئەوکاتە دەتوانیت تەرکیز بخەیتە سەریان و سەرچاوەیەکی زیاتر دەبێت بۆ دووبارە کردنەوەی پەیامەکەت دووبارە، دووبارە و چەندبارە، وای لێدێت هیچ بژاردەیەکی تری نابێ تەنها دەبێت دەنگ بە پاڵێوراوەکەی تۆ بدەن.
بۆ نموونە:-
با وا دابنێین کە بڕیارت داوە پەیوەندی بە لە %33ی دەنگدەرانەوە بکەیت بۆ ئەوەی بیبەیتەوە، گەر بتوانی ئەوە جێبەجێ بکەیت ئەوا رەنگە لە %33 مسۆگەر بکەیت لەم حاڵەتەدا تۆ لە %33ی سامانی مرۆیی و پارە و کاتیش سەرف دەکەیت و ئەوەی تر کە دەمێنێتەوە لەگەڵ خەڵکانی تر و لە بواری جیاوازی تردا سەرف دەکەیت.
پێش ئەوە دەبێت دیاری بکەیت کە کێ دەبێتە باشترین جەماوەر، بۆیە پەیامەکەت یارمەتیت دەدات بۆ دیاریکردنی ئەوەی دەتوانی چی بڵێیت، کە پێدەچێت قایلیان بکات.
ئەوەت لەبیربێت کە پارتەکەت یان پاڵێوراوەکە هەوڵ دەدات بگاتە زۆرترین و فراوانترین جەماوەر، ئەوا کاتێک پەیامی ئەو پارتە، یان ئەو پاڵێوراوە کە پەیمانێکی زۆر دەدات بە هەموو کەسێک و بۆشی جێبەجێ ناکرێ، لەم حاڵەتەدا پەیامی پارتەکە یان پاڵێوراوەکە بەتاڵ دەبێت و هیچ دەنگدەرێک بڕوای پێناکات و لێی دوور دەکەونەوە.
هەر بۆیە پێویستە هەوڵەکانی هەڵمەتەکەت تەرکیز بکاتە سەر کەرتێک لە دەنگدان کە نزیکە لە هەمان ژمارەی ئەو دەنگەی کە تۆ دیاریت کردووە لە ئامانجی هەڵمەتەکەدا.
سێ جۆر دەنگدەر هەیە
ا - ئەوانەی پشتگیریت دەکەن.
ب - ئەوانەی لایەنگریی نەیارانت دەکەن.
ج - ئەو دەنگانەی کە لە ناوەڕاستدا وەستاون (واتا بێلایەنەکان). ئەم بەشەیان پێویستان بەوەیە قایلیان بکەیت لەدوای لایەنگرانت زۆر گرنگە لەگەڵ ئەم بەشەی کۆمەڵگەدا خۆت ماندوو بکەیت.
چۆن دەنگدەر بەئامانج دەگریت؟
لێرەدا دوو رێگە هەیە بۆ بەئامانجگرتنی دەنگدەران بۆئەوەی قایلیان بکەیت دەنگ بە پاڵێوراوی تۆ بدەن، ئەویش بە:-
ا - بەئامانجگرتنی جوگرافی
زۆربەی بەڕێوەبەرانی هەڵمەتەکان، هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ لەسەر هەڵواسینی پۆستەر و گەڕانی ماڵ بە ماڵ لە ناوچەکانی هەڵبژاردن کە رێژەی قایلکردن تیایدا بەرزە، ئەمەش ستراتیژێکی زۆر شیاوە و مانا بەخشە و سوودمان پێ دەگەیەنێت، کەواتە هەڵمەتەکە سەرچاوەی زیاتر لەسەر ئەو ناوچانەی هەڵبژاردن سەرف بکات کە رێژەی دەنگدانیان تیایدا بەرزبووە لە مێژووی رابردوویاندا.
-هەروەها سەردانی ماڵی شەهید و پێشمەرگە و کەسێکی ئاسایی لە گەڕەکێکدا.
-وا چاوەڕوان دەکرێت لەم پێگەیە لایەنگرانمان زیاتر بێت.
-واچاوەڕوان دەکرێت لەو پێگەیە لایەنگرانی بەرامبەرەکەت زیاتر بێت.
ب - بە ئامانجگرتنی دیموگرافی
دابەشکرنی هاووڵاتیانی دەنگدەر بۆ گروپی جۆراوجۆر یان کەرتەکانی هاووڵاتیان دەکرێ ئەو گروپانە لەسەر بنەمای (رەگەز، تەمەن، داهات، ئاستی خوێندن، کارو پیشە، باگراوندی نەژادی) یان هەر جیاوازییەکی تر، نموونە (لەوانە هاوشیوەی تەمەنی دەنگدەر، دەنگ بە پاڵێوراوێکی هاوشێوەی خۆی بدات)، بەڵام نابێت گروپەکە ئەوەندە بچووک بێت گرنگییەکەی کەم ببێتەوە.