کۆمەڵناسیی میدیاى نوێ، ئاڵنگارى و هۆشیارى

09:55 - 2024-10-23
د. عومەر عەلی ئەحمەد
129 خوێندراوەتەوە

د. عومەر عەلی

هەموو مرۆڤێک لە ژیان و کار و رێکخستنی خۆیدا، کاریگەریی میدیای نوێی لەسەرە، میدیای نوێ، جیهانێکی ئەفراندووە کە گۆڕانکارییە سیاسی و رۆشنبیری و ئابوورییەکانى کەمتر نییە لەوانەی لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە سەریانهەڵدا. ئەمە تیڕوانینى لیندا فریدمانە بۆ میدیاى نوێ و کاریگەرییە هەمەچەشنەکانى لە دنیاى تازەدا. میدیا بە گشتى و میدیاى نوێ بە تایبەتى بە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی دادەنرێت کە توانای کارتێکردنى لەسەر تەواوى ژیانى کۆمەڵایەتی تاک و، کۆی ئەو سیستەمانەى بونیاتى کۆمەڵایەتى پێکدەهێنن هەیە. هاوکات بەهۆی بەجیهانیبوون و گەشەسەندنى تەکنەلۆژیا تا دوا سنوور و بڵاوبوونەوەى ئامرازەکانى گەیاندن و کاڵبوونەوەى فلتەرە میدیاییەکان، مرۆڤایەتى و کۆمەڵگە بەگشتى و تاک وەکو وەرگر بە تایبەتى لەبەردەم ئاڵنگارییەکى نوێدا خۆیان بینییەوە کە ناوى میدیاى نوێیە، بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵناسیی میدیا تیشکى خستۆتە سەر ئەم بابەتە و کنەى رووداوەکانى دەکات.
ئەوەى ئەمڕۆ دەبینرێت لە کۆمەڵى کوردی و لە هەرێمى کوردستان، هاتنە پێشەوەى فۆرمێکە لە میدیا نە رەچاوى هەست و ژیانى تایبەتى تاکەکان دەکات، نە لە پرۆسەى بەرهەمهێنانى بەهاى باڵادا بەشدارە. چونکە لەڕاستیدا دەبێت میدیای نوێ لە رێگەی کۆمەڵێک ئامرازەوە کار بکات، وەک بلۆگ و مەکۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان،  کە ببێتە سەکۆیەک و رەخساندنى ژینگەیەک بۆ گفتوگۆکردن و کارلێککردن و دەربڕینی بیروڕا سەبارەت بە پرسە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەت بۆ گەنجان، تاوەکو بتوانن پرسی دنیایەکى باشتر گەنگەشە بکەن، کەچی فەزایەکى لە بێ ئەرزشکردن و ناشرینکردنى هەرچی شتە جوانەکانی لە دنیاى ئێمەدا هەیە خوڵقاندووە. 

خوێندەواریی میدیایی
هەڵبەتە ریشەى ئەم دۆخە بەشێکى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستەمە هیچوپوچەى دنیاى تازە بەڕێوە دەبات وەکو کۆمەڵناسی گەورە (ئالان دۆنۆ) ناوى دەبات و، بەشەکەی تریشی دەگەڕیتەوە بۆ خودى بەکارهێنەرەکانى. جیا لەوەش بابەتى هۆشیارى لە پرسی میدیا و وەرگر و نێردەر، جیاکردنەوەى هەواڵى راست و دروست لە هەواڵى چەواشە و پۆخڵەوات بابەتێکى ئێجگار پڕ بایەخ و گرنگە، وەکو شارەزایانى میدیا و پسپۆڕ و پڕۆفیسۆرەکان ناوزەدى دەکەن بە خوێندەواریی میدیایی و ئەوان دەڵێن : (خوێندەواریی میدیایی زەرورەتێکی گرنگی سەردەم و مەرجێکی گرنگی بیرکردنەوەی رەخنەییە، بە ئامانجی جیاکردنەوەی زانیاری و هەواڵی ساختە و فریودەر لە زانیاری بابەتی و داتای راستەقینە). ئالێرەوەیە و وەکو لەسەرەوە باسم کرد بەشێکى خەتاکە لە ئەستۆى وەرگردایە.

پێگەیاندنى کۆمەڵایەتى
کۆمەڵناسی باس لە بابەتگەلێک دەکات کە لێکۆڵینەوە لە مرۆڤ دەکەن. بە (زانستی لێکۆڵینەوە لە مرۆڤ و کۆمەڵگە، لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر بنەمای میتۆدی زانستی) ناسراوە. لە لقەکانی ئەم زانستەوە کۆمەڵناسیی میدیا سەرهەڵدەدات، کە رۆشنایی دەخاتە سەر پرۆسەی راگەیاندن وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و  ژیانی کۆمەڵایەتى کە ئەرکی گرنگ لە کۆمەڵگەدا ئەنجام دەدات، لەوانە پەروەردە و رێنمایی لە بوارە جیاجیاکاندا. هاوکات دەتوانرێت بوترێت، ئامرازەکانى گەیاندن کاریگەریی دەخەنەسەر پێگەیاندنى کۆمەڵایەتى لەناو خێزان، و هۆکارن بۆ زیادبوونى ئەو گۆشەگیرییەى لەناو خێزانەکاندا هەیە و بەهاى پێوەندیی خێزانى لاواز دەکەن، منداڵەکانى ناو خێزان باوکیان دەگۆڕنەوە بە ئەنتەرنێت و لەبرى وەرگرتنى زانیاریی لە باوانەوە لە ئەنتەرنێت وریدەگرن و بەها و نەریتەکان لەوەوە فێر دەبن.

لەبرى کۆمەڵگەیەکى راستەقینە
لە توێژینەوەیەکدا کە (رینا بنت سعد الرحیلي) بە ئەنجامى گەیاندووە، گەیشتوووە بەوەى کە هەندێک لە پرۆگرامەکانى تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیا دەبنە هۆی ئەوەى وەرگرەکان (تەقەموسی کەسێتى وەهمی) بکەن و هەربۆیە کارلێک لەگەڵ هاوڕێ و کۆمەڵگەیەکى وەهمی دەکەن و پەنا بۆ کۆمەڵگەیەکى سایبەرى دەبەن، لەبرى کۆمەڵگەیەکى راستەقینە کە لێوانلێو بێت لە خۆشەویستى و پەیوەندیى و کارلێکى جەستەیی و رۆحی، پڕاوپڕبێت لە یارمەتیدان و هاوکارى و هاوبەندى و پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندییەکى رووبەڕوو و راسیتەقینە بێت وەکو مام هێمن دەڵێت وەرە ماچم دەیە ماچی خودایی! کە بێزارم لە ماچی سینەمایی!. هەرچەندە لە روانگەیەکى دیکەوە میدیاى نوێ لایەنى ئەرێنیشی هەیە و باس لەوە دەکرێت لە میدیاى کۆندا بە تەنها پەیامەکە دەگەیشتە وەرگر، بەڵام لە میدیاى نوێدا کارلێککردن نەک تەنها وەک وەرگری پەیامەکانی پەیوەندیکردنە، بەڵکو وەک بەرهەمهێنەر و گەیاندنی پەیامەکانیش بۆ بینەران بەردەست بووە.

 

ئەوەى ئەمڕۆ دەبینرێت لە کۆمەڵى کوردی و لە هەرێمى کوردستان، هاتنە پێشەوەى فۆرمێکە لە میدیا نە رەچاوى هەست و ژیانى تایبەتى تاکەکان دەکات، نە لە پرۆسەى بەرهەمهێنانى بەهاى باڵادا بەشدارە

لێکۆڵینەوە لە میدیاى نوێ
کۆمەڵناسی تیشکی خستە سەر لێکۆڵێنەوە لە توانای میدیا بۆ هێنانەدی گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگەدا، بە بڵاوکردنەوەى بیرۆکە مۆدێرنەکان و کاریگەریکردن لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. هەربۆیە لێکۆڵینەوە لە میدیاى نوێ و کاریگەرییەکانى بووە کارى لە پێشینەى کۆمەڵناسی.
جارێکیان بە گاڵتەجاڕییەوە (پیێر بۆردیۆ) سەبارەت بە پابەندبوونی مێژوونووسان بە راستییەکانەوە، ئاماژەی بەوە کردبوو کە (کۆمەڵناسی رۆڵێکی گەورەتری هەیە لە گەڕان بە دوای (پێشینییەکی مێژووییدا) چونکە بە بڕواى ئەو رۆڵی کۆمەڵناس نە تۆمارکردنی کێشەیە و نە تۆمارکردنی کاریگەرییە ئەگەرییەکانێتى لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی، بەڵکو کارى کۆمەڵناسی مامەڵەکردنە لەگەڵ کێشە وەک کێشەیەکی زانستی. لەم سۆنگەیەوە لێکۆڵینەوەى کۆمەڵناسی لە میدیای نوێ و دەرهاویشتەکانى تەماشاکردنى میدیایە وەکو کێشەیەکى زانستى و لێکۆڵینەوەیە لەسەرى لە چوارچێوەى تیۆر و گریمانە زانستییەکان.


مامۆستا و توێژەر لە زانکۆی سلێمانى

 

 

وتارەکانی نوسەر