هەڵبژاردن وەك دیفاكتۆیەك بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات

10:33 - 2024-11-03
نزار تەیب
158 خوێندراوەتەوە

لە وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی خۆرئاوا، هەڵبژاردن وەك دیفاكتۆیەك بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و پەیڕەوكردنی سیستمی دیموكراسی پەنا دەبەنە بەر هەڵبژاردن و كێبڕكێی شەریفانەی هەڵمەتی بانگەشە و سندوقەكانی دەنگدان و بانگەشە و بەرنامەی كاری پارتە كێبڕكێكارەكان و كاندیدەكانی بۆ چوونە پەرلەمان و راگەیاندنی بەرنامەی كاری چوار ساڵی داهاتووی حزبی سەركەوتوو لە هەڵبژاردنەكاندا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە كوردستان، قۆناغی دوای هەڵبژاردن و ئامادەكاری بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردســــتانە، راگەیاندنی بەرنامەی كاری چوار ساڵی داهاتووی حكومەت كە لە بەڵێن و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەوە سەرچاوەی گرتووە.
قۆناغی نوێ، قۆناغی كۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتێكی خۆسەپێنی پارتێكی دیاریكراو و حساب نەكردن بۆ هاوبەشەكانی لە دەسەڵات بووەتە خاڵی گرنگی پێداچوونەوە بۆ شێوازی هاوبەشیكردن لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كورستان، چونكە بەپێی ئەزموونی رابردوو، خاوەن زۆرترین كورسی پەرلەمان لە كوردستان كاتێك حكومەتی پێكهێناوە، هاوبەشەكانی لە حكومەت تەنها كردووەتە بەشداری حكومەت، ئەمەش بە ئەزموون و واقیعی كاری سیاسی هەستی پێكراوە، بۆیە پێویستە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا، زۆر بەجددی و وریایی حزبەكانی دیكە نەچنە ژێرباری ئەوەی تەنها بەشداریی حكومەت بکەن، بەڵكو هاوبەشی راستەقینەی دەسەڵات بن و هۆكاری گەرەنتی و دڵنیاكەرەوە بگرنە بەر تا كوردستان هەموو بەیەك چاو سەیربكرێت لەڕووی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانكردنەوە و ئاوڕلێدانەوەوە. حكومەت لە زاراوەی سیاسیدا، بەمانای خزمەتكردنی هاووڵاتیان و خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی دێت، بەڵام مخابن لە كوردستان هێزێكی باڵادەست وەكو سزادان، ناوچەیەكی كورستان پەراوێزدەخات و ناوچەی هەژموونی خۆی ئاوەدان دەكاتەوە، وەكو سزا و پاداشتی سیاسی مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن دەكات، كە ئەمە خۆی لەخۆیدا بەكارهێنانی پرۆسەی هەڵبژاردنە لە مەرامی تایبەتی و حزبی، نەوەك خزمەتكردنی تەواوی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بە هەموو ناوچە و پێكهاتەكانییەوە، حزبی سەركەوتوو لە هەڵبژاردن، ئەو حزبەیە كە لەكایەی حکومڕانیدا جیاكاری نەكات لە ئاوەدانكردنەوە و خزمەتكردنی ناوچەکان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا. ئەمەیە شێوازی دروستی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و ئاشتییانە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا. 
لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا كە خاوەنی 53 ملیۆن دەنگدەرە، خاڵی گرنگ و یەكلاكەرەوەی ركابەریی ترەمپ و هاریس بریتییە لە پرۆژە و ئۆفەرە خزمەتگوزارییەكان بۆ ناوخۆی وڵاتەكەیان، سەرەڕای هەژموونی فراوانی ئەو وڵاتە لەسەر سیستمی جیهان و كێشە ئاڵۆزەكانی جیهان، بەڵام هەمیشە خزمەتكردنی هاووڵاتیانی وڵاتەكەی خۆیان لە پێشەوەی ئەو هۆكارانەن كە دەبێتە هۆی سەركەوتن یان دۆڕانی یەكێك لە بەربژێری پارتە ركابەرەكان.
ئاوڕدانەوە لە دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیان زامنی سەركەوتنی هەر  حزبێکیانە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەمەش لەكاتێكدایە گەلانی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە ساڵی داهاتوودا لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازی نوێدان بۆ پەرلەمانی عیراق كە گەلی كورد پێكهاتەیەكی سەرەكییە لە پێكهێنانی ئەو پەرلەمان و حكومەتەی داهاتووی ئەو وڵاتەدا. جێگەی گرنگیپێدانە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بە خزمەتكردن و ئاوڕدانەوە لە ژیان و بژێویی هاووڵاتیان گەرەنتیی سەركەوتنی هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی عیراق بكەن، هەروەكو وتراوە هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەوكاتە دەست پێدەكات كە هەڵبژاردن كۆتایی پێدێت.

* ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان

وتارەکانی نوسەر