سەبارەت بە كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر بە رواڵەتی سیاسەتەوە بگیرسێینەوە، ئەوا هەرزوو بەو وتەزاو رستە كڵێشەییانە لە دەورانی نوێی فەرمانڕەوایی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانین كە پێمان دەڵێن: ئەمریكا، مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتاندا دەكات نەك گروپە نەژادی و ئاینییەكان و بەرژەوەندییەكانیان. ئەم بۆچوونانە، لەو روانگەیەوە دێن كه سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، بە جیاوازی ناسنامەی ئەوانەی كە 4 یان 8 ساڵ جارێك دەچنە كۆشكی سپی، سیاسەتێكە پابەندی نۆرم و پرەنسیپەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە، بەم پێیەش، ئەوەی دەستنیشانی هەلومەرج و چارەنووسی گروپە نەژادی و نەتەوەییەكانی ناو وڵاتانی ناوچەكە دەكات تەنها ئەو دەوڵەتانەن كە ئەندامی نەتەوەیە یەكگرتووەكانن و نوێنەرایەتیی رەسمیی دەوڵەت و كۆمەڵگە دەكەن.
ئەم تێڕوانینە، تا ئەو شوێنە راستە كە پەیوەندیی بە فۆرمی رێكخستنی پەیوەندیی دامەزراوەییانەو رەسمییانەوە هەبێت لە نێوان وڵاتاندا، بەڵام بەپێی زمانی سیاسەت، چ جای سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا!، ئەوا چ دەزگا رەسمییەكانی ئەمریكا بن وەك كۆنگرێس و ئەندامانی، ئەنجومەنی پیران و ئەندامانی، ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەندامانی، سیاسەتمەدارانی كۆمارییەكان و دیموكراتەكان، كۆمپانیا زەبەلاحەكان، میدیاكان و دەزگاكانی توێژینەوەی وەك تانكەكانی بیركردنەوە Think tanks و هاوتاكانی، رای گشتیی وڵات لە دۆسێ و پرسە سەرەكییەكاندا، هەر هەموویان، بەگشتی، رۆڵی خۆیان لە ئاراستەكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەدا دەگێڕن، تەنانەت وەزارەتی دەرەوە، كە دامەزراوەیەكی رەسمیی ئەمریكایە، جگە لەوەی رێز لە سیستمی حوكمڕانی وڵاتان دەگرن، كە زۆرجار لە فۆرمە فیدراڵییەكانیاندا دەزانن كە دەسەڵاتی دەوڵەتان بەسەر ناوەندو هەرێم و كانتۆنەكاندا دابەش دەبن، هەر خودی خۆیشیان لە پەیوەندیدان لەگەڵ پارت و رێكخراوە سیاسییەكانی گەلانی ناوچەكەو كەسایەتییەكانیاندا، ئەمە با لەوەش گەڕێن كە دەزگایەكی میحوەریی وەك CIA سەدو یەك كەناڵی خۆی هەیە لە پەیوەندی و سەرچاوەو پیشەسازیی زانیاری و كۆمەككردنی گەورەی ئیدارەكانی ئەمریكا لە هەر پرۆسەیەكی پلان و تەگبیرو بڕیارداندا، چ جای لەم سەردەمەدا كە بە ئاشكرا دەوترێت: ئەوەی تیایدا دەوڵەت ئاراستە دەكات دەزگا هەواڵگرییەكانن پێش ئەوەی ئەفەندییەكانی ناو وەزارەتەكان و راپۆرتی دەزگاكانی توێژینەوە بن.
ئەمانە دەڵێین بۆ ئەوەی ئاسۆی بیركردنەوە لە سەرچاوەكانی كاریگەریی دانان لەسەر بڕیارەكانی كۆشكی سپیی قۆناغی ترەمپ لەبەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش كێشەی كورددا كە كێشەی نەتەوەیەكی دابەشكراو و بێ دەوڵەتە، فراوانتر بێت، بە تایبەتی كە ئێمە لە باشوری كوردستان هەرێمێکی فیدراڵی و دانپێدانراومان هەیە. لە رۆژئاوای كوردستانیش ئەمریكییەكان لە قۆناغی ترەمپ و بایدن-شدا پاڵپشتی كانتۆنە كوردییەكان بوون، لە پەیوەندیشدان لەگەڵ پارت و كەسایەتییە كوردەكانی باكوری كوردستان، بەهەمان شێوە لەگەڵ پارت و كاراكتەرانی رۆژهەڵاتی كوردستانیشدا، بۆیە پێویستە وەك نەتەوەی كورد، تێبگەین كە چۆن لەناو ئەم دیزاینە ئاڵۆزەی دروستكردنی بڕیار لای زلهێزێكی جیهان بە سەركردایەتیی ترەمپ، دەجوڵێین و سیاسەت دەكەین.
[email protected]