ئایا كابینەی نوێ پێكدێت؟

10:01 - 2024-11-11
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
102 خوێندراوەتەوە

د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

گەشبینییەكی دیاریكراو و پشتبەستوو بە ئاماژەی روون لە ئارادا نییە سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. چاوەڕوانییەكان، لەم بارەیەوە، تاڕادەیەك، پێچەوانەشن!. واتە گومانێك هەیە لەوەی پرۆسەكە ئاسان بێت. زۆرجاریش لەسەر بنەمای ئەو گرژییە سیاسی و میدیاییانە داوەری دەكرێت كە لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لەنێوان قەوارەكاندا هەن. لەمڕووەوە، داوەرییەكە نا واقعیش نییە، لانیكەم پشت بە خوێندنەوەی گوتاری سیاسیی زاڵی هێزەكان دەبەستێت، كە لە رووی مەبدەئییەوە، زەمینەسازیی ئەوتۆی تیا نییە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ، ئیستحقاقی قانونی خۆی ببڕێت و پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی، رێككەوتن رووبدات. 

 ئەو بۆچوونە راستەو هاوكات بڕێك موبالەغەشی تیایە، ئەوەی بیرچۆتەوە كە ئەو گوتارەی كراوەتە پێوەر، هەر خۆی، سەربە دنیای سیاسەتە!، واتە كایەی مومكینات كە هیچ ئەگەرێك تیایدا مەحاڵ نییە، بگرە سیناریۆی جیاجیا دێنە پێشەوە كە هەندێكیان دەشێت لە دەرەوەی حسابات و چاوەڕوانیش بن. هەر هیچ نەبێ، ئەوەی ئەلفوبێی سیاسەت بزانێت تێدەگات كە ئەو گوتارە سیاسییە زاڵەی كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، كە هێشتا بڕێك ئاسەواری لە حەماسی سیاسییەكان و میدیاكاندا ماوە!، سەربە ماوەیەكی تایبەت و كاتییە، كە بە یاسا رێ بە قەوارە بەشداربووەكان دەدرێت، بە ئارەزووی خۆیان، باشترین وێنە لەسەر خۆیان و نەخوازراوترینیش لەسەر ركابەرو بەرامبەرەكانیان دروستبكەن. وێنەكانیش، بە هەردوو دیودا، چەند راستن یان هەڵە؟، پرسیار نییە، پرسیاری جەوهەری بۆ قەوارەكان ئەوەیە قەناعەت بە رای گشتی بكرێت و متمانە لەناو جەماوەری دەنگدەردا كۆبكرێتەوە، بەڵام ئەمە تەنها پەیوەندیی بەو ماوە كاتییەوە هەیەو بەس. 
  دوای هەڵبژاردن، زۆر هەڵوێست قابیل بە گۆڕانە. واتە ئارەزوومەندانە بێت، یان بە فشاری جیاجیای ناوخۆیی و دەرەكی، وەكو خۆیان نامێننەوە. تایبەتمەندی و هەستیاریی دۆخی هەرێم خۆی و عیراق و ناوچەكەش رۆڵیان لە شتێك جڵەوكردنی دانوستانەكانی دروستكردنی كابینەكەدا دەبێت، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە سەردان و دانیشتنەكان هەر تایبەت نەبن بە دابەشكردنی پلەو پۆست و ئیمتیازاتەكان كە بێگومان گرنگن، بەڵام بە بەراورد بە پرسە نیشتمانییەكان، قەیرانەكانی هەرێم، هەڕەشەكانی سەر قەوارەكە، پیلان و مەرامی دەوروبەر، مەترسییە دەرەكییەكان بەگشتی، لاوەكین. 
  لەم ئاستەدا، ئەوەی پەیوەندیی بە(ی.ن.ك)ەوە هەبێت، هەموو ئاسانكارییەك دەكات. سەرۆك بافڵ وتەنی، یەكێتی پێیخۆشە هەر سبەینێ حكومەتەكە پێكبهێنرێت، بەڵام هاوكات حكومەتێك كە دادپەروەر بێت، جیاوازی لەنێوان شارو ناوچەكاندا نەكات، تاكڕەوی تیا نەبێت، چارەسەری قەیرانەكانی وڵات و هاووڵاتیانی پێبكرێت، لە دۆزە سەرەكییەكانە. لەمەدا، یەكێتی، ئەمجارەیان نوێنەرێكی بەهێزتری خەڵكی كوردستان دەبێت بۆ وردكردنەوەی هەموو ئەو دۆزو دۆسێیانە لەكاتی گفتوگۆداو بەهەموو هێزی خۆیشی داكۆكییان لێدەكات.

‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر