لە رۆژانی رابردوودا كەناڵی 14ی ئیسرائیل، مشتومڕێكی گەورەی نایەوە، دوای ئەوەی وێنەیەكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی لە عیراق بڵاوكردەوە، وەك كەسێك لەوانەی ئامانجی ئیسرائیلن بۆئەوەی هێرش بكاتە سەریان، ئەوەش لە تەك وێنەی چەند سەركردەیەكی حزبوڵڵا، حوسییەكانی یەمەن و فەرماندەی فەیلەقی قودس و رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران دانرابوو.
سەردانی نوێنەری UN بۆلای سەید سیستانی جەختكردنەوەیە لەسەر پێگەی بەهێزی ئەو، كە تەنها ئەوە دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە سەقامگیریی ناوچەكە و عیراق و
رێگریی لە پەرەسەندنی هەڕەشە و گرژییەكان
سەرۆک وەزیرانیشی هێنایە دەنگ
ئەو كارەی لایەنە شیعەكانی عیراق و تەنانەت سەرۆك وەزیرانی عیراق و چەند وڵاتێكیشی هێنایە دەنگ، كە بە كارێكی قبوڵنەكراویان وەسفكرد، تەنانەت باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد دژی هەر بەئامانجگرتنێكی عەلی سیستانین، چونكە دەنگێكی كاریگەر و یەكلاكەرەوەیە بۆ بەهێزكردنی ئاشتی لە عیراق و ناوچەكەدا.
ئەوەی جێی سەرنج بوو، ناوهێنانی عەلی سیستانی بوو لە لیستەكەی ئیسرائیلدا، چونكە هەمیشە سیستانی لە پەیامەكانیدا لەگەڵ سیاسەتی سەربەخۆ و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی عیراق بووە لەلایەن وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتی ئێران و سەركۆنەی ئەو لایەنانەی كردووە كە لە دەرەوەی دەوڵەت چەكیان بەدەستە بەتایبەتی گروپە چەكدارەكانی عیراق.
بانگەوازەکەی سیستانی و دەرپەڕاندنی داعش
سیستانی لە چەندین قۆناغی مێژووییدا عیراقی هەم لە ئاگر هەم لە پڕیشكی ئاگر پاراستووە، بەتایبەتی كاتێك داعش رووبەرێكی زۆری خاكی عیراقی داگیركرد، سیستانی دەستبەجێ فەتوایەكی دەركرد توانرا عیراق لە داعش پاكبكرێتەوە، هەروەها چەندین جار عیراق خەریك بووە بكەوێتە لێواری شەڕی ناوخۆوە، سیستانی رۆڵی كاریگەری گێڕاوە لە گەڕانەوەی ئارامیدا بۆ عیراق.
سیستانی تەمەن 96 ساڵ هێشتا لە ماڵە بچووكەكەی خۆی لە نەجەفەوە، ئاراستەی عیراق دەكات بۆ كەناری ئارامی، پێگەی بەهێزی سیستانی و دیگای ئەو بۆ سەقامگیریی و ئاسایش لە عیراقدا، وایكرد لە دوای ئەو هەواڵەی كەناڵی 14ی ئیسرائیل، هەر زوو محەمەد حەسسان نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و وەفدی یاوەری گەیشتنە لای سیستانی.
مەترسیی هەڕەشەکەی ئیسرائیل دوای گەڕانەوەی ترەمپ
ئەو سەردانە دوو خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، هەم ئەوەی وڵاتانی خۆرئاوا دانیان بەوەدا نا كە ناوهێنانی سیستانی بۆ كردنە ئامانج لەلایەن ئیسرائیلەوە هەڵەیەكی گەورەیە بەسەریاندا تێپەڕبووە، هەم جەختكردنەوە بوو لەسەر پێگەی بەهێزی سیستانی كە تەنها دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە سەقامگیریی ناوچەكە و عیراق و رێگریی لە پەرەسەندنی هەڕەشە و گرژییەكان.
لەدوای رووداوەكانی 7ی ئۆكتۆبەرەوە، بەشێک لە گروپە چەكدارەكانی عیراق كە بە بەرەی مقاوەمە خۆیان ناساندووە، دەیان هێرشیان كردووەتە سەر ئیسرائیل، كە ئەمەش بووەتە هۆی دروستكردنی مەترسی و ئاڵۆزی لەسەر عیراق، چەندین جار ئیسرائیلیش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لەو گروپانە كردووە، بەڵام داوای سیستانی لە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی بگێڕێت و جارێكی تر عیراق لە ئەگەری هێرشەكانی ئیسرائیل دوورخستەوە.
هەرچەندە ئەمجارە سیستانی توانیی ئەگەری هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر عیراق رابگرێت، بەڵام دەرچوونەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكی ئەمریكا ئەگەری هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو گروپانە زیاتر دەكات، تەنانەت سیستانی لە پەیامەكەیدا بۆ دەستەبژێری عیراق، داوای لێكردوون پەند لەو ئەزموونانە وەربگرن كە پێیدا تێپەڕبوون و رێگە لە دەستوەردانی دەرەكی بگرن بە سەرجەم شێوازەكانییەوە.