ترەمپ بەسەر کێشە جیهانییەکاندا هاتەوە

10:03 - 2024-11-10
هیوا محەمەد
578 خوێندراوەتەوە

 

ئایا ترەمپ کە لە پێداگرییەکی ناسیاسییانەوە خۆی کاندیدکردەوە و دەرچوو، دەتوانێت رووبەڕووی ئەم هەموو کێشە ئاڵۆزانە ببێتەوە؟ یان ئاڵۆزتریان دەکات و بەرەو جەنگێکی ئیقلیمی یان جیهانییان دەبات؟

سەرانی عەرەب، لە پێشەوەیان شازادەی سعودییە محەمەد سەلمان پیرۆزباییان کرد لە ترەمپ و هیوایان خواست کە ئەو بتوانێت چارەسەری ئەو هەموو قەیران و جەنگانە بکات کە دروستبوون و زۆریان ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات.
ئەگەر ئەو کەسایەتییە حکومییە عەرەبیانە، لە روانگەی ئایین و نەتەوەوە بیریان بکردایەتەوە و هەڵوێستیان وەربگرتایە، دەبوو هیوایان لەسەر هیچکام لەو سەرۆکانەی ئەمریکا هەڵنەخستایە، چونکە ماوەی 70 ساڵە ئیسرائیل بەرامبەر عەرەب و ئیسلام، لە ململانێ و جەنگدایە و ئەمریکاش بە هەردوو حزبەکەیانەوە، کۆمارییەکان و دیموکراتەکان، نەیانکردووە چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، ناشیانەوێت بیکەن، چونکە هەوێنی ساغکردنەوەی چەکەکانی زلهێز و خاوەن جبەخانەکان، بە پلەی یەکەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، ئەگەر ئیسرائیلیش نەبێت، عەرەب مەترسیی هیچی نابێت، ئەمە جگە لە ئێران کە بە دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل هەژمار دەکرێت.

عەرەب هەڵوێستی پێویستیان نییە
وڵاتانی کەنداو لە دەوڵەمەندترینەکانی جیهانن، لەگەڵیشیدا موسڵمان و عەرەبن، بەڵام لە هەرە دۆستەکانی سەرانی ئەمریکان بە هەردوو حزبەکەوە و هەڵوێستی پێویستیان نییە بەرامبەر فەلەستین و لوبنان، چونکە ئەمان بەهۆی ملیاردلێرییانەوە، دەبنە دۆستی ئەوان کە زۆربەیان لە بری سیاسەتمەدارێکی قاڵبوەوە لە سیاسەتدا، بازرگانێکی زیرەک و گەورەن وەک ترەمپ.
دیارە کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان پێش هەرشتە، بۆیە ئەوانیش هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیان نییە بەرامبەر بە ئیسرائیل وەک عەرەب یان مسوڵمان، دەشبینین لەبەرامبەر ئەوەی بەسەر غەززە و لوبناندا دێت بێدەنگن و تەنها لەڕێگەی فڕۆکەی بارهەڵگرەوە خواردن و هاوکاریی مرۆیی دەنێرن بۆ لێقوەوماوان. 
ئەوان هەڵوێستی سیاسییان نییە، چونکە لایەنێکی ئەم جەنگەی غەززە و خوارووی لوبنان بە ناڕاستەوخۆ ئێرانە، ئەمیش بۆ عەرەب و کەنداو لە رووی مەزهەبیییەوە شیعەن و پێکەوە هەڵناکەن، ئەگەرچی ئێران هاوکاریی حەماسیش دەکات کە سوننەن، بەڵام ئەمەیان لە دژی ئیسرائیلە.
بەدرێژایی مێژوو ناکۆکی و ململانێی ئایینی نێوان مەسیحی و مسوڵمان هەبووە بە چەندین جەنگی ماڵ کاولییدا تێپەڕییوە، ئێستا شەپۆلی مەسیحگەرایی لە ئەوروپا لەرێگەی سەدان رێکخراوی حکومی و ناحکومییەوە هەیە و چەندین حزبیشیان هەیە کە دەسەڵاتیان بەسەر رەوتی سیاسیی وڵاتەکانەوە هەیە ئەگەر لە دەسەڵاتیشدا نەبن. ئەوان ترسیان لە هەڵکشانی ئیسلامگەرایی هەیە بەرەو ئەوروپا، بەتایبەتی کە دەبینن ژمارەیەکی زۆری مسوڵمانان لە بەریتانیا و فەرەنسا هەن و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەکەیان هەیە، بۆیە پێیان باشە و خوازیارن کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جەنگ و ململانێکان بەردەوام بن.
پێشتر لە رابردوودا، جالیەی عەرەبی و مسوڵمانان لە ئەوروپا هاوپشتیی زۆرییان بۆ فەلەستین و لوبنان دەردەبڕی و دەهاتنە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانیان دەکرد، بەڵام لە یەک ساڵی رابردووی جەنگی غەززەدا، لە چەند گردبوونەوەیەکی کەم زیاتر خۆپیشاندانێکی سەرتاسەریی ئەوروپیمان نەدیت.

گەرمکردنی بازاڕی چەک
ئەڵمانیا زۆرترین چەک دەداتە ئیسرائیل، عەرەبیش لە ئەمریکا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی دەکڕێت، هەمووشی لەم ناوچەیە بەکاردەهێندرێت، ئەوان خۆیان هەموویان هاوکاریی ئیسرائیل دەکەن، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش هەڵپەیانە بۆ کڕینی چەکی مۆدێڕن.
تورکیا کێشەی وای نییە پێویستیی بەوە بێت چەکی قورس بکڕێت، ئەوەی هەیەتی لەناوخۆیدایە و لەگەڵ کوردە کە خاوەنی چەکی پێشکەوتوو نین تا ئەو پێویستی بە زیاتر هەبێت کەچی بەردەوام لەگەڵ ئەو بارە ئابوورییە سەختەی هەیانە، هەر چەکی مۆدێڕن دەکڕن.
ئێستا گەرمترینی ئەو جەنگ و شەڕانە لە ناوچەکەدا لە غەززە و لوبنان و یەمەن، بەدوایدا سوریا و عیراقن، بۆ ئەمەش هەر بارووت و مووشەک و بۆمب و درۆنە کە تێچووەکەیان ملیاران دۆلارە و زۆربەیان لە ئەمریکا و ئەوروپا دەکڕدرێت، رەنگە تەنها ئێران بێت کە جگە لە دەستکردی خۆی لە روسیا و چینش بکڕێت، کەواتە ئەگەر ئەم کێشانە نەبن، ئەم چەکفرۆشتنە کە بەشێکی گەورەی بازرگانیی ئەو وڵاتانەیە، لە کوێ بخرێتە گەڕ؟

رژێمەکان لەناو دەبات و کۆمەڵگەش لێکدەترازێنێ
ئەمریکا هەروایکردووە، سزای رژێمەکان نادات بەتەنها، بەڵکو سزای کۆمەڵگەکەش دەدات، سەدامی لەناوبرد، بەڵام تا ئێستاش کە 20 ساڵ زیاترە، عیراق لەسەرپێی خۆی نەوەستاوەتەوە و ماوەیەکی زۆریش خۆی حکومڕانیی تێدا کرد لە کاتی برێمەردا، بەهۆی سیاسەتی توندوتیژیی ئەمریکییەکانەوە بوو لە زیندانەکان، سەدانی وەک ئەبوبەکر بەغدای دوای ئازادکردنیان، کەوتنە نواندنی تووندوتیژی و بوونە تیرۆریست.
عومەر بەشیری سودان، فەرمانی نێودەوڵەتیی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو، کۆنە دۆستی بنلادن بوو، کەچی کە کۆدەتای بەسەردا کرا و گیرا، لەوکاتەوە ناوخۆی سودان ئارامیی بە خۆیەوە نەدیوە، چونکە ئەمریکییەکان دەیانزانی سەدان ئەفسەری پلە باڵای بەشیرئاسا لەوێ ماون و ئەگەر بهێڵن پشوو بدەن، ئەوا دەبنەوە مووی لووت بۆ ئەمریکا، هەر بۆیەش ئێستا لە جەنگی ناوخۆدان. 
هەرچی میسریشە کە دراوسێیەتی، پێیخۆشە سودان لە شەڕی ناوخۆییدا بێت و سەری نەپەرژێتە سەر بەنداوی نەهزە کە کێشەی نێوانیانە.

ئەوروپای شێواو بەهۆی جەنگەوە
ئەوەی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا دەگوزەرێت، کێشەی ئەم دوو وڵاتە نییە بە تەنها، بەڵکو کێشەی روسیایە لەگەڵ ناتۆ و ئەوروپا (بەسەرپەرشتیی ئەمریکا)، ئەوانن بە ملیارەها دۆلار دەدەنە ئوکرانیا تا مەکینەی جەنگەکەی پێ گەرم بکەن، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندییانە.
سەرنج بدەن هیچ جەنگێک لە ئەمریکاوە نزیک نییە، بەڵام لەسەر سنووری دوژمنە دێرینەکەی کە روسیا و چین و ئێرانە، بەهۆی جەنگ لە ئەفغانستان و ئۆکرانیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، ئەمە بۆ ئەوان ستراتیژی دەستبەسەرداگرتنی جیهانە.
ئەمریکای داهاتوو، ئەگەر خۆی لەم جەنگانە دەرباز نەکات و سەرقاڵیان بێت، ئەوا چین لە هەڵکشانە زانستیی و تەکنۆلۆجیاکەیدا بەردەوامە و خێراتر هەیمەنەی خۆی بەسەر جیهاندا دەسەپێنێت، چونکە ئەمیان خۆی خەریک ناکات بەو جەنگانەوە، لەمەشدا ئەمریکا و ئەوروپا زیانی گەورە بە پێگە جیهانییەکەیان دەکەوێت. 
ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی و چەندین سیاستمەداریش لەسەر ئاستی جیهان هیوایان پێیەتی.
ئەردۆغان چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکات لەگەڵی بچێتە دانوستانەوە تا سوپای ئەمریکا سوریا جێبهێڵێت و هەڵوێستی بەرامبەر کورد یەکلایی بکاتەوە.
حکومەتی سودان داوای لێدەکات هەنگاوی جددی بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ.
ناتەنیاهۆ چاوڕوانی هاوکاریی بەپەلە و پلانی یەکلاکەرەوە لەبەرژەوەندی ئیسرائیلی لێدەکات.
ئۆکرانیا پێی وایە شکاندنی سوپای روسیا لەسەر دەستی ترەمپ و ئەم خولی سەرۆکایەتییە دێتەدی.
سعودیەش چاوی لەوەیە کە ترەمپ دوژمنی سەرسەختی ئێرانە، ئەمەش بۆ ئەوان باشە.
عیراقیش منجە منجی ئەوەیەتی کە ئەمریکا خاکەکەی نەکاتە جێی یەکلاکردنەوەی ملمانێ ئیقلیمییەکان. ئیتر دەبێت بپرسین، ئایا ترەمپ کە لە پێداگرییەکی ناسیاسییانەوە خۆی کاندیدکردەوە و دەرچووە، دەتوانێت رووبەڕووی ئەم هەموو کێشە ئاڵۆزانە ببێتەوە؟ یان ئاڵۆزتریان دەکات و بەرەو جەنگێکی ئیقلیمی یان جیهانییان دەبات؟


زیاتر لە 70 ساڵە کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بەبێ چارەسەر ماوە و سەدان هەزار کەس بوونەتە قوربانی

وتارەکانی نوسەر