هیوا محەمەد
گەورەی خێزانەکان، سەرۆکی تیرە و هۆزەکان، موختاری دێیەک، دەزانێت ژمارەی ماڵەکان و کەسەکان و خێزانەکان چەندن، زۆرجار دەبیستین گەورەی گوندێک، دەڵێت کە گوندەکەیان پێکهاتووە لەوەندە ماڵ و ئەوەندە کەس و ئەوەندە دۆنم زەوی بۆ کشتوکاڵ، لێرەشەوە دەزانێت کە ساڵانە چەند تەن بەروبوومیان هەیە لە گەنم و جۆ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی تر، ئەمە هەرچەندە سەرژمێریی نییە، بەڵام ئەزموونی بەدواداچوون و بەردەوامیی پڕۆسەی ساڵانی رابردووە وایکردووە کە زانیارییەکانی دروست بن.
زۆرێک لە تاکی کورد ئەم وڵاتەیان جێهێشتووە، پێویستە خزم و کەسەکانیان ناوەکانیان تۆمار بکەن، ئەگەر وانەکەن لە داهاتوودا کێشەی تۆمارکردنیان بۆ دروست دەبێت و کاردەکاتە سەر هاووڵاتی بوونیان لەم وڵاتەدا
سیستمی بەڕێوەبردن لەڕێگەی سەرژمێرییەوە
وڵات سیستمی بەڕێوەبردنی دەوێت، بۆ ئەمە دەبێت بزانێت کە لە وڵاتەکەدا چەند کەس دەژی و چەندیان نێرە و چەندیان مێینەن، دوای ئەمە تەمەنەکان، لەوانەش خانەنشینکراوان، دەبێت بزانرێت لەو وڵاتەدا چەند کەس نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە؟ نەخۆشییەکانیش چین؟
رێژەی بێکاری، نابینا و خاوەن پێداویستیی تایبەتی تر، ژمارەی پیشەوەرەکان و جۆرەکانیان، هەموو ئەمانە دەبنە زانیاری و بۆ هەرکەسێک کە لە بواری کارەکەی خۆیدا پێویستیی پێی بێت، دەتوانێت لە ماڵپەڕی وەزارەتی پەیوەندیداردا دەریانبهێنێت بۆ کارێکی رۆژنامەوانی، توێژینەوەیەکی زانستی، یان هەر مەبەستێکی تر سوودیان لێوەرگرێت. لە هەمووی گرنگتر بۆ وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان گرنگە کە نەخشەڕێی ئابووریی ساڵانە دادەنێن و بودجە و داهات دابەش دەکەن.
لە وڵاتێکی وەکو سوید، رۆژانە دەزانن کە ژمارەیان چەندە زیادی کردووە، هەر ئەوەندەی کە لە ناوەندەکانی لەدایکبوون، تۆمارەکان دەچنە سیستمەوە، ئیتر جێگیر دەبێت و زانیارییە سەرەتاییەکان لە بارەی منداڵەکەوە دەنووسرێن، رەگەزی منداڵەکە، کێشی، درێژیی، نیشانەکانی، گروپی خوێنی، نەخۆشی و سەلامەتی، هەمووی دەبێتە بناغەی زانیاری ئەو کەسە.
لە هۆڵەندا دەزانن چەند دۆنم زەویی بە گوڵ چیندراویان هەیە و چەندەش شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ، تەنانەت ژمارەی ئەو مانگایانەی لە شوێنی بەخێوکردندان.
هەموو ئەوانە و زۆری تر، بۆ تاکی هەر وڵاتێک دەبێتە شانازی نەک هەر کارئاسانی، بەتایبەتی لە بواری خوێندندا بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن بە سوود دەبن، بەڵام لە وڵاتی ئێمە بە هۆکاری فرەنەتەوەیی و فرە مەزهەبی و ئایینی، کاتێک دەچینە بەردەم پڕۆسەی سەرژمێریی وەک ئەوەی ئێستا دەکرێت، خێرا چاوەکانی تاکەکانی ئەم وڵاتە دەچێتە سەر ئەوەی ئایا کام نەتەوە ژمارەی زیاد دەکات و کامەش کەم دەکات، چونکە ئێمە لەسەردەمێکداین، سیستمی دیموکراسیی تێیدا پیادە دەکرێت و سندوقی دەنگدان یەکلاکەرەوە دەبن، ئیتر لەبەر ئەمە هەر نەتەوەیەک پێی باشە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زۆرتر بێت لەوەی بەرامبەر، تا ئەگەر رۆژێک لەسەر شارێک ناوچەیەک، کێشە دروست بوو، پێویست بوو راپرسی بۆ بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی، ئەوەی کە ئامانجییەتی بیباتەوە، پێی بگات.
کێشەی کورد لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان
کورد شان بە شانی عەرەب نەتەوەی سەرەکییە لە عیراقدا، بەڵام هەندێک شار و شارۆچکە و پانتایی کە دەکرێت لە رێگەی دانیشتوانەکەیەوە کوردبوونی بسەلمێنیرێت، لامان گرنگە کە لە رێگەی ئەم سەرژمێرییەوە بگەین بەو ئامانجە و بە کورد بوونیان بناسرێن.
ئەمەش تەنها هەڵوێستی تاکی کوردی دەوێت کە بگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی لە رۆژانی سەرژمێرییدا و خۆی لەو شوێنە تۆمار بکات و زانیاری دروست بدات لەوەی کە پەیوەستە بە نەتەوەکەیەوە، چونکە لانی کەم لە 10 ساڵی ئایندەدا تا سەرژمێرییەکی تر کار بەو ئەنجامە دەکرێت.
بەشە زانستییەکە بۆ هەموان وەک یەک گرنگە، بەڵام بۆ نموونە شانازیشە کە شارێک ناوزەد بکرێت بەوەی کەمترین رێژەی بێکاری تێدایە، یان زۆرترین سەوزایی تێدایە، یان زۆرترین خوێندەواری تێدایە، ئەم لایەنە باشانەش وەک شانازیی پێوەکردن دەگەڕێتەوە بۆ تاکەکانی ئەو شارە، کەواتە ئامادەبوونمان بۆ پێدانی هەموو زانیارییە دروستەکان بە تیمەکانی سەرژمێری، بەشداریی کردنمانە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بۆ داهاتوو، لە گەڵیشیدا سەلماندنی خۆمانە وەک کورد لەم وڵاتەدا، بەتایبەتی زۆرێک لە تاکی کورد ئەم وڵاتەیان جێهێشتووە، پێویستە خزم و کەسەکانیان ناوەکانیان تۆمار بکەن، ئەگەر وانەکەن لە داهاتوودا کێشەی تۆمارکردنیان بۆ دروست دەبێت و کاردەکاتە سەر هاووڵاتی بوونیان لەم وڵاتەدا.
عیراقییەکان لە چاوەڕوانیی سەرژمێریی گشتیدا