سەردانی سودانی و کەشی دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەت

10:07 - 2024-11-12
هیوا محەمەد
546 خوێندراوەتەوە

زمان و گوتاری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەجۆرێک بوو کە پێشتر لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لەوجۆرە بەکارنەهاتبوو، هەر ئەمەش وایکرد کە زۆرێک وابیربکەنەوە کە ئیتر لەدوای هەڵبژاردن، یەکێتی لەگەڵ پارتی ناچنە دانوستانەوە، چونکە کار گەیشتۆتە لووتکەی ناکۆکی و ململانێکردن.
هاریس و ترەمپ یەکتریان تاوانبار کرد بە گەندەڵی و تێکدەر و شێوێنەر، بەڵام کە ترەمپ بردییەوە هەریەک لە بایدن و هاریس نەیان هێشت 24 سەعات تێپەڕێت، پیرۆزباییان لێکرد، تەنانەت بایدن وتی ئامادەم بەشێوەیەکی ئاشتیانە سەرۆکایەتی تەسلیم بکەم.
لەدوای 20ی ئۆکتۆبەرەوە کە دەکاتە زیاتر لە 20 رۆژ و راگەیاندنی دوا ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراقی فیدراڵییەوە، تا ئەمڕۆ لە هەرێم هیچ حزبێکی براوە بروسکەی پیرۆزبایی بۆ ئەوی تر نەناردووە، بەڵام سەرۆک بافڵ ناڕاستەوخۆ لە دیداری مێرییەوە ئامادەیی دەربڕی بۆ چوونە ناو دانوستان لەگەڵ هەموان بێ جیاوازی بە پارتی و نەوەی نوێشەوە، وتیشی ئەمە ئەنجامی هەڵبژاردنە و ئەوان کورسییان بەدەستهێناوە، بۆیە دەبێت پەسەندیان بکەین.
سەرۆک وەزیرانی عیراق محەمەد شیاع سودانی بە هیوایە سەردانی هەرێم بکات بە مەبەستی چالاککردنی دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، دیارە پێشتریش هەر ئەو بۆ دواجار ئەندامانی ئەنجومەنی کەرکوکی بانگ کرد و لە کۆشکی کاری خۆیدا، دوا بڕیاری دانانی پارێزگار و دەستبەکاربوونی ئەنجومەنەکە درا.
ئەمەش زیاتر بۆ ی.ن.ک دەستکەوت بوو، چونکە زۆرینەی یەکەم بوو لە ئەنجومەنی پارێزگاکە.
هەرچی پ.د.ک بوو ناڕازی بوو، بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیەشی نەکرد و بەدواشیدا چەندین ناڕەزاییان دەربڕی و کار گەیشتە سکاڵاکردن لای دادگای فیدراڵیش.
سودانی دێتە هەولێر، یەکێتی و پارتی هیچیان بەتەنها ناتوانن لەگەڵ ئەوانی دیکە حکومەت پێکبهێنن، ئەمە واقیعێکە و لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمدا دەبیندرێت، بۆیە ئەو بەئاسانی ناتوانێت بە سەردانێک کێشەکان یەکلایی بکاتەوە، لە کاتێکدا کە وڵاتانی ئیقلیمییش بەتایبەتی تورکیا، هێڵی سووری لە بەرژەوەندیی پارتی( باشترین دۆستی لە ناوچەکە) پێیە و ناشکرێت سودانی پشتگوێی بخات، چونکە لە سەردانیدا بۆ ئەنقەرە پێشوەختە باسی ئەمەی لەگەڵ کراوە.
لەڕاستیدا دەبوو پێویستمان بە کەس نەبێت بکەوێتە نێوانمانەوە وەک حزبەکان لە هەرێم یان راشکاوانەتر بڵێین وەک یەکێتی و پارتی، لانیکەم خۆمان دوو بۆ سێ خولی دانوستانمان تێپەڕاندبایە و دواتر ئەگەر پێویستیی بە ناوبژی بوایە، ئەوکات سودانی بکەوتبایەتە نێوانمان، بەڵام هاتنی ئەو پێش دەستپێکی دانوستانەکان، بەمانای ئەوە دێت کە ئەو باسی ئەو دەستە دەرەکییە و مەرجەکانی دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە راستیی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە تورکیا رازی نابێت نە سەرۆکی هەرێم نە سەرۆکی حکومەت بدرێتە یەکێتی، چونکە دەزانێت هەڵوێستی یەکێتی بەرامبەر بەکێشەکانی ناوچەکە چییە؟ 
لەبەرامبەردا یەکێتی زۆرێک لەمەرجەکانی خۆی دەخاتە پێش و پاشگەز نابێتەوە لێی کە لەسەروویانەوە نایەوێت لە حکومەتێکی تاکڕەوییدا بەشدار بێت و رۆڵی بەرچاوی نەبێت.
ئێستا سودانی بەسەر ئەم دانوستانەدا دێت کە رەنگە وەک نارنجۆکێک بە راکێشانی ئەڵقەکەی و دەستلێبەردانی بتەقێتەوە، ئەوان باش دەزانن کە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە قورسە، رەنگە ئەنجامی وای لێبکەوێتەوە کە چاوەڕوان نەکراو بێت، جارێ دانوستانەکان دەستیان پێنەکردووە و گەرمی و مکوڕیی لایەنەکان دەرەنەکەوتووە تا چەندە و کێ چی بەدەستدێنێت؟ بەڵام ئەوەی ئاشکرایە یەکێتی بە ویست و حەزی پارتی ناچێتە دانوستانێکەوە کە ئەوان لە رێگەی هەندێک کەسی  نابەرپرسەوە رایدەگەیەنن لەبارەی سازشنەکردنیان لەهەردوو پۆستی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بۆ هەمان کاراکتەری پێشوو.

وتارەکانی نوسەر