خۆمانە و خێزانیی

توندوتیژیی لە دنیای واقیعەوە بۆ دنیای گریمانەکراو

10:04 - 2024-11-25
رۆزا دڵشاد مەریوانی
24 خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی


(28)


توندوتیژی ئەلیکترۆنی مەترسییە بۆ سەر ژنان و کچان و پێویستی بە چارەسەری سەردەمییانە هەیە، وەک هەموارکردنی یاسای تایبەت بە سزادانی تاوانبارانی پشت شاشەکان

 

هەڕەشەلێکردن و گێچەڵپێکردن ساڵانێکە لە فۆرمێکی نوێدا دەرکەوتووە و پێیدەوترێت توندوتیژیی ئەلیکترۆنی و بە تایبەتی رووبەڕووی کچان دەبێتەوە و تووشی چەندین کێشەی خێزانییان دەکات. گواستنەوەی ئەو جۆرە توندوتیژییە بۆ دنیای گریمانەکراو، مەترسییەکی گەورەیە، چونکە تێیدا تاوانبار نادیارە.
گێچەڵپێکردنی ئەلیکترۆنی زیاتر رەگەزی مێ دووچاری دەبێت، تاوانبار بەتایبەتی کچی گەنج و هەرزەکار کە ئەزموونیان لە ژیاندا کەمە دەکەنە ئامانج و بە ئاسانی دەکەونە داوی ئەو جۆرە کەسانەوە. هەروەها مەترسییەکەی ئەوەیە زۆرجار تاوانبار بەرامبەرەکەی ناچار دەکات زیاتر تێوەبگلێت و هەڕەشەی لێدەکات بە بڵاوکردنەوەی وێنە و بابەتی تایبەتی و وایلێدێت بچێتە چوارچێوەی گێچەڵپێکردنی سێکسی و دەستدرێژییەوە، بە هۆی ئەوەی لەترسی ئابڕووچوون تاوانبارەکە هەرچییەکی لێ داوابکات دەیکات. رەنگە بوترێت کچێک بگاتە ئەو حاڵەتە شایەنی ئەوەیە ئابڕووی بچێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە بیرکردنەوەیەکی تەسک و دواکەوتووە، چونکە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نازانرێت تاوانبار چۆن ئەو زانیارییە کەسییانەی دەستکەوتووە و لەم سەردەمەدا زۆر فێڵی ئەلیکترۆنی هەیە دەکرێت ئەو کچە بێ تاوان تووشی ئەو کێشەیە بووبێت. پاشان لە ترساندا ملکەچی داواکاریی تاوانبارەکە ببێت، هاوکات بە رای من ئەگەر کچێک ئەو هەڵەیەشی کرد و بە دەستی خۆی ئەو بابەتانەی بۆ پیاوێک نارد، ناکرێت بەهۆی هەڵەیەکەوە هەموو ژیانی وێران ببێت و دووبارە کۆمەڵگە سزای بداتەوە، لە روانگەی ئەوەی هەموو مرۆڤێک دەکرێت هەڵەی لەو جۆرە بکات و هەموو مرۆڤێکیش شایەنی چانسێکی دیکەیە. 
توندوتیژیی ئەلیکترۆنی مەترسییە بۆ سەر ژنان و کچان و پێویستی بە دۆزینەوەی چارەسەری سەردەمییانە هەیە، وەک هەموارکردنی یاسای تایبەت بە سزادانی تاوانبارانی پشت شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکان، جگە لە هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە هەردوو رەگەز، بۆ وریابوون لەبارەی ئەو تاوانانەوە و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی، کاتێکیش مۆبایل دەدەیتە دەست کچە هەرزەکارەکەت دەبێت لەو جۆرە مەسەلانە وریای بکەیتەوە، هاوکات هاوڕێیەکی باشی بیت تا لەکاتی روودانی کێشەیەکی لەو جۆرەدا بێدەنگ نەبێت و خێزانەکان پەنا بۆ یاسا و پۆلیس ببەن، تا تاوانبار بە سزای خۆی بگات، چونکە لەم کۆمەڵگەیانەی وەک کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆرجار شکاتکەر دیار نییە یان لە نیوەی داواکەدا لە ترسی ئابڕووچوون دەکشێتەوە. دواجار یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک و دەرخستنی تاوانێک قسەکردنە لەبارەیەوە. 

وتارەکانی نوسەر