كـهژاڵ ئهحمهد
ساڵانێک لە تەمەنم پێیەکم لە دنیای زیندووان و پێیەکەی دیم لە جیهانی مردوواندا بووە، تەنانەت یەکەم شیعرم لە ناوەڕاستی هەشتاکان لەسەر گۆڕی شەهید کاکەبرا لە گوندێکی نزیک بەرزنجە، خوێندۆتەوە. کاکەبرا فەرماندەیەکی ئازای تیپی شارباژێڕ بوو لە کاتی هەڵگرتنەوەی میندا لە پێناوی سەلامەتیی خەڵکی گوندەکەیاندا گیانی بەخت کرد. رێکەوت وابوو یەکەم کاریشم لە راگەیاندندا لە ساڵی 1991 واتە لەگەڵ راپەڕیندا لە رادیۆی سلێمانی بێت و یەکەم بەرنامەم، پێشکەش کردنی کاروانی شەهیدان بوو، کە ژیاننامەی شەهیدەکان و هەندێجار شیعر و نامە بەجێماوەکانیانم بە دەنگێکی تواوە لە خەمدا دەخوێندەوە. هۆکاری دڵگەرمیم شەهید بوونی هاوڕێ و ژمارەیەک لە خزمەکانم و هەموو ئەوانەبوو کە لە رێی خەباتی سەخت و دووردا شەهید بوون و نەگەیشتنە مەنزڵی ئازادی و ماڵی خەون و هیواکانیان. لە هەموو ئەزموونەکانمدا لەگەڵ ئەوانەی جارهەبووە لەبەرچاوم شەهیدبوون، گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی مەرگ دێت و کەسەکان دەبات، بەڵام یاد و یادگارییان بە زیندوویی دەهێڵێتەوە بە تایبەتی قارەمان و لەخۆبووردووەکان، ئەوانەی وەک قەقنەس بۆ عەشقی باوەڕ و خەڵک و خاکەکەیان دەمرن. کەواتە مردن لەناوبردنی بایۆلۆجیی مرۆڤەکانە، بەڵام چیرۆکەکانیان بۆ چەندین ساڵ و سەدە لە دڵ و یادەوەرییدا دەمێننەوە. مامە ریشە نمونەیەکی هەمیشە نەمری، ئازایەتی و لەخۆبووردووییە، خۆی دەڕوات و یادەوەرییەکانی رازیی نابن بڕۆن. نموونەکان لە ژماردن نایەن، ئەمەش مانای ئەوەیە مەرگ مرۆڤە گەوهەر و دانسقەکان بۆ خۆی دەبات و تەنیا یادکردنەوەی ئەوانمان پێ رەوا دەبینێت. ئەوەی وادەکات کەسەکان لەبیری ئەو کەسە مەزنانەدا نەبن کە ژیان و ئازادیی و ئەمڕۆیان لە خۆیان حەرامکرد و بەخشیان بە ئێمە، ئەو گۆڕانەیە کە بەهۆی پێشکەوتنە خێراکانەوە بەسەر ئەقڵی ئینساندا هاتووە، هەر ئەو گۆڕانە هزرییەیە وای کردووە، وەک ئەحلام مستەغانمی لە نووسینێکیدا دەڵێت: «وڵاتی جەزائیر کە ئەوسا بە وڵاتی ملیۆنێک شەهید ناسرابوو ئێستا پێی دەڵێن وڵاتەکەی شاب خالید خاوەنی گۆرانیی دی دی ئاخ دیدی کە جەزائیرییەکانیش لەمانای گۆرانییەکە تێناگەن». وادیارە وێڕای هاڕینی بەهاکان لەم سەردەمەدا، یادی شەهیدەکان بەهێزێکی نەرمی خۆڕسک وەک چیاکان و وەک رەگی دار بەڕووەکانی کوردستان بەقووڵی رۆچوونەتە ژیانمانەوە و هیچ مۆدێلیکی جیهانیی و ناوخۆیی جێگەیان پێ چۆڵ ناکات، پێشانگە هەمیشەییەکانی ئەمنە سوورەکە و پارکی ئازادیی ئێستا و حامییەی کۆن کە بەخوێنی شەهیدان ئاودراوە، قەڵای کەرکوک و قەڵاو و منارەی چۆلیی هەولێر و ئەڵوەنی خانەقین و شێروانەی کەلار و بەفری قەندیل و پەیکەری بەرخودان لە کۆبانێ و گەلێ شوێن و نزرگەی پیرۆزی دیکە شایەدی وەفاداریی کوردن بۆ ئەو یادگارییانەی مەرگی قارەمانانی مێژوو بۆیان بەجێ هێشتووین. وەک ئەوەی هەموو شوێن و شتەکان رۆحێکیان بە قووربان کرابێت، پەشێو وتەنی:
لەسەر گابەردی هەر شاخێ
لەسەر درەختی هەر باخێ
لەم وڵاتە، لەسەر هەر بستە زەمینێ
لەژێر هەر گەزە ئاسمانێ
مەترسە کەمێک سەر داخە و
تاجە گوڵینەکەت دانێ