هـێزی نه‌رم

ریکلامی نەشیاو بە نییەتی ژن مردن!

09:39 - 2024-11-11
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
633 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 




راگەیاندن لە شیکردنەوەی ماناو مەبەستەکەیدا بەواتای گەیاندنی بیروڕا و زانیاریی دێت بە خەڵک، ئەو کاتەی هۆیەکانی راگەیاندن پەرەیان سەند و تەلەفزیۆن پەیدابوو ئەرکی راگەیاندن خەسڵەتی دیکەی زیاد کرد کە چێژبەخشین و کات بەسەربردن بوو. لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و سەرهەڵدانی تۆڕەکانی پەیوەندی و بابەتەکانی سەرگەرمیی لە دنیای دیجیتاڵیدا، ئەمانە وایان کردووە لەم سەردەمدا ئامانجی راگەیاندن بکەوێتە بەردەم هەڕەشەیەکی جدییەوە، وایلێهاتووە هەندێجار بێ پرەنسیپی و کات بەسەربردن ببێتە مەبەست و خەمی یەکەمی هەندێ ناوەند و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا. یەکێ لەو بوارانەی فری و بێ سانسۆر یان کەم کۆنترۆڵ کراوانەیە لە میدیایی کوردیدا ریکلامە، رۆژانە رێکەوتی زۆرێک لەو جۆرە ریکلامانە دەکەین کە پەست و نیگەرانمان دەکەن، بەڵام ناشزانین روو لە کوێ بکەین بۆ چارەسەر کردنیان. لەم رۆژانەدا ڤیدیۆی ریکلامێکم بینی کە مەعرەزچییەک (ئەوەی مەعرەزی ئوتۆمبێلی هەیە)بەناوی کاک سەمیر، ریکلامی بۆ مەرزییەیەک دەکرد. کابرا دەیووت: «تا ئێستا 22 جار فرۆشتوومانە و ئەوپیاوەی کڕیویەتی ژنەکەی مردووە» کابرا لە درێژەی ریکلامەکەیدا دەڵێت«45 شەو جارێک بە 45گەڵا داومانە بە پیاوێک فەڕەیەک بە ژنەکەی لێدەدات و تەخت دەبێت، پیاو هەیە ئامادەیە شەش دەفتەر دۆلار بدات، 85 % ی پیاوان دەستخۆشییان لێ کردووین و 15 % ی ژنانیش گلەییان هەیە و دەڵێن ئۆتۆمبێلێکی وامان بۆ پەیدا بکەن کە پیاوەکانمان بمرێت!».
ئازیزان لە هیچ شوێنێکی جیهاندا ریکلام کردن بۆ مردن یان لەناوچوونی کەسانی دی رێگەپێدراو نییە و سوکایەتیی بە دامەزراوەی خێزان بەم شێوە بازاڕیی و دوور لە ویژدانە بێدەنگیی لێ ناکرێت. مانای چی ئەوەندە بێزاربیت لە هاوسەرەکەت حەزبکەی بمرێت خاوەن مەعرەزی سەیارەیەک بە شێوازی خوڕافی و جادووبازانە یارمەتیت بدات؟ ئەی ئەو پیاوانە بۆ لە ژنەکانیان جیانابنەوە یان ژنەکان بۆ داوای جیابوونەوە ناکەن؟ وای بۆ دەچم ئەو قسانەی کابرای مەعرەزی ئوتۆمبێل تەنیا ترش و خوێی قسە بێت بۆ ساغکردنەوەی ئوتۆمبێلەکانی، لەم حاڵەتەشدا رێگەپێدرا و نییە بانگەشەی مردنی خەڵک بکات کە لە ئاکامیشدا ئەم قسانەی بە هاندان بۆ کوشتن حساب دەکرێت. هیوادارم لایەنێک خۆی بکات بە خاوەنی میدیا بێ خاوەنەکان، بۆئەوەی ریکلامی خراپتر لەمەش نەیەنە بەر چاومان و مەزاجی کوردەواریمان تێکنەدەن.

وتارەکانی نوسەر