چەند رۆژێکە جوڵەیێکی دیپلوماسی و سەردانی شاندی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ لای یەکتر دەستی پێکردووە و ئامانجی سەرەکی لەو سەردان و جووڵە دیپلۆماسییە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومەتی هەرێمە .
وەلێ بە هەر پێودانگێك بێت، دانوستانی ئەمجارەی لایەنە براوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، دانوستانێكی جیاواز و درێژ خایەن دەبێت، چونکە لە هەلومەجێکی جیاواز و ئاڵوزدا ئەنجامدەدرێت، ئاڵوزی و جیاوازییەکانیش فرەچەشنن، کە دەبنە لەمپەڕ و بەربەست لە بەردەم چۆنییەتی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش.
دانوستانەکانیی جیاواز و درێژخایەن دەبن، چونکە:
ـ لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، یاسایەكی جیاواز، بانگەشەیەكی جیاواز، هەلومەرجێکی جیاواز، کۆمیسیۆنێکی جیاواز، کێشە و گرفتێکی تا رادەیێک جیاواز، ئەنجامێكی جیاواز، بۆیە بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی جیاوازیش پێویستی بە دانوستانێكی جیاواز و کاتێکی زیاتر دەبێت.
ـ دانوستانێكی جیاواز و تایبەت دەبێت، چونكە دانوستانێكی فرەلایەنە و تەنها لە نێوان دوو لایەنی سەرەكیدا ناكرێت. بەڵکو لە نێوان هەموو هێزە براوەکاندا دەکرێت، بۆ ئەوەی رای هەموو لایەنەکان لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی کابینەی نوێ روشن بێت و بشزانن كام لایەن ئامادەیە بەشداری بکات و کامە لایەنیش دەبێتە بەشێک لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن. ئەوەی تائێستا بەدی کراوە، بەشێک لەو هێزانە نەک ئامادەنین بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا بکەن، بەڵکو بریاریان داوە بایکۆتی پەرلەمانیش بکەن، لەبەر ئەوە دانوستانی فرەلایەن کاتێکی زیاتری گەرەکە .
ـ دانوستانێکی تایبەت و درێژخایەن دەبێت، چونكە ئەگەر تەنها لە نێوان، هەردوو لایەنی سەرەكی هەرێمیشدا بكرێت، ئەمجارە وەكو جارانی پێشوو تەنها لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان نابێت (لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە، ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان)، بەڵكو ناكۆكییەكی توند لە نێوان هەردوو لایەنی براوەی سەرەكیدا هەیە، لەسەر شێوازی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان، یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە لە رێی دانوستانەوە پێویستی بەکاتێکی زیاتر هەیە.
ـ دانوستانێكی تایبەت و جیاواز دەبێت، چونكە زۆرترینی ئەو لایەنانەی، كە كورسیان بەدەستهێناوە، ئەمجارە بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەڵدەبژێرن، نەك دەسەڵات، کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بچووکترین لایەنی سیاسی چاوی لەوەرگرتنی پشک و بەشداریکردن بوو لە حكومەتدا، بەڵام، لەم خولەدا هەر لایەنێك خاوەن ئەجێندای تایبەت بە خۆیەتی و ئەگەر بەرنامەیەكی هاوبەشیان نەبێت و نەتوانن یارمەتی هەردوو لایەنی ناكۆك و دەسەڵاتدار بدەن، یان گوشارێكی هاوبەش دروست بكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەڵام ئەمانە بەشێکی سەرەکی دەبن لە پەرلەمانی کوردستان و هەڵوێست و ئەجێندای تایبەتیان دەبێت، لەسەر ئەوەی پەرلەمانی ئەم خولە جیاوازی خۆی هەبێت و بتوانێت نەک هەر لەژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی جێبەجێکار دەرچێت، بەڵکو وەکو دامەزراوەیێکی گرنگ دەسەڵاتی خۆی بەکاربێنێت، ئەمەش پێویستی بە دانوستانێکی فرە لایەن هەیە.
ـ دانوستانێكی جیاواز دەبێت بۆ یەكێتی، چونكە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ ناخوازێ تەنها دانوستان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ پارتیدا بكات، بەڵكو بە پلەی یەكەم دەخوازێت، دانوستان لەسەر شێواز و چۆنییەتی راستکردنەوەی رێرەوی حكومڕانی و نەهێشتنی شوێنەواری هەڵە و جیاکاری و نادادییەکانی كابینەكانی رابردوو بەتایبەتی کابینەی نۆ بكات، بۆ ئەو مەبەستە لەم خولەی دانوستاندا، راشكاوانە تیشك دەخاتە سەر كەموكورتی و هەڵەكانی رابردوو، ئەو راستییەش بۆ شەقام و رای گشتی یەكێتی و پارتی دەدركێنێت، كە لە كابینەكانی پێشوودا یەکێتی شەریك نەبووە بەڵكو بە ناچاری و لەبەر بەرژەوەندیی گشتی بەشداری لە كابینەكانی پێشوودا کردووە. ئەمجارە پێویستە ببێتە شەریکێکی راستەقینەو بریارێکی راست لەسەر بناغەیەکی راستی بدات لەپێناو بەدیهێنانی کابینەیێکی خزمەتگوزار و دادپەروەر و جێبەجێکردنی دروشم، بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کە ئێستاش مکوڕ و رژدە لەسەرجێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە و بەبێ جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنانە، رەنگە دانوستان بۆ یەکێتی هیچ مانایەک نەبەخشێت و كارتێکی بەهێزی یەکێتی لەم دانوستانەدا، هەڵوێستێکی هاوبەشی ئەو لایەنانەیە کە نایانەوێ بەشداری لە کابینەی نوێدا بکەن، بەڵام هاوهەڵوێستن لەگەڵ یەکێتی لەسەر راستکردنەوەی رێرەوی حكومرانی لە هەرێم و ناڕازین لە شێوازی حكومرانی هەرێم.
ـ دانوستانەكە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانیش جیاواز دەبێت، چونكە یەك تاكە هێزی كوردستانی تائێستا، ئامادە نییە هەڤاڵبەندی لەگەڵ پارتی بكات و یەكەم جارە خۆی بە تەنیا لە گۆڕەپانەکەدا ببینێت و بەراورد لەگەڵ هێزەكانی دیكەی كوردستان، دەبێتە كەمینە لە پەرلەمانی هەرێم، بۆیە رەنگە بۆ پارتی ئاسان نەبێت بەم فۆرمە نوێیە بتوانێت، وەكو جاران بە تەنیا ئەسپی خۆی لە گۆرەپانی سیاسیدا تاو بدات و چۆن بیەوێ ئاوا شەن بكات. وەلێ تۆپەکە زیاتر لە ساحەی پارتیدا دەبێت و ئەگەر تێگەیشتنی هەبێت بۆ هەلومەرجی ئێستا و بەپێی ئەو هەلومەرجە دانوستان بکات، ئاراستەی هەنگاوەکانی دانوستان ئەرێنی دەبێت، بەڵام ئەگەر جددیەتی نیگەرانییەکانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەهەند وەرنەگرێت و کار بۆ نەهێشتنی ئەو نیگەرانییانە نەکات و هەنگاوی کردەیی لەو بوارەدا نەهاوێژێت. ئەو کاتە رەنگە تەونی دانوستانەکان بە گرێ بکەوێت و بۆ کردنەوەی ئەو گرێیەش، هانا ببرێتە بەر هەندێ بژاردەو سیناریۆی دیکە و ئەمەش دیسانەوە پێویستیی بە کاتێکی درێژخایەن دەبێت، لەبەر ئەوە دانوستانی فرەلایەن و ئاڵوز، پێویستی بە کاتێکی گونجاو، تیمێکی لێزان و بەئەزموون و هاوسەنگ، گیانێکی لێبوردە و پشۆدرێر، پلانێکی بابەتییانە، ژینگەیەکی سەقامگیری سیاسی، میدیایی هەیە، چونكە بە ئەزموون سەلماوە كە فاكتەكانی بەردەم دانوستانی ئاڵۆز پڕ ئاستەنگ و تەنگ و چەڵەمەن و ئەگەر دانوستانەکان بە ئاراستەی نەهێشتنی ئەو ئاستەنگ و تەنگ و چەڵەمانە نەبێت و هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی، بەرژەوەندیی گشتی نەخەنە سەرووی بەرژەوەندیی تایبەتەوە و هەوڵەکانیان لە پێناو گەیشتن نەبێت بە رێکەوتنێکی هاوبەش، ئەوکاتە دوخی هەرێم پێ دەنێتە قوناغێکی نوێوە، قوناغی خولانەوە لەناو بازنەیێکی داخراودا.
*ئەندامی سەرکردایەتی (ی.ن.ک)
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەوە دانووستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەکات