تەها سلێمان
لای هەمووان روونە کە لە پەلامارەکانی جینۆسایدی ئەنفالدا، دوو شوێن (سەربازگەی دوبز و قەڵای نووگرە سەلمان) کۆمەڵێکی زۆر ئەنفالکراوی لێمایەوە، لە سەربازگەی دوبز زیاتر ئافرەتی گەنج و مێردمناڵ و منداڵ و لە قەڵای نووگرە سەلمانیش زیاتر پیرو پەککەوتە لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ.
زۆربەی بۆچوون و بەدواداچوون و سەرچاوەکان؛ نزیکن لەو رایەی ئەوانەی (دوبز) لەو خەڵکە بوون کە بەردەوام لێیان گوێزراوەتەوە بۆ کۆمەڵکوژکردن و مانەوەی ئەو ژمارە خەڵکەش لەدوای بڕیاری لێبووردنی بەعس دێت، کە لەدوای بڕیارەکەوە ئەو خەڵکەی ماوەتەوە کۆمەڵکوژ نەکراون و ماونەتەوە و هەرچی ئەوانەی قەڵای نووگرەسەلمانە، هەر لە سەرەتای کۆکردنەوەی خەڵکەکە لە تۆپزاوا بە رێگەیەکی تاقەت پڕوکێن گوێزراونەتەوە و هێڵانەوەشیان لە شوێنێکی ئاوا (نووگرە سەلمان) ئامانج لێی، لەناوبردنیان بووە بە قۆناغ و ئازاری جەستەیی و دەروونی سەختدا؛ ئەمانیش دوای بەناو لێبووردنەکە ئەو ژمارەیەیان کە مابوونەوە، ئازاددەکرێن و دێنەوە کوردستان.
ئەم دوو کۆمەڵە خەڵکەی کە بە رێکەوت لە چنگی مەرگ و جینۆسایدی ئەنفال رزگاریان بوو، دوو کۆمەڵەی گرنگ و شایەتحاڵی زیندووی سەلماندنی تاوانەکەن، کە جێگای داخە لەدوای تاوانەکە و رزگاربوونیان لە ساڵی 1988 -ەوە بۆ ئێستا 2024، سەدانیان ماڵئاواییان لە ژیان کردووە، لەکاتێکدا لەناو ئەوانەدا تیاندا هەبوو چیرۆکی تاوانەکەی ئەوەندە بە پاراوی دەگێڕایەوە، هی ئەوە بوو بکرێتە شاکار و فیلمی سینەمایی گەورە بە ئامانجی ناساندنی تاوانەکە بە دنیای دەرەوە!
ئەوانەی لەم بوارە کارمان کردووە و خەممان بووە، هەندێک چیرۆک و بەسەرهاتمان پاراستووە، بەڵام ئەمە ناکاتە چارەکی حەقیقەتی ئەوەی لای ئەو دوو کۆمەڵە خەڵکە هەبووە و هەیە.
جارێک چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ رەوانشاد (قادر مستەفا) ناسراو بە (قاله پەموو) کرد، بەوردی و بەژمارە باسی ئەوەی کرد کە تەنیا خۆی لە نوگرە سەلمان تەرمی نزیکەی (400 بۆ 500) کەسی شۆردووە، کە هەموویان لە برسێتی و تینوێتی و لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانەی ناو قەڵاکەدا گیانیان لەدەستدەدا.
دەمەوێ بڵێم پاش زیاتر لە(36) ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو تاوانەدا و گیانلەدەستدانی سەدان کەس لەوانەی لەو دوو سەربازگەیە گەڕاونەتەوە، هێشتا زۆرێک لەوانە لەژیاندا ماون، جا بەشێک لەوانەی تەمەنیان 50 ساڵ بۆ سەرەوەیە و چ ئەوانەش کە خوار ئەو تەمەنەن گەنج بوون و چ ئەوانەی مێردمناڵ و منداڵ بوون.
بۆیە بیرۆکەیەکی گونجاوە؛ سەرژمێرییەکی ورد و زانستی بۆ هەردوو کۆمەڵەکە بکرێت و بەسێ شێوە یەکەمیان تەواوی زیندانیانی هەردوو کۆمەڵەکە و دووەمیان ئەوانەی لەوێ گیانیان لەدەستدا و سێیەمیان ئەوانەی گەڕاونەتەوە و لەکۆتایشدا رەگەز و تەمەن بەپێی پێوەرە زانستییەکان دیاری بکرێت.
کارێکی وا گرنگ و پڕبایەخ، خزمەتێکی کەم وێنە بە دۆسێی تاوانەکە و پاراستنی مێژووی زارەکی و شایەتحاڵە زیندووەکانی ناو تاوانەکە دەکات و رزگارکردنیشی لە فەوتان (ئەگەرچی بەشێکیمان لەدەست چووە) ئەرک و بەرپرسیارێتیمانە و ناکرێت لەوە زیاتر خەم ساردبین لەئاستیدا.
ناشتوانم بڕوا بەو پاساوە بکەم کە ئەمە کارێکی زەحمەتە، بۆ نموونە با هەر چوار سەنتەری تایبەت بە جێنۆساید لە هەردوو زانکۆی (چەرموو لە چەمچەماڵ و زانکۆی گەرمیان و زانکۆی هەڵەبجە و زانکۆی سلێمانی) دەستپێشخەرییەک بکەن و لەگەڵ زانکۆکانی هەولێر و دهۆک و سۆراندا پڕۆژەیەک بەشێوەیەکی زانستییانە ئەنجام بدەن، ئەوکات دەزانین بەهای نیشتمانی و نەتەوەیی کارەکە و گرنگییەکەی چەندە و چەندیش کاریگەرە و خزمەتی دۆسێی ناساندنی تاوانەکە دەکات بە دنیای دەرەوە.