ئەنفال و شەوکەتەکان

10:26 - 2024-12-19
تەها سلێمان
103 خوێندراوەتەوە

ئەم شەوکەتە بە بنەچە دانیشتووی ئاوایی گەرمکی ناو داویە بوون کە لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا، زیاتر لە (450) کەسی بێتاوانیان بێسەروشوێن کران

نابێتە فرەوێژی، ئەگەر بێژین هێشتا کەس (وەک خۆیان) لە ئازاری شەوکەت و شەوکەتەکانی بەردەم پەلاماری جینۆسایدی ئەنفال تێناگات؛  ئاخر ئەوان (شەوکەتەکان) هەریەکێکیان رۆمانێکی جەرگبڕی نەنووسراون و کەسیش تائێستا پڕکێشی یان توانای نووسینەوەیانی نییە و لەمەش داختر؛ رۆماننووس و چیرۆکنووسەکانی خۆمان وەک بێژی (عەیب) بۆیان، ناچنە سەر ئەم داخ و کەسەر و برینە گەورە و قەتماغە نەبەستووە!
جا بێمە سەر چیرۆکی شەوکەتێک؛ ئەم شەوکەتە بە بنەچە دانیشتووی ئاوایی گەرمکی ناو داویە بوون و قسە تێت، نابێت نەیکەیت، ئەم ئاوایی گەرمکە لە شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفالدا، سەرووی (450) کەسی بێتاوانی بێسەروشوێن کران، خێزان هەیە سەرپاک گەرمیانی وتەنی (قەرەچۆڵیان) بۆ دەرنەچووە و کوانووی خێزانەکانیان لەبنەوە سڕراوەتەوە.
خێزانەکەی شەوکەت (هاوسەر، کوڕ، کچ، کوڕەزا و کچەزا و بووک) 26  کەس بوون، (عەلی شەریف)ی هاوسەری دوای تاوانی جینۆسایدی ئەنفال کۆچی دوایی کرد و (شەوکەت)یش لە زیندانی نوگرەسەلمان لە لێواری مەرگ گەڕایەوە و جگە لە (لەیلێ)ی کچی، تەواوی تری ئەندامانی خێزانەکەی بێسەروشوێن کران!.
شەوکەتێک؛ حاڵی حازر لە ژوورێکدا (وێنەیەکی کوڕە گەورەکەی عوسمان)ی لە بەرامبەری هەڵواسیووە و ئێژێ (کوڕم وەو هەواوە ئەژیم خەوەرێکی ئەوانم بۆ بێرێ). لە شارۆچکەی رزگاری دەژی و کەریمی برازای بووەتە باوان بۆی و بەردەوام پێی ئێژێ (میمی چیت گەرەکە بۆت بکەم) و ئەویش ئێژێ (بەس لەشساغیتان).
رەنگە ناخۆشترین شت بۆ میمی (شەوکەت) دوای لەدەستدانی هاوسەر و منداڵەکانی و کوڕ و کچەزاکانی ئەوەبێت کە لەم قۆناغەدا پەیتا پەیتا هەواڵی لەدەستدانی دەستەخوشک و هاوتەمەنەکانیشی پێدەڵێن، پەسرێ  میمی (زەریف) و پێرێ میمی (شەمسە) و دوێنێ میمی (نیعمەت) و دووریش نییە بەیانی هەواڵی مەرگی دەستە خوشک و هاوڕێیەکی تری پێ بڵێن!.
داخی سەخت و گرانم؛ هەزاران شەوکەتمان لەدەستچوو، نەمانتوانی چیرۆکی برین و ئازارەکانیان تۆماربکەین و هەزاران شەوکەتی تریشمان لەم رێیەن، کەچی ئەوەندە بێدەربەستین و لە بەرپرسیارێتی داماڵراوین، نامانپەرژێتە سەریان و ناتوانین لە رێگەی دامەزراوەیەکی نیشتمانییەوە، یادەوەرییەکانیان کۆبکەینەوە و لە فەوتان بیانپارێزین!.

وتارەکانی نوسەر