سودانی، بە راشكاوی و بێ موجامەلە

09:43 - 2024-12-05
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
112 خوێندراوەتەوە

هەوڵدان بۆ بەستنی پەیوەندییەكی گەرم و دۆستانە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراقدا، لەلایەن دەزگا رەسمییەكانی هەرێمەوە بێت، یان هەر پارت و رێكخراوێكی سیاسیی كوردییەوە، جێی دەستخۆشییە، بە دیاریكراویش ئەگەر بە ئامانجی چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێم بێت. سودانی خۆیشی، بە حوكمی پێگە دەوڵەتییەكەی، دڵخوازی ئەو جۆرە پەیوەندییانەیەو بۆ مسداقییەتی نیشتمانی و بێلایەن بوونیشی باشە، ئەمما ئەگەر لەو پەیوەندییانەدا لایەنی كوردی گرەوەكەی لەسەر ئەوە بێت كە جەنابی سودانی چاوپۆشی لە لادان یان پابەندنەبوون بە یاساو رێساكانی دەوڵەت بكات بۆ ئێمە، ئەوا گرەوێكی بێ ئەنجامە، ئەمە نەك لەبەر ئەوەی سەرۆك وەزیران قابیل بە هاوسۆزی نەبێت لەگەڵ ئەو دۆسێیانەدا كە چارەسەركردنیان بۆ هەرێمی كوردستان گرنگ و ژیانین لەبابەت دۆسێی مووچەی مووچەخۆران، بەڵكو لەبەر ئەوەی ئەو بەڕێزە لە ژێر كاریگەریی چاودێرییەكانی دەسەڵاتی یاساداناندا بێت كە ئەنجومەنی نوێنەرانە، یان هەڵای میدیای عیراقی، یان ئارگیۆمێنتی تەكنۆكراتییانەی وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكومەت، ناتوانێت هەتاسەر، پشت بە پێگەو دەسەڵاتی خۆی ببەستێت و نەكەوێتە ژێر لێپرسینەوەو بەدواداچوونەوە. 
  ئێمە ناڵێین عیراق تەواو دەوڵەتی دامەزراوەكانە، بەڵام تێدەگەین كە بەهۆی ململانێ سیاسییەكانیشەوە بێت، هێزەكان تیایدا یەكێك لەو رێوشوێنانەی كە پەنای بۆ دەبەن بۆ جۆشدانی ململانێ و بۆربۆڕێنی حزبی، دامەزراوەكانە، لەناویاندا پەرلەمان كە بێگومان زۆربەی پەرلەمانتاران تیایدا بەپێی ستراتیژی فراكسیۆن و لەوەش گەورەتر پارتە سیاسییەكانیان هەڵوێست وەردەگرن، بۆیە هیچ بەلامانەوە سەیر نەبوو كە دوێنێ سەرۆك وەزیران، لە وەڵامی بەدواداچوونەكانی فراكسیۆنی یەكێتیدا بۆ هۆكاری نەناردنی تەواوی مووچە، راشكاوانە، ئاماژە بەوە بكات كە پەیوەندیی بە جبەجێنەکردنى ماددەکانى بودجە و رادەستنەکردنى داهاتەوە هەیە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە.
 هەرێمی كوردستانیش، كێیە؟ بە شێوەی رەسمی و بەپلەی باڵا، گوزارشتە لە حكومەتی هەرێم كە بەرزترین دەسەڵاتی راپەڕاندنە لە وڵاتدا، ئەو دەسەڵاتەش بەبێ پرس و بڕیارو رەزامەندیی سەرۆك وەزیرانی هەرێم هەڵناسوڕێت، كەواتە بە رۆژی نیوەڕۆ دیارە كە هۆكاری دواكەوتنی مووچە چییەو كێیش لێی بەرپرسە، هەر لەبەر ئەوەش بواری مانۆڕی تر نەماوە، راستتر وایە بەرپرسیارێتی هەڵبگیرێت و كورتهێنانی مووچە چارەسەر بكرێت و بە هەر نرخێك بێت، بە زووترین كات مووچەیەك دابەش بكرێت.  

 ‌‌[email protected]


وتارەکانی نوسەر