ئاماژەكانی گۆڕەپانی سوریا، سەبارەت بە فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە لە قۆناغی دوای ئەسەد، بە گشتی بریتین لەوەی ئەو فەرمانڕەواییە، بەچی وڵات رێكدەخاتەوە؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ ناكۆكی و جیاوازییە سیاسی و نەژادی و تائیفییەكانی ناو سوریا دەكات، رەفتاریشی بەرامبەر بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن دەبێت؟.
لەم بارەیەوە، جموجوڵی دیبلۆماسی، سەردانی مەیدانی، پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاودێریی موخابەراتی، ئاڵوگۆڕی بیروڕای سیاسی، پەیام ناردن، بیرخستنەوەی مەترسیی و ئاڵەنگارییەكان، هەندێجاریش ناڕاستەوخۆ هەڕەشەكردن، تەنانەت رێنومایی و ئامۆژگاریكردنیش هەن!. لەم دۆسێیەدا، هەمووان تێدەگەن ئەوەی كە گرەوی لەسەرە دەوڵەتی سوریا بنیادبنێتەوە، پاشخانی دەوڵەتدارێتیی نییە، لەوەش خراپتر، نە لە ئەنجوومەنی ئاسایش، نە لای ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا، تەنانەت لای توركیا خۆیشی، كە بەهێزترین پاڵپشتی تەحریری شام و ئەمیرەكەیەتی، لە لیستی تیرۆردا دەرنەهێنراوە.
ئەگەرچی جۆلانی سەرەتایەكی جیاوازی لەگوتارو رەفتاری سیاسی دەستپێكردووەو لە كاراكتەرێكی ئایدیۆلۆژیستیی پەڕگیری ئاینییەوە دەیەوێت وەك پیاوی دەوڵەتمەدار دەربكەوێت و پێكهاتەكانی سوریا لەوە دڵنیا بكاتەوە كە هەموو لایەكیان رێزلێگیراو دەبن، بەڵام رۆژ بە رۆژیش، لە دەرەوەی پەیام و مژدەكان، دەستوپەنجە لەگەڵ واقعێكی زۆر ئاڵۆزو پڕ لە ئاڵەنگاریدا نەرم دەكات كە هەندێجار تا رادەی متمانەنەكردن بە دەوڵەتی توركیاش دەڕوات!، بەتایبەتی كە هاكان فیدان-ی وەزیری دەرەوەی توركیا لە سەردانەكەیدا بۆ دیمەشق و بەدەم قاوەخواردنەوە راشكاوانە پێی وتووە كە بەو زووانە ناتوانن لە لیستی تیرۆری توركیا دەریان بهێنن، لەمەشدا فیدان وەك لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی فەرەنس 24دا رایگەیاندووە، پاساوەكەی ئەوەیە كە ئەوانیش وەك توركیا پابەندی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین، بۆیە لای ئەوانیش تەحریر شام لە لیستی تیرۆردا ماوەتەوە!.
ئەو دۆخەی تەحریر شام، بەو مانایە نییە كە دەسەڵاتداری نوێی دیمەشق بێ پەنا بێت، نا. وەزیری دەرەوەی توركیا لە سێ هەفتەی رابردوودا بەچڕی لەسەر دوو پرسی ستراتیژی كاردەكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ هاندەدات، یەكەمیان كۆكردنەوەی پاڵپشتی بۆ شەرعییەتی دیمەشقی نوێ و جۆلانی، دووەمیان رازیكردنی جیهان كە كورد هیچ قەوارەو تەنانەت ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمیی تایبەت بەخۆی نەبێت لە سوریاو هەسەدەش وەك گروپێكی(تیرۆریست) لەناوببرێت. لەپرسی یەكەمدا هەنگاوی باش چۆتە پێشەوە، لەدووەمیاندا لەگەڵ ئەمریكاو ئەوروپاشدا ناكۆكەو رێكنەكەوتوون، بۆیە دەیەوێت سیاسەتی سەپاندنی دیفاكتۆ و یەكلاكردنەوەی سەربازی پەیڕەو بكات، ئاگاداریشن كە هەندێ لە كۆنگرێسمانە كۆماری و دیموكراتەكان لە ئەمریكا پرۆژە یاسایەكیان پێشكەشكردووە كە رێك لەدژی ئەو نیازەیانە، بۆیە لەئێستادا دۆسێكان بە وردی و لەهەمانكاتدا بەوپەڕی وریاییەوە، بەڕێوەدەبرێن.
[email protected]