په‌یامێكی مێژوویی له‌ پایته‌خته‌كه‌ی مه‌لیكی كوردستانه‌وه‌

10:53 - 2024-12-11
له‌تیف نێروه‌یی
86 خوێندراوەتەوە

ئه‌و كاته‌ی رژێمی سه‌دام حسێن له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنی عیراق و به‌ پشتیوانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، رووخا و كۆتایی پێهات، سه‌رۆك مام جه‌لال وتی: رووخانی رژێم ئاسانه‌، به‌ڵام بونیاتنانی عیراقێكی نوێی دیموكراتی و فیدراڵی و هێنانه‌كایه‌ی سه‌قامگیریی و گیانی ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان  پێكهاته‌كانی عیراق ئاسان نابێت و كات و هه‌وڵێكی زۆری ده‌وێت. 
ئه‌گه‌ر دۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عیراق و تێفكرینه‌کەی مام جه‌لال به‌راورد بكه‌ین له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای سوریا، ده‌قاوده‌ق له‌ یه‌ك ده‌چن، ته‌نها ئه‌و جیاوازییه‌ نه‌بێت كه‌ كاتی خۆی ئۆپۆزسیۆنی عیراق به‌یه‌كه‌وه‌ و له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا هه‌وڵی رووخانی سه‌دام حسێن-یان ده‌دا و پێشتر له‌ چه‌ند كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانیدا له‌سه‌ر شێوازی حكومڕانی رێككه‌وتبوون. واته‌ ته‌وافوقێكی پێشوه‌خته‌ی سیاسی  و نیشتمانیی له‌سه‌ر قوناغی دوای سه‌دام حسێن، له‌لایه‌ن هه‌موو ئۆپۆزسیۆنی عیراقییه‌وه‌ كرابوو، به‌ڵام له‌ سوریا ئه‌و ته‌وافوق و ئاماده‌كارییه‌ پێشوه‌خته‌ به‌دیناكرێت.
بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چاوی هه‌موو جیهان له‌سه‌ر دۆخی نوێی سوریایه‌ و ناتوانن به‌ زوڵاڵی  هه‌ڵوێستی خۆیان له‌سه‌ر ئاینده‌ی ئه‌و وڵاته‌ بخه‌نه‌ڕوو. نازانن سوریای نوێ چ جۆره‌ سوریایه‌ك ده‌بێت؟ ئایا كێكی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ به‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌رانه‌ به‌سه‌ر هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا دابه‌شده‌كرێت، یان نا؟ ئایا سوریای نوێ ده‌بێته‌ چه‌تری پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیی و مه‌زهه‌بییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌، یان زریانی خوێنڕشتن و ئاواره‌بوون و چه‌وساندنه‌وه‌ له‌ژێر ناونیشان و به‌ هۆكاری نوێ و جیاوازه‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت؟  له‌به‌رئه‌وه‌ شرۆڤه‌كارانی سیاسی، خۆیان له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ ده‌دزنه‌وه‌ و ده‌ڵێن هێشتا زووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی سوریا  بكه‌ین و ده‌بێ چاوه‌ڕوانی كاتێكی زیاتر بكه‌ین. وه‌لێ ئه‌وه‌ی به‌ زوڵاڵی به‌دیده‌كرێت، گۆڕانكارییه‌كه‌ بۆ كوردانی ئه‌و وڵاته‌ جیاوازه‌ و هاوشێوه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی سوریا، نه‌ك ده‌رفه‌تیان بۆ نه‌ڕه‌خسا كه‌ ئاهه‌نگی خۆشیی بگێڕن، یان كوردانی ئاواره‌ بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان، به‌ڵكو جارێكی دیكه‌ نزیكه‌ی دووسه‌د و په‌نجا هه‌زار هاووڵاتی ئاواره‌بوون و ده‌یان هاووڵاتیش بوونه‌ته‌ قوربانی. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كه‌ی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌رامبه‌ر چاره‌نووسی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان، پێده‌نێته‌ قوناغێكی نوێوه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه، چونكه‌ گۆڕانكارییه‌كه‌ی سوریا بۆ كوردانی ئه‌و وڵاته‌، هه‌م ده‌رفه‌تێكی نوێیه‌ و هه‌میش قوناغێكی  هه‌ستیار و مه‌ترسیدار و چاره‌نووسسازه‌. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ كوردانی رۆژئاڤا چاویان له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستی یارمه‌تییان بۆ درێژبكات تاوه‌كو ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان له‌ توندوتیژی و خوێنڕشتن پارێزراو بێت، نه‌ك پشتیان تێبكه‌ن، یان خوانه‌خواسته‌ پاشقولیان لێبگرن.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌رۆكی خه‌مخۆر بافڵ تاڵه‌بانی، په‌یامێكی فره‌ ره‌هه‌ند و دیرۆكی ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سوریا و كوردانی ئه‌و وڵاته‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كرد.
لە‌ په‌یامه‌كه‌دا به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌ڵێت: ئێمه‌ رێز له‌ ئیراده‌ی خه‌ڵكی سوریا ده‌گرین، به‌ڵام ده‌بێ هه‌موو لایه‌نێك له‌و راستییه‌ تێبگه‌ن كه‌ دۆخی سوریا زۆر هه‌ستیاره‌ و پێویسته‌ هه‌ر بڕیارێك له‌سه‌ر ئاینده‌ی ئه‌و وڵاته‌ بدرێت، بڕیارێكی ژیرانه‌ بێت. بڕیاره‌ ژیرانه‌كه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ تێگه‌شتنیان بۆ واقیعی سوریا هه‌بێت، وه‌كو وڵاتێكی فره‌ نه‌ته‌وه‌ و فره‌ ئاین و مه‌زهه‌ب و هه‌ر بڕیارێك ره‌چاوی ئه‌مه‌ نه‌كات، بڕیارێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ نابێت. راشكاوانه‌تر ده‌چێته‌ ناو كرۆكی بابه‌ته‌كه‌ و ده‌ڵێت: حه‌قیقه‌تێك هه‌یه‌ كه‌ له‌و وڵاته‌ گه‌لێك هه‌یه‌ به‌ ناوی گه‌لی كورد و ده‌بێ مافی كورد له‌و وڵاته‌ شانبه‌شانی مافی گه‌ل و پێكهاته‌كانی دیكه‌ پارێزراو بێت. له‌و حه‌قیقه‌ته‌ش بگه‌ن كه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد، نه‌ك هه‌ر له‌ سوریا، به‌ڵكو له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاشتی و سه‌قامگیریی به‌دینایه‌ت.
به‌ كوردانی سوریاش ده‌ڵێت: ده‌زانین چاوتان له‌ هیممه‌ت و یارمه‌تی براكانتانه‌، كه‌ شانبه‌شانی پشتگیریكردن له‌ مافی هه‌موو پێكهاتەکانی ئه‌و وڵاته‌، هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئێوه‌ بده‌ین. هه‌ر له‌و په‌یامه‌دا داوا له‌ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كات كه‌ به‌یه‌كده‌نگی و یه‌ك گوتاریی نیشتمانی ده‌توانین ئه‌و ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌ هاوبه‌شه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین و پشتیوانیی له‌ رۆژئاوا بكه‌ین و رووبه‌ڕووی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ ببینه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ژیان و سه‌قامگیرییان دروست ده‌كات.
گرنگییه‌كی دیكه‌ی ئه‌م په‌یامه‌ له‌وه‌دایه‌ ‌جگه‌ له‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژوویی و نیشتمانییه‌، له‌هه‌مانكاتدا كوردانی رۆژئاوا چاویان له‌ یارمه‌تی و پشتیوانی هه‌رێمی كوردستانه‌ و ده‌كرێ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش به‌هه‌مانشێوه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌ و ده‌ستی یارمه‌تی بۆ خوشك و براكانی خۆیان له‌ رۆژئاوا درێژبكه‌ن.
هه‌روه‌ك گرنگییه‌كی دیكه‌ی ئه‌م په‌یامه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نیشتمانی و دیرۆكی و له‌ ئه‌رشیفی گه‌لی كوردستاندا به‌ گه‌شاوەیی تۆمارده‌كرێت.

*ئەندامی سەرکردایەتیی ی.ن.ک

وتارەکانی نوسەر