هیوا محەمەد
لە مێژە لەناو کۆبوونەوە و وتارەکانیشمدا باس لەوە دەکەم کادری حزب دەبێت لەوە نەترسێت کە کام خاڵ لێیەوە دوورە و بۆی بڕوات بە ئامانجی فراوانکردنی بنکەی جەماوەریی و رێکخستنی حزب، چونکە کادر بەو واتایە دێت کە فێرکەرێکی حزبیی خۆبەخشە و دەیەوێت کار بۆ سەرخستنی حزبەکەی بکات، ئیتر لەهەر بوارێکدا کار بکات.
کوردستانی نوێ، بە هەماهەنگی لەگەڵ مەڵبەندی هەشتی خانەقین و ماڵی رووناکبیریی شەهید سەلام، بەوەفدێک سەردانی خانەقینیان کرد.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەو گەشتەدا بینیم، کوردپەروەریی خەڵکی شارەکە بوو، میوان دۆستی و مەشرەف خۆشیی ئەوانە بوو کە چاومان پێیان کەوت.
تابلۆی ناوی شەقامەکان هەمووی لەگەڵ ئەوەی رێکخراو و دروست بوون، بە ناوی کوردیی رەسەنیش لەسەریان نووسرابوو. هێندەی توانیم یاداشتیان بکەم و دیتمن تیایاندا کارێز، ئەرکەوازی، بانمیل، جەلەوە، قوڵە یەهودی، سەری بەرزو، کوزە رەقە، پۆکە، پەڵکانە، زەلاو، مێخاس، بوون. ئەمە جێگەی خۆشحاڵییە کاتێک دەبینیت خانەقین لەگەڵ ئەوەی لە هێڵی گەرمی ناکۆکیدایە و فرە پێکهاتەییە، بەڵام بەرواڵەتیدا کوردبوونێکی پەتی پێوە دیارە.
زۆرینەی تابلۆی دوکان و مارکێت و شوێنکارەکانیش هەروا بوو، گفتوگۆی کەسەکان کە بەلایانادا رەت دەبوویت و ئەو وشانەی لێیانت دەبیست و بە شێوەزاری کەلهوڕی دەدوان.
هەر بە گەڕان بەناو شارەکەدا دەتزانی خانەقین شارێکی کوردستانی و کورد نشینە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شارەکە تا رادەی پێویست بەسەر نەکراوەتەوە، بەتایبەتی لە بواری راگەیانداندا. چەندین کەناڵی عیراقی نووسینگە و پەیامنێریان هەیە لەوێ، بەڵام تیڤییە کوردییەکان بەکەمی هەن، چالاکی حزبەکانیش دەتوانم بڵێم تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە توانیویەتی لەناو دڵی شارەکەدا لەرێگەی بارەگای مەڵبەندی هەشتەوە هەبێت و رۆژانە سەدان کەس سەردانی دەکەن و دەیان سکاڵا و گرفتیان لەوێوە دەخەنەڕوو و چارەسەر دەکرێن.
زۆربەی کێشەکانی هاووڵاتییان کێشەی پەرەپێنەدانی ئەو گوند و شوێنانەیە کە کورد نشینن، پێیانوایە کە حکومەتی هەرێم جیاوازییەکی گەورەی کردووە لە نێوان خانەقین و زاخۆدا، لە کاتێکدا کە ئەم شارە مەترسیی سڕینەوەی ناسامەی کوردیی هەمیشە لەسەر بووە و کوردەکانیش رۆڵیان دەبێت لەسەر رەوتی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەگەر حکومەتی هەرێم خزمەتگوازرییەکانیان بۆ چر بکاتەوە و بواری پەروەردەش کە سێکتەرێکی گرنگە و دەیانەوێت گرنگیی بە زمانی کوردی بدەن، بەڵام لەبەر نەبوونی پارە و بودجەی باش بۆیان دەکەونە پاشەکشە.
رووباری ئەڵوەند لای پردەکە پڕە لە قامیش و گیای قەد بڵند و دیمەنی ئەو ئاو و پردەی ناشیرین کردووە، دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، گرنگیی زیاتری پێبدرێت و خاوێن بکرێتەوە، چونکە هەر گەشتیارێک بچێتە ئەم شارە ئەوێ هەڵدەبژێرێت بۆ وێنەگرتن، بەتایبەتی کە ئەم شارە نزیکە لە ئێرانەوە و وەک باسیان دەکرد هاوسنووری قەسری شیرینە و تەنا 30 دەقیقە نێوانیان دوورە، بڵاوبوونەوەی وێنەکانیش دەبێتە ریکلامێکی باش بۆ شارەکە و پیشاندانی جوانییەکەی.
دیمەنێکی شاری خانەقین