سیاسییەکی رۆشنبیر و نووسەر

10:25 - 2024-12-24
هیوا محەمەد
426 خوێندراوەتەوە

زۆر جار ئەوەمان بینیوە کە کادرێکی سیاسیی خوێندەواریشی نەبووە، بەڵام هێندە کۆمەڵایەتی بووە و توانای وەرگرتنی هەموو ئەو بیرۆکانەشی هەبووە کە بۆ داکۆکی لە حزبەکەی خۆی و راکێشانی لایەنگر بۆی پێویست بووە و توانیویەتی هێندەی کادرێکی پلە بەرزی رۆشنبیر و خوێندەواری خاوەن شەهادە و نووسەر، کاریگەریی  پۆزەتیفی هەبێت بۆ حزبەکەی، بەڵام ئەمە بەشێوەی گشتی نییە و بە پێچەوانەوە هەموو ئەو کەسایەتییانەی لەسەرەتای دروستبوونی حزبدا بەشدار بوون لە دامەزراندنیدا، یان خێرا رووەیەکی دەرکەتوو بوون و جێگە دەستیان دیاربووە، ئەوانە بوون کە رۆشنبیری  پڕ لە زانیاری و ئەزموون بوون، یان نووسەرێکی باشی خاوەن قەڵەم بوون.
هەرکەسێک لە سیاسەتدا کار بکات، پێویستی بەوە هەیە کە بەردەوام و بێ دابڕان ئاگاداری هەموو رووداوە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی جیهان بێت، چونکە هەموویان لەگەڵ تێپەڕینی کات، بۆی دەبێتە ئەزموون و سوودیان لێدەبینێت لەکاتی شیکاریی دۆخێک و دانانی پلان بۆ پێشهاتێک، بە تایبەتی ئەگەر ئەو کەسە لە پلە باڵاکانی حزبەکەدا بێت، واتا دەستی هەبێت لە بڕیارداندا.
سەرکردە هەیە، نووسەر نییە، بەڵام لێدوانەکانی و بڕیارەکانی، بەهۆکاری ئەوەی پێشتر دیراسە کراون، دەبنە وتار و لێدوانی گرنگ و لە سەدان وتاری نووسەرێک زیاتر کاردانەوەی لیدەکەوێتەوە و جاری وایە کاریگەریی دەبێت بۆ راپەڕاندنی میللەتێک و گۆڕینی حکومڕانییەک.
بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا بۆ هەر سەرکردەیەک(هاوشێوەی سەرۆک مام جەلال)، باشترە کە خۆی نووسەر بێت و ئەوەی لە هزری خۆیدا سوودی لێدەبینێت و دەبێتە کەرەستەی هەنگاونان و بڕیاردان بۆی، بینووسێت و بڵاوی بکاتەوە تا کەسانی تریش سوودی لێببینن.
ئەوانی دێنە ریزی حزبەوە، وەک ئەو خوێندکارانانەن لە کۆتا قۆناغەکانی خوێندنیاندان، ئیتر بەرەو ئەوە دەچن ئەوەی خوێندوویانە و فێری بوون، بیکەنە پراکتیک و سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنن، ئەوانەش دێنە حزبەوە، لە هەوڵی ئەوەدان ئەوەی وەک سەرەتایەک پێیانە کە رەنگە زۆرترینی هەست و سۆز بێت بۆ حزبەکە و خۆشویستنی بێت، پەرەی پێبدەن و خۆیانی تێدا قاڵ بکەنەوە و بەرەو پێشتر هەنگاو بنێن تا بتوانن پلە حزبییەکان ببڕن، چونکە هەموو کەسێک ئەو روئیایەی هەیە بۆ داهاتووی خۆی لە هەر بوارێکی ژیاندا بێت، بەرەو پێش بچێت.
ئەم کەسە نوێیانە کە دێنە حزبەوە، لەسەر دەستی ئەو کادرە پڕ ئەزموون و نووسەرانە پەروەردە دەبن و پێشدەکەون، لەناویشیاندا ئەوانەی کە لە رووی تیۆرییەوە دەوڵەمەندن، چونکە هەر ئەندامێک پێویستە بزانێت ئەو حزبەی ئەو ئینتیمای بۆی هەیە هەڵگری چ ئایدیایەکە و ئامانجی چییە و شێوازی کارکردنی چۆنە؟

کادری نووسەر دوو جۆر خەبات دەکات
هەموو کادرەکان بە دەوری خۆیان کاریگەرییان هەیە لەسەر چۆنێتی پێشخستنی حزبەکەیان کە لە راستیدا ئەوە ئەرکی سەرەکییانە و دەبێت پێی هەستن، بەڵام ئەو سەرکردەیە یان ئەو کادرە کە خاوەن قەڵەمە و دەنووسێت، ئەوا دەکرێت وەک مامۆستایەکی باشی ناو حزبەکە سەیر بکرێت، چونکە ئەو یەكێك دەبێت لە بەرهەمهێنەری کادری نوێ و فراوانکردنی پێگەی حزب، نەخشێنەر و راستکرەوەی سیاسەتی حزبەکەش دەبێت، هەر بۆیە زۆرێک لەو راوێژکارانەی لە دەوری رابەری حزبەکەن، کەسانی نووسەرن، جا هەر حزبێک لەناو سەرکردایەتییەکەیدا نووسەری باش و بەتوانای زۆر بێت، ئەوا سەرکەوتنی لە بەرنامەکانیدا و بەڕیوەبردنی وڵات مسۆگەر تر دەبێت. 

وتارەکانی نوسەر