رێکخراوی تەحریری شام رێکخراوێکە پەیوەندیی بە قاعیدەوە هەیە و ئەبو محەمەد جۆلانی سەرۆکایەتیی دەکات.
هەرچەندە بە رەسمی لەلایەن ئەمریکا و هەندێ لە وڵاتانەوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنرێت، بەڵام پێدەچێت تورکیا بە شێوەیەکی پراگماتیک مامەڵە لەگەڵ ئەو گروپەدا بکات و رۆڵی سەرەکیی بگێڕێت لەو رژێمە نوێیەی سوریادا.
تێوەگلانی تورکیا لە سوریا، بەهۆی تێکەڵەیەک لە بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکان و گوشاری ناوخۆییەوەیە. ئامانجی سەرەکیی تورکیا لە هێنان و پاڵپشتیکردنی جۆلانی، دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە و ئەگەر بۆی بکرێت لێدان یان لاوازکردنی ئەو ئەزموونەی لە رۆژاڤای کوردستان هەیە و هەروەها رێگریی لە هاتنی پەنابەران بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ تورکیا.
ئەردۆغان، ئەحمەد شەرع وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیدایە.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی سوریاوە، کورد ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆی دروستکردووە، ئەم ناوچەیە یەکێک بوو لە باشترین ناوچە سەقامگیرەکانی سوریا، بە شێوەیەکی بەرچاو، بەهۆی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بۆ کورد لە شەڕی داعشدا، بەڵام تورکیا( پەیەدە و یەپەگە) وەک درێژکراوەی ( پەکەکە ) دەناسێت و وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی لێی دەڕوانێت. بە بیانووی کردەوەی(دژە تیرۆر)، تورکیا چەندین هێڕشی سەربازیی بەرفراوانی لە رۆژاڤای کوردستان دەستپێکردووە و بەشێکی خاکەکەی داگیرکردووە.
میلیشیا و پەنابەرانی عەرەبی لایەنگری خۆی لەوێ داڵدە داوە و بەمەش گۆڕانکاریی لە دیمۆگرافیای وڵاتەکەدا کردووە.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئامانجیان دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزبەندییە بە درێژایی سنووری تورکیا و لە هەمان کاتدا لاوازکردنی پێگەی کوردە.
تورکیا بەشێک لە باکووری سوریای داگیرکردووە، ئەمەش هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی سەرژمێریی کورد لە ناوچەکەدا. هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی کورد کە زۆرجار لەژێر ئاڵای دژە تیرۆردا بوون، قوربانیی خەڵکی مەدەنیشی لێکەوتووەتەوە، نەک هەر ئامانجە سەربازییەکانی پێکاوە، بەڵکو سوودی لە رکابەریی نێوان زلهێزەکانی جیهان وەک ئەمریکا و روسیا وەرگرتووە.
چارەنووس و ئایندەی کورد لە سوریا بە ناجێگیری ماوەتەوە، بەبێ دەستەبەرکردنی روون و ئاشکرای ئەمریکا و نێودەوڵەتی، کورد لە رۆژئاوا بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونە چەند ساڵەیەی، دەبێت پشت بە دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، وەک حکومەتی نوێی سوریا ببەستێت.
بەڵام کاریگەریی تورکیا لەو ناوچەیە وەک هەڕەشەیەکی بەهێز و بەردەوام ماوەتەوە. زۆرێک لە کورد ترسیان لەوە هەیە کە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش ئەمریکا، لە دانوستانەکاندا لەگەڵ تورکیادا، وەک موزایەدە بەکاریان بهێنن.
ئێستا تورکیا لە گۆڕەپانی سوریادا زیرەکانە و بە وردی سیاسەت و یاری دەکات، بەرژەوەندییەکانی خۆی لەسەر حسابی سەقامگیریی ناوچەکە و مافی کەمینەکانی وەک کورد بەرەوپێش دەبات.
لە کاتێکدا ئەردۆغان خۆی وەک سەرکردەیەک دەناسێنێت کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەقامگیری دەهێنێت و ئاسایش بەرقەرار دەکات، لە هەمان کاتدا کارتە ستراتیژییەکانی خۆی بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی تورکیا لە ناوچەکەدا بەکاردەهێنێت.
بۆ کورد ئەمە بەو مانایەیە کە خەباتی ئەوان بۆ ئۆتۆنۆمی لە ژینگەیەکی تادێت دوژمنکارانەدا روودەدات، بەبێ گەرەنتی و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی دڵنیا.
کورد لە رۆژئاوا بێ پشت و پەنا بێت، ناوچەکە دەبێتە گۆڕەپانی خوێنڕشتن