دڵزار حەسەن
یەكێك لە ئاكارە هەرە جوانەكانی هەولێر و هەولێرییەكان، ئیشكردنیانە بە بێ دەنگیی و هێمنیەوە، بێ دەنگیی بە مانا باڵاكەی، كە خۆی لە مانیفستۆی مەعریفیی و رۆشنبیرییەكی بەرز وێنا دەكات، كاتێكیش دەڵێین هەولێری، مەبەستمان پێكهاتە و شوناسی شار نییە وەك مۆدێلێك، یاخود پێدانی ناسنامە بە هاونیشتمانیبوونی شارێك، یان خوانەخواستە مەبەستمان شارچییەتی بێت، باسەكەی من بۆ ژینگەی شاری هەولێر دەگەڕێتەوە، وەك حاڵەت، یاخود تایبەتمەندیی، بۆیە بەكارهێنانی چەمكی هەولێریی زیاتر وتووێژە لە بارەی سروشتی تاكەكانی، لە فەزای گشتیدا.
كاتێكیش دەڵێین بێ دەنگی مەبەست لە رۆحی بێ دەنگییە، كە خۆی لە بەریەككەوتنی دنیایەكی سەرسام، بە ئەدەب و هونەر و زانست و كتێب خوێندنەوە دەبینێتەوە، هاوڕێیەتی هەولێرییەكان لەگەڵ كتێبدا تێكەڵبوونێكی هۆشیارانەیە، بەڵام نەرم نەرم، جۆرێك لە قوڵی، كە مرۆڤ رادەهێنێ لەسەر باڵایی بیركردنەوە، بە مانایەكی دیكە مامەڵەكردنی ئەوان لەگەڵ دنیای دەرەوەی خۆیاندا، جۆرێكە لە كەوتن بەسەر جیهانبینیەكی فراوان. هەولێر فۆڕمێك لە فزوڵییەتی بۆ گەیشتن بە مەعریفەی باڵای تێدایە، ئەو جۆرە فزوڵییەتە، هەم رۆحی مانەوە و هەمیش ئیحائێكی دەروشاوە بۆ ئایندەی بەرهەمهێناوە.
بە دیوێكی دیكەدا، بازنەی مەعریفی هەولێرییەكان بۆ دنیای كتێب و خوێندنەوە بازنەیەكی سۆزداریی نییە، هێندە لە پرسیاركردن و تێڕامان دەچێ، هێندە خۆنمایشكردن نییە، لە خۆنمایشكردنی مەعریفیدا جۆرێك لە میكیاژ هەیە، كە هەمیشە مرۆڤەكان سەرقاڵ دەكات بە جۆرێك لە نمایشی ساختە.
لێرەدا بە نزیكبوونەوەمان لەو ستراكتۆرەی، كە تاكی هەولێری لەسەر بیناكراوە تێدەگەین، ماهییەت چ رۆڵێكی لەو فاكتەدا هەیە. بێگومان هیچ نۆڕمێك بێ جەوهەر، بێ وێناكردن و خستنە چوارچێوەی ئامانجگەلێك نایەتە بوون، ئەگەر سەرەتا خوێندنەوە بۆ چەمك و بنەما و سروشتی خێزان و تاك تاكی كاراكتەرەكانی نەكەین، دوای ئەوە ئینجا لەوە دەگەیت، چ نهێنی یەك لەنێو ئەو ترادیسیۆنەدا دەگوزەرێت.
لەو مەنزومە ئارامەی هەولێردا، مرۆڤگەلێك دەبینی، جیاوازتر لەوانی دیكە بیردەكاتەوە و رادەمێنێت، هەلومەرجی جودا دەخوڵقێنن، جۆرێكی دیكەی خوێندەوارت بەرچاو دەكەوێت، كە روئیای تازەیان بۆ زانست و فیكر و ئەدەب و هونەر هەیە.
دنیای سەقافی هەولێرییەكان هەڵگری شوناسێكی ئێجگار فراوانە، بە ئاسانی پەی پێنابردرێ، مەگەر خۆت لە ناویدا ژیابی. ئەو بێ دەنگییە جۆرێكە لە زمانی هۆشمەندی، كە بۆ هەولێرییەكان بۆتە تایبەتمەندیی، نەك نەنگی. كاتێك دەیاندوێنی ئینجا تێدەگەیت چ هۆشیارییەك لە دونیای ئەواندا رەگی داكوتاوە. ئاسان نییە تۆ لە دوورەوە بێیت رەنگییان بكەیت، بۆئەوەی تێیانبگەیت، دەبێت بەر جیهانبینییەكەیان بكەوی. من ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی ئەوەم، نەك بە رێكەوت بیانبینم، بەڵكو رۆژانە ئەو شانە هێمنە مەعریفەدارە چاولێدەكەم و دەیاندوێنم، كە چ حەشرێك بە كتێب و خوێندنەوە دەكەن، چ وزەیەكیان تێدایە. لەو شارەدا نەوەیەك، كە من ناوم ناون شانە بێدەنگەكەی مەعریفە، بە بێ دەنگی لە دونیای خوێندنەوەدا بە تەكنیكی سەردەمیانە، هەموو شتێك شەن و كەو دەكەن.