دڵزار حەسەن
خەڵكی خۆڕاگری كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
كەم ئەندام و بریندارانی (1)ی شوبات
10ساڵ بەر لە ئێستا و لە یەكی شوباتی ساڵی (2004)دا، كارەساتێكی جەرگبڕ و خوێناوی بە پیلانێكی نەگریسی تیرۆریستان رووبەرووی گەلەكەمان و خەڵكی خۆڕاگری شاری هەولێر بۆوە، لە یەككاتدا دوو كردەوەی تیرۆریستی خۆكوژی لەلایەن تیرۆریستانی سەر بەرێكخراوی ئەلقاعیدە لەناو هەردوو بارەگای مەڵبـــەندی (3)ی رێكخستنی هەولێری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەنجامدرا، ئەم رووداوە دڵتەزێنەش لە یەكەمین رۆژی جەژنی قوربان و لەناو ئاپۆرای خەڵك، كە بە مەبەستی جەژنە پیرۆزە روویان لە بارەگاكانی مەڵبەند و لق كردبوو روویاندا و خوێنی دەیان سەركردە و كادیر و پێشمەرگە و خەڵكی سڤیل رژایە ژێر نەمامی ئاشتی و تەبایی ریزەكانی گەلەكەمان، بەمەش جارێكی تر تیرۆریستان و دوژمنانی ئازادی و دیموكراتی و ئەوانەی كە هەرگیز باوەڕیان بە پێشكەوتن و پێكەوە ژیان نییە، بۆ هەموو جیهانیان سەلماند، كە ئەوان لە تاریكستانەوە هاتوون و دەیانەوێت ژیانی بەشمەینەترین گەلی سەر رووی زەمین بوەستێنن، بەڵام لە سایەی یەكڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان و سەرجەم پێكهاتەكانی خەڵكی كوردستان، رۆژ بە رۆژ ئەزموونی حكومڕانی لە كوردستان و رەوتی پەرەسەندن و پێشكەوتنە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان بەرەو پێش دەچێت، بۆئەم قۆناغەی ئێستای كوردستانیش زیاتر پێویستیمان بەتەبایی و لێك تێگەیشتنی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بەزووترین كات حكومەتێكی نیشتمانی كە هەموو هیز و لایەنە سیاسییەكان پشتیوانی سەرخستنی بكەن پێكبهێندرێت، بۆیە بەدەرفەتێكی گونجاوی دەزانین داوا بكەین كە لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتدا، هەمووان بەرژەوەندیی گشتی و بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدە سەربەرزەكان بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترەوە، پێكەوە كار بكەین بۆئەوەی عیراق و كوردستان بە كەناری ئارامی بگەیەنین، بێگومان ئەمەش بە پابەندبوون بەدەستووری هەمیشەیی عیراق و جێبەجێكردنی بڕگە و بەندەكانی دەبێت كە هەموو عیراقییەكان دەنگیان بۆ داوە، بەتایبەتی جێبەجێكردنی ماددەی (140) و تەواوی ئەو ماددانەی كە بەهۆیانەوە عیراق دەچێتە دۆخێكی تەندروست و جێگر و ئارام، لەكۆتاییدا بەڵێن دووپات دەكەینەوە كە درێژە بە كاروانی خەبات دەدەین لەپێناو بەدیهێنانی سەرجەم مافە بەدەست نەهاتووەكانی خەڵكی كوردستان و ئاواتی شەهیدە نەمرەكانمان. مردن و شەرمەزاری بۆ تیرۆریستان.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی یەكی شوبات و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان. لەش ساغ و تەمەندرێژی بۆ بریندارەكان.
هەر شەكاوە بێت ئاڵای كوردستان.
مەڵبەندی (3)ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان
هەولێر (1)ی شوباتی 2014
ئەمەی سەرەوە بەیاننامەی هەردوو بارەگای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانە لە شاری هەولێر، كە بەهاوبەشی و بە گیانی برایانە و بە هەناسەی یەكڕیزییەوە لە دژی كۆنەپەرستیی و نەیارانی كورد و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان(11) ساڵ بەر لە ئێستا دەریانكردووە، خۆزگە تا كۆتا تەمەنیان بە یەكەوە بەیاننامەی هاوبەشیان لەدژی ئەو رووداوە دەردەبڕی، چونكە ئەوە(21) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر ئەو كارەساتە نەگریسە و هێشتا زامی جەرگی دایك و باوكی شەهیدان و برینداران سارێژ نەبووە و هەر خوێنی لێدێت، هێشتا تیرۆر و نەیارانی كورد شمشێریان بەرامبەرمان تیژە و هێشتا چارەنووسی گەلی كوردمان لە پارچەكانی دیكەی كوردستان لە مەترسیدایە. بۆیە باشترین پاداشت بۆ شەهیدانمان، یەكڕیزییە لە ناو حكومەت و دەسەڵاتێكی شەفاف و دادپەروەردا.