پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
رق و کینە ئاماژەیە بۆ قسەی ناجۆر کە گروپێک یان تاکێک دەکاتە ئامانج و هێرشییان دەکاتە سەر، لەسەر بنەمای تایبەتمەندییە سروشتییەکانى وەک (رەگەز، ئایین، یان نەتەوە) پیادە دەکرێت و لەوانەیە مەترسی لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی دروست بکات. هاوکات بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافەکانى مرۆڤ پێناسەیەکی گشتگیر بۆ قسەی رقاوی نییە. بەڵام ئەم چەمکە بە شێوەیەکی بەرفراوان باس و خواستی لەسەرە، بەتایبەتی لە پێوەندیی لەگەڵ ئازادیی بیروڕا و رادەربڕین، جیاکاری نەکردن و یەکسانی.
نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی رقاوی بەم شێوەیە پێناسە دەکات:(هەر جۆرە پێوەندییەکى زارەکی، نووسراو، یان هەر رەفتار و زمانی سووکایەتیکردن و جیاکاری بەکاربهێنرێت لە ئاماژەکردن بۆ کەسێک یان گروپێک لەسەر بنەمای ناسنامە، ئایین، نەتەوە، نەژاد، رەگەز، رەنگ، رەچەڵەک، یان هۆکارێکی دیکەی دیارییکردنی ناسنامە، ئەوا بە قسەى رقاوى هەژمار دەکرێت.)
هەر جۆرە پێوەندییەکى زارەکی، نووسراو، یان هەر رەفتار و زمانی سووکایەتیکردن و جیاکاری بەکاربهێنرێت لە ئاماژەکردن بۆ کەسێک یان گروپێک لەسەر بنەمای ناسنامە، ئایین، نەتەوە، نەژاد، رەگەز، رەنگ، رەچەڵەک، یان هۆکارێکی دیکەی دیارییکردنی ناسنامە، ئەوا بە قسەى رقاوى هەژمار دەکرێت
ئاشکرایە ئەمڕۆکە گوتارێکى چالاکی نەرێنى هەڵگرى رق و کینە لە ئارادایە و مەترسییەکى جددییە لەسەر پێکەوەژیانى ئاشتییانە و ئاسایشی کۆمەڵایەتى. هاوکات لەناو سۆشیال میدیا هەڵمەتێکى فراوانى بڵاوکردنەوەى رق و ژەهری سوکایەتیپێکردن دەستیپێکردووە بەرامبەر بە هێز و گروپە کۆمەڵایەتییەکان یان ئایین و نەتەوەکانى دیکە. لە بەرامبەردا یاسایەکى رژد و چەسپاو روون نییە بۆ سزادان و رێکخستنەوەى ئەم دیاردەیە. جیا لەوەش توێژینەوەکان تیشک دەخەنە سەر پەیوەندیی نێوان قسەی رقاوی و میدیا، زۆرجار میدیا وەک گواستنەوەی راستەوخۆی قسەی مەترسیدار کە دەبێتە هۆی دەرئەنجامی توندوتیژی هەژمار دەکرێت.
کۆمەڵناسەکان لەو باوەڕەدان ئاسایشی کۆمەڵایەتى واتە دڵنیاکردنەوەی مرۆڤ لە کەمکردنەوەى ترس و دڵەڕاوکێ لە مرۆڤ، واتە دڵنیایی و ئارامی. هەربۆیە یەکێک لەو هۆکارە کاریگەرانەى وایکردووە ئەم ئارامییە لەبەردەم هەڕەشەدا بێت، بابەتى بڵاوکردنەوەى گوتارى رق و کینەیە کە لە ئێستادا بەداخەوە زۆرکەس بەناوى توێژەر و مامۆستاو بانگخواز و واعیز، خەریکی رشتنى ژەهرن و دڵەڕاوکێى مرۆڤییان بەرامبەر یەکتر زیاد کردووە و ژینگەیەکیان خوڵقاندووە تێدا هەست بە دڵنیایی ناکەین.
روانگەى یاسایی بۆ گوتارى رق ئەوەیە، کە بڵاوکردنەوەى رق تاوانە، هەر هاوکارییەک بۆ کردەوەی رەگەزپەرستی و جیاکاری، تاوانێکە کە بەپێی یاسا سزاى لەسەرە. هەروەها لە توێژینەوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە گوتارى رق و کینە و هەر جۆرە وتارێک یان گوتارێک کە سووکایەتیکردن، هاندان، بێڕێزیکردن یان زەلیلکردنی کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک لەخۆ بگرێت بەشدارە لەو تاوانەدا. لەبەرئەوەى ئەم کردەیە گەشە دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی رق و هەڵاواردن بەرامبەر بەو کەسانەی کە خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانەن. هاوکات بنیاتنانی تواناکان بۆ دەستنیشانکردن و رووبەڕووبوونەوەی قسەی رقاوی دەکرێت بەچەند رێگەیەک بکرێت وەک: رۆڵى پیاوانى ئایینی و و رۆژنامەنووسان لەسەر بنەماکانی وەڵامدانەوەی قسەی رق و کینە لە سۆشیال میدیادا دەکرێت، هەروەها راهێنان و بەهێزکردنی گەنجان بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی ئەرێنی و چارەسەرکردنی قسەی رقاوی لە سۆشیال میدیا.
پێویستە رۆشنبیرەکان و رێبەرانی ئایینی و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى داوای پەسەندکردنی یاساو رێسا و رێوشوێنی یاسایی بکەن کە رێگری لە هەڵاواردن لە دژی گروپە لاوازەکان دەکات، تاوەکو رووبەڕووى هەڵمەتى پاکتاوکردن نەبنەوە لە ئایندەدا، پێویستە داواى یەکسانى بۆ هەمووان بکەن، بەبێ گوێدانە پەیوەندییە ئایینییەکانیان. زیاد لەوانەش پەسەندکردنی یاسای پەیوەندیدار بۆ بەرەنگاربوونەوەی قسەی رقاوی لە هەمانکاتدا مسۆگەرکردنی هاوسەنگییەکی دروست لە نێوان ئازادی رادەربڕین و قسەکردنی رقاویدا. پێویستە نوخبەى کۆمەڵگە، پشتگیریی حکومەتەکان بکەن لە هەوڵەکانیاندا بۆ پەرەپێدانی رێنماییەکان سەبارەت بە چەسپاندنی بەها و ئەخلاقی هاووڵاتیبوونی هاوبەش لە مەنهەجی قوتابخانەکاندا.
لە بوارى پەروەردەدا پێویستە بەرەنگاربوونەوەى رق و گوتارى رقاوى رەنگدانەوەی لە سیستەمی پەروەردەی فەرمی و نافەرمیدا هەبێت. دروستکردنی پلاتفۆرم و دامەزراوەیەکی جیهانی بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە لەسەر میانڕەوی و دیالۆگ پەرەى پێبدرێت. هاوكات يونسێف گرنگى بە پاراستنى منداڵان دەدات لە گوتارى رقلێبوونەوە و باس لە دوورخستنەوەى منداڵان دەکات لەم بابەتە، چونکە لەو باوەڕەدایە بەهۆی پێشکەوتنى تەکنۆلۆجیا و ئەنتەرنێتەوە منداڵان بە ئاسانى دەکەونە ژێر کاریگەریی گوتارى رقلێبوونەوە. لەم بارەوە لە پێگەى فەرمی خۆیانەوە چەندیین وتارییان دانەوە بۆ وێنە لە وتارێکدا دەڵێن: ( گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی وەک رق و رەگەزپەرستی و سێکسیزم بۆ زۆرێک لە دایک و باوکان ئاسان نییە. بەڵام گرنگە هەوڵبدەیت شوێنێکی سەلامەت بۆ منداڵەکەت دروست بکەیت تا بتوانێت قسەت لەگەڵ بکات و هەرچی لە مێشکیدا بێت پێت بڵێت. گفتوگۆکان بۆ هەموو خێزانێک جیاوازن، بەڵام لەبیرت بێت تۆ باشتر منداڵەکەت دەناسیت. زمانی گونجاوی تەمەن بەکاربهێنە، گوێگرێکی باش بە بۆی، سەیری کاردانەوەکانی بکە و ئاگادار و هەستیار بە بەرانبەر ئاستی دڵەڕاوکێی.)
*مامۆستاى زانکۆ