سەردانی سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ لەندەن لەسەر بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ وەفدێکی سیاسی و ئابووریی و میدیایی گەورەدا، چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ پادشا چارلسی سێیەم بۆ یەکەمینجار و پێچەوانەی پرۆتۆکۆڵەکانی شاهانەیی، سەردانێکی دەگمەن بوو، بەوپێیەی پادشای بەریتانیا لەگەڵ پادشا و سەرۆکەکانی تر کۆدەبێتەوە، پێدەچێت هەموو ئەمانە بەبێ پلانی پێشوەختە نەبووبێت، دوای ئەوەی مانگی پێشوو سەردانەکە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سوریاوە دواخرابوو، بەڵام ئەو پرسیارەی رووبەڕوومان دەبێتەوە ئەوەیە: بۆچی بەریتانیا؟ بۆ وڵاتێکی تر نا؟ بۆچی لەم کاتەدا کە تەمەنی حکومەت لەکۆتا ساڵیدایە؟ سوودی ئابووریی ئیمزاکردنی چەند رێکەوتنێک و تەخشان و پەخشانی ئەو پارەیەی عیراق بەو ئاسانییە بۆ؟ سەرباری ئەوەی لەو رێکەوتنەدا لەگەڵ بەریتانیا پرۆژەکانی تەواوکارین و ستراتیجی نین؟.
ناكۆكی لەوەدا نییە كە حکومەتەکەی سودانی بە جدیی کاردەکات بۆ بەرژەوەندیی وڵات و نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی بەردەوام، ئەوەشی لەتوانایدا بێت، دەیکات بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکان بە هەوڵی ناوخۆیی و بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی میسر و چین و کۆریای باشوور، بەڵام بازدانی حکومەتی سودانی بۆ بەریتانیا لەکاتێکدا بەهای جونیەی ئەستەرلینی بەرزە و گرانی پیشەسازی و پرۆژەکانی ئەو وڵاتە لەکاتێکدا سەردەمی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی بەسەرچووە دوای ئەوەی كە نەیانتوانی رکابەری نرخی كراوەی بازاڕ و بەجیهانیبوونی ئابووریی چین بكەن كە بازاڕەكانی جیهانی داگیركردووە، ئا ئەمانە کۆمەڵێک پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت سەبارەت بە سوود و قازانجە ئابوورییەکانی ئەو رێككەوتنانە.
هەرچی کاتی رێکەوتنەکانە، ئەوا لەگەڵ قەبارەی ئاڵنگارییەکاندا ناگونجێت کە رووبەڕووی عیراق بوونەتەوە، کە لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دزەی پێكردووە سەبارەت بە کەمیی پارە کە رووبەڕووی گەنجینەی عیراق بۆتەوە، ئایا بەڕاستی ئەمە کارێکی عەقڵانییە كە دەرچوون لەو قەیرانە داراییە بە تەخشان و پەخشانكردنی ملیارەها دۆلاربێت لە لەندەن؟
بەپێی تێڕوانینی شارەزایانی ئابووری، پلانی ستراتیژی و پلانی سێ ساڵی و پێنج ساڵی هەتا دە ساڵی-یش، لە ئامانجەكانی گەشەپێدانە، کە وڵاتە بچووک و گەورەکان پشتی پێدەبەستن بە جۆرێك كە زۆر دووربێت لە دەستوەردانە سیاسییەکان، بەڵكو بەپێی بنەمای دەسكەوت و تواناكان بێت بۆ ژیانێكی باشتر. پرسیاریش ئەوەیە: ئایا سودانی ژیانێکی باشتر بۆ عیراقییەکان دابین دەکات بە هەنگاو و رێکەوتنە جۆراوجۆرەکانی، یاخود ئێمە خوانەخواستە، بەم نزیكانە لەبەردەم قەیرانێکی دارایی خنکێنەرداین لە ئەنجامی نەبوونی پلانی پێشوەختەوە؟.
*تایبەت بە رۆژنامەی(الزمان)ی نێودەوڵەتی و رۆژنامەی كوردستانی نوێ و لەیەككاتدا بڵاودەبێتەوە.