کەرکوکیانە

نەوتەکەی کەرکوک

10:07 - 2025-01-21
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
138 خوێندراوەتەوە

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 


ماوەیەکە دیسان باس و خواس بوەتەوە بە باس و خواسی نەوتەکەی کەرکوک، ئەو نەوتەی زۆری لەسەر نووسراوەو زۆری لە بارەوە گوتراوە، کۆمپانیا بەریتانییەکان وەک خاوەن سەیری ئەو نەوتە دەکەن، خاوەن بە مانای ئەوان لە پێش خەڵکی ترەوەن بۆ دەرهێنان و کارتیاکردنی، کاتێ لە سەرەتای هەفتاکان سەدام شتێکی ناونا خۆماڵی کردنی نەوت و بەعساندی، ئیتر گڵۆڵەی عیراق لەو رۆژەوە کەوتە لێژی، بەریتانییەکان پێش هەر وڵاتێکی دیکە غەزەبیان لە عیراق گرت، ئێستاش باجی ئەو غەزەبە دەدرێت، لە چەند ساڵی رابردودا گێرمەو کێشەی زۆر لەسەر نەوتی کەرکوک دروست بوو، لە ساڵی 2014شەوە تا سێ ساڵ دواتر کورد خراپ لەگەڵ نەوتی کەرکوک جوڵایەوە، لەکاتێکدا کەرکوک خۆی شارێکی کوردستانییە و ئەمە کاک ئەرشەد ساڵحیش دەزانێ، خراپ مامەڵەکە، پەیوەندیی بەحزباندنی نەوتەکەوە هەبوو، ئەگەر بەعس بەعساندی بۆ ئەوەی دەوڵەتی میلیتاری پێ دروست بکات، کوردیش بۆ میللەت نا بۆ حزب خستیەگەڕ، ئاکامەکەشمان بینی.
بەیاننامە نیوە شەوێکەی حکومەتی هەرێم لەسەر مادەی 140 و نەوتی کەرکوک ئەگەر چی رەوایەتی داکۆکی لەو پرسانەش تیابێت دوو هەڵەی لۆژیکی هەبوو، یەکەم وێڕای ئەوەی پەرچە کردار بوو، زۆر درەنگ کەوتبوو لە کۆتایی 2007 تا ئێستا نزیکەی هەژدە ساڵە، دووەم بەیاننامەکە کێماسی لایەنی کوردی و مامەڵەی حزبیانەی کوردی لە تەک ناوچە دابڕێنراوەکان فەرامۆش دەکات و هەموو خەتاکە دەخاتە ئەستۆی لایەنی عیراقی، کاتێکیش کە بابایەکی عەرەب وەڵامی بەیانەکە دەداتەوە ئیدی حکومەتی هەرێم قوڕ و قەپی لێ دەکات، وەک بڵێی کاری ئەو تەواو بوو، لە کاتێکدا کاری ئەو دەبێ لە دوای وەڵامەکەوە بە بەڵگەو ئەرگۆمێنت درێژەی پێ بدرێت، لێ حکومەتی هەرێم کە بۆخۆی ئێستا درز و کەلێنی زۆرزۆرە و دەستیشی لە ژێرەوەیە، وەک دۆڕاوێک خۆی سەرکەوتوو نیشان دەدات، ئەوە نییە قسەی هەیە.
نەوتی کەرکوک بەر لەوەی نەوتی کۆمپانیای بی پی و خەڵکی تر بێت، نەوتی خەڵکی کەرکوکە، ئەو خەڵکەی بە تایبەت کوردەکەی، لە نەهامەتی زیاتری لەو نەوتە دەست نەکەوتووە، بۆیە هەق نییە خەڵکی تر بۆ ئامانجی تری دەرەوەی بەرژەوەندیی کەرکوکییەکان ئەو نەوتە بکەنە مارکەی ململانێ و نانەوەی ئاژاوە لە نێوان خۆیان و ئەوانی تردا، هەرێم و بەغداش ناهەقی گەورە بەرانبەر خاوەن نەوتە راستەقینەکە دەکەن و پێشتریش کردوویانە.
کەرکوک ماوەیەکە هەندێک پاک و خاوێنی و سیمای شاری بۆ گەڕاوەتەوە، راستە هێشتا کێشەو گیر و گرفتی کەڵەکەبووی دەیان، بگرە سەدان ساڵە هەن، بەڵام ئێستا لەهەر کات زیاتر ئەو شارە پێویستی بە ئارامی و ئاسایشە و خەڵکەکەی دەیانەوێت تاوێ پشوو بدەن، بۆیە هەقە هەموو لایەک ئەو بارودۆخە لەبەر چاو بگرن، بۆ مەسەلەی نەوتەکەش جارێ خاوەنی زۆرە و زۆرکەس مرخێش مرخێشی لەسەر دەکەن، رۆژێک دێت خاوەنی راستەقینەی دەستی پێ رابگات.

وتارەکانی نوسەر