کەرکوکییانە

کەرکوک وەک دڵێکی رەنجاو

10:04 - 2025-01-28
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
129 خوێندراوەتەوە


لە بارزانی باوکەوە دەگێڕنەوە، گوتویەتی کەرکوک دڵی کوردستانە، لە بەتەمەنەکانی سەردەمی ئەوم بیستووە گوایە وتویەتی: چیتان بۆ کەرکوک کردووە بیبەن و خاکەکەیمان بدەنەوە، کاک مەسعود بارزانیش چیرۆکێکی گێڕایەوە، ناوەڕۆکەکەی بەو جۆرە بوو کە ״کوڕی مەسرور، خەمی کەرکوکی بووە و بارزانیش ئاماژەکەی ئاوا کرد، گوایە ئەگەر ئێمەش کەرکوکمان بۆ نەگەڕێتەوە، نەوەکان دەیگێڕنەوە״.
 بەیاننامەکەی یەک دوو رۆژ بەرێی رێکخستی پارتی لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، بەرلەوەی دژی یەکێتی و پارێزگاری ئێستای کەرکوک و دانیشتنەکانی بەغدای پێکهێنانی حکومەتی کەرکوک بن، دژی دڵەکەی بارزانی و چیرۆکەکەی کاک مەسعود بارزانین، هەردوو بارزانییەکە کەرکوکیان بە کوردستان زانیوە، نەک موڵکی پارتی و هاوپەیمانەکانی کە هاوپەیمانەکانی هەر داننانێن بە کوردستانی بوونی کەرکوکدا، بەیاننامەکە بەرلەوەی غەدر بێت لە هەرکەس، ستەم بوو لە پارتی دیموکراتی کوردستان و ماڵباتی بارزانی، هەرچەند مرۆڤ ناتوانێ باوەڕ بەوە بکات، ئەم بەیانە بێ ئاگاداریی بارزانی نووسرابێت، من هیوادارم وابێت.
بەرەی تورکمانی پێچەوانەی رای شەقامی تورکمانی کە ئارامی و ئاسایشیان دەوێت، هەروەها سیادەی عەرەبی و راکانەکە کە لە سەردەمی ئەودا عەرەباندن گەیشتەوە چڵەپۆپە، چی وای لە پارتیی کەرکوک کردووە هاوکونفی ئەوان بێت و بە یەکێتی دژ، لەکاتێکدا هەردوو نوێنەرەکەی پارتی کوردانە و کەرکوکییانە بیر دەکەنەوە و لەگەڵ دژبەری و ناکۆکیدا نین؟  من لام وایە واجب و ئەرکی هەرسێ بارزانییەکەی هەڕەمی حزب و هەرێم و حکومەتە پشتگیری لە پارێزگار و ئیدارەی ئێستای کەرکوک بکەن و لەکوێشدا درز و کەلێن هەبن، چاوپۆشی نەکەن، هەڵبەت هاوکاریی دڵەکەش بکەن، ناشێ پارتی راکان و ئەرشەدی لە رێبوار پێ باشتر بێت، دەشێ هاکان فیدان تورکمانێکی پێ لە کوردێک باشتر بێت، بەڵام کورد بۆ؟.
بۆ مێژوو، ئەم بەیانە زۆر بە ناجۆری دەمێنێتەوە و نەوەکانی داهاتوو تووشی سەراسیمەیی دەکات، چونکە خودی بەیانەکە لیپە لە کوردبوون و کەرکوکی بوون، ئەوەش لە تەک پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی و سیاسەتی ئاشکرای ئەو حزبەدا نایەتەوە، من چاوەڕێم دەکرد پارتییەکانی کەرکوک بەرپەرچی ئەو بەیانە بدەنەوە، هەر نا لەبەرئەوەی  لە ئەرپەوە تا باجەت تورکە و فەلەکەدین کاکەیی و نیزامەدین گلی و زۆری تر، بە خەونی خۆسەری و کورد خاوەنیی کەرکوکەوە سەریان نایەوە، ئەمە دیرۆکە و  خوێنی رژاوی گەنجە کەرکوکییەکانی سەردەمی راکانیش پێمان دەڵێن، گەلۆ خەریکی چ دەردێکن؟
هاوڕێیەکی فەیسبووکم کە زۆرجار لەسەر پارتی هەڵدەداتێ و دڵی بۆ حزب لێ دەدات، نەیدەتوانی باوەڕ بە خۆی بێنێت، کە ئەوە رای رێکخستنی پارتییە لە کەرکوک، ئەو دەیویست بپرسێ لە کوێدا سیادە و بەرەی تورکمانی لە یەکێتی بۆ پارتی نزیکترن؟ من بیرم لەوە دەکردەوە، داخوا فەلەکەدین کاکەیی و باجەت تورکە لە ژیاندابان رایان لەسەر ئەو بەیانە ئەرێنی دەبوو؟ یان شتێکی دییان دەگوت، من بۆیە ئەو دووەم گوت، چونکە تا ژیانئاوایی کردنیان دۆست و ئاشنای یەکتر بووین و دەمزانی کەرکوک بۆ ئەوان مانای چی دەگەیەنێت.

وتارەکانی نوسەر