وەرچەرخانێک بەڕێوەیە!

10:09 - 2025-01-28
هیوا محەمەد
808 خوێندراوەتەوە

نەتەوە بەو کۆمەڵە خەڵکە دەوترێت کە چەند سیفەتێکی هاوبەشیان هەیە، گرنگترینیان زمانە، بەدوایدا ئەو خاکەی کە بێ سنوورە و هەموویانی لەسەر دەژی. 
کەسێک بچێتە مەهاباد و سلێمانی و هەولێر، دەزانێت خەڵکی ئەم سێ شارە یەک زمان و یەک زاراوەیان هەیە، هەروا ئەوانەی دیاربەکر و دهۆک و قامیشلۆش یەک زمان و زاراوەیان هەیە، کەواتە تێدەگات کە ئەمانە یەک نەتەوەن و خاکیان پەرت کراوە.
لە دیدی نەتەوەییشەوە تاکەکانی سەر بەو نەتەوەیە هەمان هەستیان هەیە بۆنەتەوەکەیان، چونکە ناسنامە بۆ هەر تاکێک لەم جیهانەدا گرنگە کە خۆی پێدەناسێنێت.
کورد راستە گرێدراوی ناو چوار وڵاتە، ئەگەر وتت کوردم دەبێت بڵێیت کوردی کام وڵات؟ بەمەش کێشەکانی کورد زیاتر دابەشبووی ئەو وڵاتەیە تا لەژێر چەترێکی یەکگرتووی نەتەوەییدا بێت، ئەمەش وەک واقعی حاڵ چەسپیوە و شۆڕشەکانی رابردوو ئەوەیان سەلماندووە کە دەبێت کێشەی کورد لە خودی ئەو وڵاتانەدا بە بەستنەوەی بە دۆخی وڵاتەکە جێبەجێبکرێت، چونکە تا گۆڕانکارییەکی ئیقلیمی لەژێر دەستی زلهێزەکانی جیهاندا نەیەتە پێش تازە ئەم نەخشەیەی کە چەسپیوە گۆڕینی بەسەردا نایەت، ئەوانیش هەر ئەوەیان دەوێت کە کێشەی کورد لە خودی ناو ئەو وڵاتانەدا بە ئاشتی جێبەجێبکرێت.
رەنگە هەر ئەمەش وایکردبێت کە دوای چەندین ساڵ شەڕ و کوشتن و لە سێدارەن و وێرانکردنی گوندەکان، حزبێکی نەتەوەپەرستی تورکیا دێت و دەستپێشخەریی ئاشتی رادەگەیەنێت و مەرجی دەخاتە روو بۆ ئەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رابەری پەکەکە دانوستان بکەن و لە رێگەی راگەیاندنی کۆڵدان لە خەباتی چەکداریی و حەل کردنی حزبەکەوە بچنە پرۆسەی ئاشتییەوە و ئەوانیش ئازادی بکەن.
ئەمە بە هەنگاوێکی وەرچەرخان دادەنرێت لە مێژووی تورکیادا، حزبێک کە نەک هەر پەکەکە بەڵکو دەم پارتیی ئێستاشی رەت دەکردەوە، بەڵام ئێستا پێیوایە بەهاوکاریی لەگەڵ ئەوان لە دەروازەی پرۆسەی ئاشتییەوە دەتوانن ئەو بارە قورسە لە کۆڵ تورکیا بکەنەوە.
ئەگەر ئەمە سەربگرێت و بەوە کۆتایی پێبێت کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەرلەمانی تورکیاوە حەلکردنی حزبەکەی رابگەیەنێت، دوو لایەنی دەبێت، یەکەم کورد پێدەنێتە قۆناغێكی نوێی خەباتەوە و ئەم نازناوی تیرۆریستییەی لێدەبێتەوە و دەتوانن بە چەندین رێگە بچنە ناو پرۆسەی سیاسیی تورکیاوە و لایەنی دووەمیش ئەوەیە کە چیدی لاوانی کورد نابنە قوربانی شەڕ و زیندانیکردن. 
هەرچی تورکیاشە ئەگەرچی لەژێر گوشار و لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە و بە ئەمری واقیع زانینی رۆژئاوا ملی نابێت، بەڵام ئەوانیش هەر سوودیان پێدەگات و وڵاتەکەیان دەردێنن لەم کێشە گەورە و ناسراوە، رەنگە بەمە رێگەش خۆش بکەن بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپاوە، چونکە هۆکاری سەرەکی قبووڵنەکردنیان کێشەی کوردە کە تورکیا رازینەبووە بچێتە ژێر باری بۆ چارەسەر و دانپیادانان.
دەمێنێتەوە ئەوەی ئایا عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەم پارتی گرەنتیی ئەوەیان مسۆگەر کردووە کە تورکیا پابەند دەبێت بەو رێکەوتنەوە دوای ئەوەی ناوبراو بچێتە پەرلەمان و ئەوە رابگەیەنێت؟ ئایا ئەوان ئەو رێککەوتنە لەگەڵ تورکیا بە پێی دەستوور دەکەن و دانیپیادا دەنرێت یان بە گۆڕینی حزبی حکومڕان ریسەکە دەبێتەوە بە خوری؟

وتارەکانی نوسەر