-42-
لە مێژووی حکومڕانی ئەمەوی، عەباسی، عوسمانی و سەرجەم دەوڵەت و دەسەڵاتە ئیسلامییەکانی دیکەدا کەنیزەک، کۆیلەی مێینە و گەلێک جار نێرینەش پانتاییەکی گەورەی داگیرکردووە، لە هەواڵنامە و رووداوەکانی ئەو مێژووەی خەلیفە و سوڵتان و دەست و پێوەندەکانیاندا، لە ئەنجامی تێریی و چەوساندنەوەی رەعییەتەکانیانەوە، کە بریتی بووە لە کردەی ئەمان و بردەی ئەو ستەمکارانە، ئەو مێژووە تائێستاش لە هەندێک رووەوە درێژەی هەیە و بنەبڕ نەبووە. دیاردەی کەنیزەک زۆرجار سەری خەلیفە و سوڵتان و دەوڵەتەکانیانی خواردووە و بووە بە پەڵە و خەوشی گەورە بەنێوچاوانیانەوە. کەنیزەک بە سەدان و هەزارانیان لە کۆشک و حەرەمی پادشادا بوون و ئەوانی کە لەبەردڵان بوون لای خەلیفە و سوڵتان ئەگەر کوڕی ببوایە خێرا ئازادی دەکرد و مارەی دەبڕی و بەمانە دەگوترا (دایکی کوڕان) و دواتر کوڕ لە حکومدا جێگەی باوکی دەگرتەوە، دایکی هاروونە رەشید و رۆکسلانای کەنیزەکی سوڵتان سلێمانی قانوونی و دایکی سوڵتان سەلیم لەوانە بوون و نموونەی دیکەش زۆرن. وا باسە موقتەدیر بیللای خەلیفەی عەباسی چوار هەزار کەنیزەکی هەبووە و لەگەڵ کوڕیژگەی غیلماندا (کۆی غولام) کەرەستەی رابواردنی پادشا بوون.
گەورەی کەنیزەکەکان قەهرەمانەیان پێگوتراوە و دەسەڵاتیان خۆیداوە لە شانی دەسەڵاتی پادشا. زۆر جوانەکانیشیان کە دەبوونە دڵخوازی رابواردنی سوڵتان لەو زیاتر دەسەڵاتیان بەسەر رەعییەتدا دەشکا. هەڵبەت لە خواری پادشاوە وەزیر و گزیریش بە هەمان دەستوور کەنیزەکی خۆیان هەبوو لە ماڵ و موڵک چییان بویستایە لە خزمەتیاندا بوو. کەس نەیدەوێرا بەرانبەر بە کەنیزەک بکۆکێت یان بە جۆرێک باسی بکات، تا جوانتر بوایە رەواجی زیاتر بوو. زۆرێک لەو سوڵتان و دەسەڵاتدارانە کە بە ناشەرعی لەدایک دەبوون هاوشێوەی حەڵاڵزادەکانیان پێیان رادەگەیشتن.
کە دەڵێن مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە لەم بوارەشدا راست و تەواوە. دەسەڵاتداری ئەم رۆژگارەش هەر نەوەی گومڕاکانی ئەو سەردەمە کۆنانەن. تۆ کە پارەی مفت و حەرامت دەستکەوت و خۆت و دەستوپێوەندت بەیتولمالی خەڵکی ستەمدیدەتان بە ناڕەوا بۆخۆتان قۆرخ کرد، هیچ جیاوازییەکت نابێت لەگەڵ دەسەڵاتدارە گومڕاکانی مێژوودا، تێری و خۆشگوزەرانیی ژیانت وا پێویست دەکات کەوا کەنیزەکی خۆتت هەبێت بە هەر ناوێکەوە بێت. تۆش ئێستا وەک سوڵتانەکانی جاران خۆت بە ژمارەی کەنیزەکەکانتەوە هەڵدەکێشیت و ئەگەر لەو دەمەدا جەڵەبی حوشتر و مەڕوماڵاتیان دەکردە خەڵاتی جوان و قەهرەمان و لەبەر دڵانەکانیان، تۆ ئێستا جی کڵاسیان دەکەیتە خەڵات و ئەویش بە لچی ئەستوور و سمت و کەفەڵی هەڵاوساویەوە بێشەرمانە جاڕی ئەوە دەدات کە بە رەنجی شان پەیدایکردووە، با خەڵکی بێ مووچە و بێ دەرامەتیش هەر لە ورگی خۆیان بدەن، کوردیش لەوەتەی بەر زوڵم و ستەمی بێئامان کەوتووە هەر دەڵێت: خوا لە سوڵتان مەحمود گەورەترە!.