دەڵێن لە زەمانی سەدام و شای ئێرانیش، ئەوەی بەلای پیاوەکانی ئەمنی عیراق و ساواکی ئێرانەوە گرنگ بوو لە تێڕوانینیان بۆ خەڵک، ئەوەبوو نۆکەری حزبی بەعس و راستاخیز و سەدام و شا بن، ئیتر هەرچی دەکەن بیکەن، لە کوێ دادەنیشن دانیشن، کام شارە دەچن بچن، لە کوێ ماڵ دەکڕن بیکڕن.
دەڵێن ئازادیی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام نازانن ئەوە رەنگاوی ئازادیی دەڤەری سەوزە کە بەرەو هەولێری پایتەخت دەیەوێت بچێت و رەنگ بداتەوە بەڵام لێڵی دەکەن و دەیشێوێنن.
ئاخر ناهەقمە بڵێم وایانکردووە کە هەوڵێر پایتەختی هەموو هەرێم نەبێت تا لەژێر دەستی ستەم و کۆتکردنی ئازادیدا بێت، ناهەقمە بڵێم با ئازادیی ئەم دەڤەرە بکەینە رووسووریی هەموو هەرێمی کوردستان بۆ خۆمان و کۆمەڵگەکەمان بەبەرچاوی جیهانەوە؟
دەکرێت بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریی نێودەوڵەتی، بۆ مامەڵەی دامەزراندن بچیت بۆ هەولێر و وەزارەتەکان بەسەر بکەیتەوە، بەڵام بۆ گلەیی و گازندە رێگەت نەدەن بچیتە ناو شارەکەوە؟
ئەرێ ناپرسن شارێک خۆپیشاندانی تێدا نەکرێت، نارەزاییەکی تیدا نەبینرێت؟ خەڵک مان نەگرێت؟ ئەگەر بکرێت رێگەی پێندرێت، چالاکوان و سەرپەرشتییانی بگیرێن و سزا بدرێن، کامێراکان دەستی بەسەردا بگیرێت، رۆژنامەنووس هەڕەشەی لێبکرێت، گازی فرمێسک رێژییان پیادا بکرێت، ئیتر ئەمە کوێی دیموکراسییە؟
ئەوەی چووەتە ئەوێ داوای مافی رەوای خۆی دەکات کە مووچەیە واتا (نان) و هەقی کاری خۆی، نەیووتووە حکومەت بڕوخێت کە مافی خۆیەتی واش بڵێت، نەیووتووە ئیتر بەسە پاشاگەردانی لەژێر دروشمی کوردایەتیدا، هەقیشیەتی بیڵێت، چونکە ئەمە لە چوارچێوەی وشەیەکدایە ئەویش(ئازادییە).
نان و ئازادیی لە مافە سەرەتاییەکانی هەر مرۆڤێکە لە جیهنادا و نابێت لێی زەوت بکرێت، نەمان وتووە حکومەت پارە بەسەر هەژاران و کەمدەرامەتدا دابەش بکات، نەمانووتووە پارە بدات بە بێکاران، دەڵێین ئەوەی مافی کارمەندی حکومەتە مووچەکەی لێ نەخوات بە بیانووی جۆراوجۆرەوە.
ئەوان واتا پیاوانی سەر بە حکومەتەکەی هەولێر و بەڕوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەند کەسێک دەخزێننە ناو خۆپیشاندەران وەک ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر لە بازگەی دێگەڵە کردیان کردیان بۆ شیواندنی رەوتی خۆپیشاندانەکە و بە سیاسیی کردنی.
چەند کەسێک چوونە ناو خۆپیشاندەران و دەچوونە بەردەم میکرۆفۆن و کامێراکان بەتایبەتی گەلی کوردستان و کوردسات، هەر بە بێ هیچ داوایەک یەکسەر دەیانووت ئەوانە ( پارتی و هێزە ئەمنییەکانی هەولێر) پیاوی تورکیان، سەر بە میتی تورکیان، یەکێ تر وتی رێگە بە میت دەدەن بەڵام ناهێڵن ئێمە بچینە ناوەوە، یەکێکی تر وتی ئەمان پیاوی ئێرانن ئەوانیش پیاوی تورکیان، یەکێکی تر وتی با بچن بۆ لای ئاغا ئەردۆغان، هەموو ئەم هاودەنگییە لەسەر ئەو رایە وایکرد لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆدا باسی ئەوە بکەن کە پەکەکە ویستویەتی دەستی تێبخات و بە ئاراستەیەکی تریدا بەرێت، لەبەر ئەوە ئەوان ئەو گردبوونەوەیە بە نایاسایی دادەنێن.
ئەوەی بەشداربووی راستەقینە بوو، داوای مووچەی دەکرد، یەكێک وتی تەوتین و مووچەی مانگی دوانزەمان دەوێت، بەڵام ئەوانەی نێردرابوون بە مەبەست پێش هەر شت باسی تورکیا و میتیان دەکرد، تا وەزارەتی ناوخۆ بیکاتە بیانوو لای نێوەندە نێودەوڵەتییەکان بڵێت بۆیە رێگەمان نەداون سەر بە پەکەکە بوون و ویستویانە بێنە ناو هەولێرەوە و گێرە شێوێنی بکەن.
بەمەش ئەو چاودێرە نێودەوڵەتییانە رازی دەکەن بەوەی کە هۆکارەکەیان گونجاو بووە، دەنا هەروەک لە پێشەکی بەیانەکەدا هاتووە (ئەوان هەمیشە لە ریزی پێشەوەی خەڵکن و لەگەڵ داوا رەواکانیاندان)!.
داخوازیی نان و ئازادیی، بە لێدان و گازی فرمێسک رێژ وەڵام درایەوە لە بازگەی دێگەڵە