گروپی چەکداری سوریی سەر بە تورکیا

ئەحمەد شەرع دەتوانێت چییان لێ بکات؟

10:26 - 2025-02-18
هیوا محەمەد
1031 خوێندراوەتەوە

لەپڕ ئەسەدیان  راونا و پڵنگێک هاتە جێگەیی و بووە پاشای دارساتانەکە، ئەوان وایان زانی هەر ئەسەد پشکی شێری دەوێت و ئەوانی تر دەچەسێنێتەوە، بەڵام کە پڵنگیان دیت و پێشوازییان لێکرد، ئەوجار بۆیان دەرکەت کە ئەم ماستە موویەکی تێدایە.
ئەحمەد شەرع بە بەرگی سەربازییەوە دەرکەوت، بەرگێکی جوانی پۆشتە، چەکدارەکانی هاوەڵیشی بە هەمان شێوە بە جلی یەکپۆشی مەشقپێکراوەوە هاتن و هەر بە هووها، ئەسەدیان راونا و لەماوەی 10رۆژێکدا کۆتاییان بەو حکومڕانییە هێنا.
بەرنامەی کاری شەرع و هاوەڵەکانی، پێشتر داڕێژراوە و پێیان وتووە چۆن هەنگاو دەنێت، هەر بۆیەش لە هەڵوێستەکانیدا دەرکەوت کە رەوتی ئەم تازە حکومڕانە بەرەو کوێ دەچێت و ئامانجی چییە؟
تا هەفتەیەکیش دوای راکردنی ئەسەد و هاتنی شەرع، ئیسرائیل بە چڕی هەرچی توانا سەربازییەکانی سوریا هەیە بۆردومانی دەکرد و تێکی دەشکاند، لەبەرامبەردا شەرع و گروپەکەی هیچیان نەدەوت و لە ئەلف نەهاتنە بێ، تا چەند رۆژێک لەمەوپێش بۆ رازیکردنی شەقامی عەرەبی، ورتەیەکی لێوەهات و داوای کرد ئیسرائیل رێز لە سەروەریی سوریا بگرێت، ئەو سوریایەی کە پێشتر کوانی ئاگر بوو بۆ ئیسرائیل. 
ئەمە لە لایەک و لەولاشەوە رێگرییکرد لەوەی هەر ئێرانییەک بێتە ناو خاکی سوریاوە، جا سەرنج بدەن، ئیسرائیل لە زاری ناتانیاهۆوە رایگەیاند کە بۆ هەتاهەتایە بەرزاییەکانی جۆلان موڵکی ئیسرائیلە، شەرع بێ دەنگ بوو، بەڵام بۆ هاتنی کەسێکی ئێرانی رێگرە، ئەمەش هاوتای سیاسەتی ئیسرائیلە بەرامبەر ئێران!.
لەژێر گوشارە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئەمریکا و فەرەنسا، تورکیای خاوەنی گروپەکەی شەرع ناچار کراوە کە دان بەوەدا بنێت دەبێت هەموو پێکهاتەکان بەشداریی حکومڕانیی بکەن، بۆیە شەرعیش چەند جارێک جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە سوریایەک بنیات دەنێن هەموو پێکهاتەکان بەشدار بن تیایدا، بەڵام لە راستیدا ئەمە بەخواست و حوسن و رەزای خۆیان نییە و ناچار دەکرێن. 

کورد بەمە رازی دەبێت؟
کوردەکان وەک پەیەدە و هەسەدە، رازی نابن بێ بەشداریی سەرەکیی ئەوان هیچ هەنگاوێک بنێن و بەوەی نازانن لە خزمەتی سوریادا بێت، بۆیە لەدوا لێدوانی ساڵەح موسلیمدا، ئەوە دەردەکەوێت کە کۆبوونەوەیەکی گشتگیر بێ بەشداری نوێنەری راستەقینەی ئەوان وەک بەشێکی حکومڕانیی خۆیی دۆستی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هیچ کات لەلایەن ئەوانە دانیپیادانانرێت و سەرکەوتووش نابێت. 
هەرچی تورکیاشە دەیەوێت گروپێکی خۆشەکراوی سەربەخۆیان لە کوردەکان بێنێتە پێش و بەشدارییان پێبکات، تا بە نێوەندە نێودەوڵەتییەکان بڵێت، فەرموون ببینن ئەمەش نوێەری کوردە، هەروەک ئەوەی رژێمی بەعس لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو کردی بە دابەشکردنی شۆڕشی کورد لەنێوان چەکداریی و کاری بەرەییدا.
هەر لەم روانگەشەوە سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، لە ئیمارات وتی کە پەیەدە و هەسەدە نوێنەری هەموو کورد نین لە سوریا.
ئێستا ماوەتەوە سەر ئەوەی، شەرع بێدەنگە لە ئاست ئەو گروپە چەکدارە سورییانەی کە سەر بە تورکیان و لە دژی شەڕڤانانی رۆژئاوا دەجەنگن، ئەگەرچی بڕیاریان داوە هەرچی هێزی چەکدارە لەناو سوپای سوریادا کۆیان بکەنەوە، بەڵام لە ئاست ئەوانەی سەر بە تورکیان واتا سورین و کار بۆ تورکیا دەکەن، شەرع بێدەنگە، بەواتایەکی تر دەیانەوێت ناڕاستەوخۆ لە شەڕدا بن بەرامبەر کورد. 
دەبێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، کات بە فیڕۆ نەدەن و هەرچی زووتر ئەمە یەکلایی بکەنەوە کە ئایا لەگەڵ ئەوەن کورد لەڕیگەی پەیەدە و هەسەدەوە بەشداریی کردەیی و کاریگەر پێبکەن لە سوریادا؟ یان بەم جۆرە چەند ساڵێک بەڕێدەکەن و کورد وەک چەکدارای ئازاو دلێر بە بیانووی لێدانی تیرۆریستان بەکاردێنن، دواجاریش پشتی تێدەکەن؟ 
پرسیاریش لە شەرع و حکومەتەکەی ئەوەیە: کەی ئەو وتانە جێبەجێدەکەن کە سەبارەت بە کورد دەیڵێن؟ ئایا لێدوانەکانی شەرع هەر وتەیە و بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و سیناریۆکەی بەم جۆرە بۆ دانراوە؟ یان بەڕاستی دەیانەوێت کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکیی دوای عەرەب بناسێنن؟

وتارەکانی نوسەر