بەرگریکردن و بە دەمەوە چوون و سەردانی بەردەوامی ھاووڵاتیان لە چین و توێژەکان، مایەی دەستخۆشی و شانازی بوو کە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی خەڵکی سلێمانی
مانگرتن مافێکی بنەڕەتییە و چارەنووسسازترین داواکارییە بە مەبەستی هێنانەدی گۆڕانکاریی و گوشار خستنە سەر حکومەت و وانەیەکی لەبیرنەکراویش بۆ نەوەکانی داهاتوو بە جێدەهێڵێت، بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو.
لە دوو هەفتەی رابردوودا، باسی مانگرتووانی سلێمانی سەرنجی هەمووانی راکێشا و بوو بە پرسێکی نیشتمانی و مەرگ و ژیانی چەند مرۆڤێک کە سیانیان ژن بوون بە کەش و هەوایەکی سارد و بەستوو لەژێر خێمەیەکدا مانەوە بە بێ خواردن، لەپێناوی داواکردنی مافە رەواکانی هەموان.
مانگرتنەکە پشتیوانیی سەرتاسەریی بەدەستهێنا، لە هەموو چین و توێژەکان، جێگای خۆیەتی راوەستانێک بکەین لەسەر هەڵوێست و مامەڵەی هەندێک لە گروپەکان و لایەنەکان.
یەکەم: بەرگریکردن و بە دەمەوە چوون و سەردانی بەردەوامی ھاووڵاتیان لە هەموو چین و توێژەکان، مایەی دەستخۆشی و شانازی بوو کە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی خەڵکی سلێمانی.
دووەم: هەڵوێست و مامەڵەی تەندروستیی سلێمانی و خۆبەخشانی کارمەندان و پزیشکان، ئەوپەڕی جێگای دەستخۆشی و پێزانین بوو.
سێیەم: پشتگیریی ماددی چەند بازرگانێک بۆ دابینکردنی لۆجیستکی، هاوکارییەکی جوان بوو.
چوارەم: مامەڵە و سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە بەراورد لەگەڵ رووداوەکانی رابردوو، مایەی شانازییە و بۆتە پیشەی هەمیشەیی لە سیاسەتی مەدەنییانەی ئەم حزبە لەگەڵ ناڕەزاییەکان و جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی سەردانیکردنی مانگرتووان لە لایەن سەرۆکی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەت، دەرخەری ئەم راستییە بوون و هەڵوێستێکی خەمخۆرانە بوو، لە کاتێکدا کە لە هەنگاوێکی نادیموکراسیدا، رێگای چوون بۆ پایتەخت بە رووی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمدا داخرا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە.
پێنجەم: لە رۆژی کۆتاییهێنانی مانگرتنەکەدا، پشتیگیری و داخستنی شوێنی کاسبکارانی ناو بازاڕ بۆ ماوەی یەک سەعات، هەڵوێستێکی جوامێرانەی بەشێکی زۆری کاسبکارانی سلێمانی بوو.
مامۆستایان و فەرمانبەران لە لێواری هەژاریدان و خۆپیشاندانی چەند جارەیان ئاماژەیە بۆ ئاڵەنگاری جددی، داواکارییەکانیان رەوایە و بژاردەیەکی تریان نەماوە بۆ داواکردنی مافەکانیان.
لەکاتێکدا کە ئاسایشی ئابووری نییە و حکومەتیش شکستی هێناوە لە چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییەکان و لە ساڵانی رابردووەوە تا ئێستا بڕیارێکی کۆنکرێتی دەرنەکردوە بۆ چارەسەری گرفتەکان.
لە هەموو کات و سەردەمێکدا پشتیوانیکردنی مانگرتوان، ئەرکێکی نیشتمانییە، بەتایبەتی ئەگەر چینێکی خوێنەواری وەک مامۆستایان و فەرمانبەران بن و پێویستە هەموو کەس و لایەنێک پشتگیریی خواستەکانیان بکات.
دانوستان و راوێژکاری، لەنێوان نوێنەرانی حکومەت و مامۆستایان و فەرمانبەران، ئامڕازێکی گرنگە بۆ یەکخستنی ئامانجەکان و دامەزراندنی هاوسەنگیی لەنێوان هەردوولایان، هەروەها زۆر گرنگە بۆ رێگریکردن و باشتر مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان
لەکۆتاییدا، دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە شێوازی کۆتاییهێنان بە پرۆسەکە و شکاندنی مانگرتنەکە، بەبەشداریی و دەستپێشخەری چەندان گروپ و کەسایەتی جیاواز، ئاماژە بوو بۆ ھۆشیاریی و زیندوێتی و ھاوخەمیی و باوەڕبوون بە خەباتی مەدەنی لە کۆمەڵگاکەماندا.