هەڵکەوت عەبدوڵڵا(*)
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەرپێچییەكانی هاتوچۆ لە شاری سلێمانی لە هەڵكشاندابوون، بە رادەیەك كە بوونەتە نەریت، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر سەلامەتیی هاتوچۆ، كاتێك بەدواداچوونم بۆ هۆكارەكانی سەرپێچییەكان كرد، چەند بۆچوونێكم بۆ ئاشكرا بوو:
- هەندێك گرێی دەدەنەوە بە قەیرانی داراییەوە، چونكە پۆلیسی هاتوچۆ، كە لایەنی بەرپرسیارە بەرامبەر بە چاودێریكردنی رەوشی هاتوچۆ و تۆماركردن و سزادانی سەرپێچییەكان، لەبەر وەرنەگرتنی مووچە، وەك پێویست كاری خۆیان رایی نەكردووە، هەندێك كاتیش بایكۆتی دەوامیان كردووە و هاتوچۆیان رادەستی بەكارهێنەرانی هاتوچۆ كردووە.
- هەندێكی دیكە گرێی دەدەنەوە بە سەرپێچیكردنی كەسانی دەسەڵاتدارەوە، كە رازی نین پۆلیسی هاتوچۆ لێیان بپرسێتەوە، ئەگەر پۆلیسێكیش زاتی ئەوە بكات لێپێچینەوە لەگەڵ نەك بەرپرسێك، بەڵكو لەگەڵ پاسەوان و شۆفێرەكەشیدا بكات، چارەنووسی سزادان دەبێت، ئەمەش خەمساردیی لای پۆلیسەكان دروستكردووە و گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی، مادام ناتوانن سزای سەرپێچییەكانی دەسەڵاتداران بدەن، بۆچی لێپێچینەوە لە كەسانی ئاسایی و هەژار بكەن و سزایان بدەن.
- هەندێكی دیكە دەیگێڕنەوە بۆ كوالێتی مۆڵەتپێدان و پێیانوایە لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا ئەوەندەی مۆڵەتبەدەست بەرهەمهێنراوە، بایەخ بە دروستكردنی شۆفێر نەدراوە، كاتێك كەسێكیش نەبووبێتە شۆفێر و بە باشی ئاشنانەبووبێ بە یاسا و رێساكان و مانۆڕەكانی هاتوچۆ و ئۆتۆمبێل لێخوڕینی سەلامەتخوازانە، ناتوانێت سەرپێچیی نەكات و مەترسی نەخاتەوە.
- هەندێكی دیكە دەیگێڕنەوە بۆ كەشی سیاسیی كوردستان و سەرپێچیكردن وەك جۆرێك لە ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە دەسەڵاتی سیاسی لێكدەدەنەوە.
- هەندێكی دیكە دەیبەستنەوە بە تەمەنی هەرزەكارییەوە، كە نابەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ هاتوچۆ دەكەن و لاسایی فیلمەكانی سەرچڵی دەكەن و خەیاڵ دەخەنە جێگەی واقیع.
- هەندێكی دیكە گرێی دەدەن بە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، كە بێ گوێدانە یاسا و رێساكان سەرپێچیی جۆراوجۆر دەكەن و لێپێجینەوەیان لەگەڵ ناكرێت، ئەوەش وا لە هاوڵاتیانی دیكە دەكات رووبكەنە سەرپێچی.
دیارترینی ئەو سەرپێچییانەی لە شاردا بوونەتە نەریت:
1 - لێخوڕین بە خێرایی نایاسایی.
2 - بەكارهێنانی مۆبایل لە كاتی ئۆتۆمبێل لێخوڕیندا.
3 - لێدانی ترافیك لایتی سوور.
4 - سوڕانەوە لە یەكتربڕ یان شوێنی سوڕانەوەدا لە سایدی دووەمی شەقامەوە.
5 - نەبەستنی پشتێنی دڵنیایی.
6 - ئۆتۆمبێل لێخوڕین بە سەرخۆشی.
7 - ئۆتۆمبێل لێخوڕینی شەڕانگێز.
8 - غەفڵەتبوون بەهۆی رادیۆ، ڤیدیۆ، قسەكردن، منداڵ، خواردن و خواردنەوەوە.
9 - لێخوڕین بە پێچەوانەی ئاڕاستەی یاساییەوە.
10 - ماتۆڕسواریی نایاسایی.
هۆكارەكان هەرچییەك بن، ئەركی سەرشانی لایەنی پەیوەندیدارە ئاوڕێكی جدی لەم كێشەیە بداتەوە و چارەسەری دەستوبردی بۆ بدۆزێتەوە، بەر لەوەی ببێتە كارەساتێك، كە بۆ چارەسەركردنی هێز و توانا و پارەی زۆر پێویست بێت.
(*) شارەزای بواری هاتوچۆ