د. نەوزاد عەلی ئەحمەد - ستۆکهۆڵم
مانگی ئازار، ئازاری نەتەوەیەکی بندەست و داگیرکراوە، هەمیشە خوێن بۆتە ئایکۆنی ناسینەوەی، کە ساڵانێکە خەباتی جۆشداوە، بەڵام تەنیا چەندجارێک دۆسێی لە ناوەندەکانی بڕیاری دنیادا بۆ کراوەتەوە، ئەگەرنا چاوەڕوانیی خەریکە بێئومێدی دەکات!.
ئازار چەندان بۆنەی جیاوازی نەتەوەیی و نیشتمانیی، لە ئامێز ناوە و ساڵانە بەهەمان ریتم و گوتار، هۆڵ و شەقامەکان پڕ دەکرێن لە یادەوەریی دووبارە و چەندانبارە.
- 5ی ئازاری 1991 بۆنەیەکی گەرمی کۆڕی خەباتی کوردەوارییە، ئێستاش بەهەمان حەماسەتی شۆڕشگێڕیی، یادی ئەو بۆنەیە دەکرێتەوە، گوتارەکان ئەوەندە سوواون لاپەڕەکانی مێژوو بەخۆیان ناگرن.
- چەند ساڵێکە، ناوەندەکانی زانکۆ و دەرەوەی زانکۆکانیش، لەسەر زمانی دایک دەوەستن و زۆربەیان بە زمانێک لێدوان و وتار و گوتار دەدەن، کە گوایە زمانی کوردی لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە، ئەرێ گەلۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت چۆن دەتوانێت بەر بە گڵۆباڵ بگرێت و سنوورێک بۆ پەلوپۆکردنی زمانی ئینگلیزی دابنێت!؟ ئەوروپا بە هەموو هێزی خۆی ناتوانێت ئەو کارە بکات.
- لە یادکردنەوەی 11ی ئازاریش، دوو گوتار، یاخود دوو ئاراستەی کارکردن هەیە، کە لەم مەحفەلەدا حزب رۆڵگێڕە، ئەوەی سەیرە هەندێک کەس ساڵانە قسە و باس لەو بارەوە فڕێ دەدەن، بەڵام دڵنیام، ئاشنانین بە دەقەکانی ئەو بەیاننامەیە، پێش هەموو شتێک نازانن، 11ی ئازار بەیاننامەیە، نەک رێککەوتن!.
- نامەوێت و مەبەستیشم نییە، باس لە نەورۆز و کۆڕەو و رۆژی جلی کوردی بکەم!.
- خەمێکی دیکەش لەو لاوە بووەستێت، ئەویش یادکردنەوەی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەیە، بەداخەوە ئەو کارەساتە گەورەیە ساڵانە بچووک و بچووکتر دەکرێتەوە و زیاتر بە لۆکاڵ دەکرێت!، پلانێک نەبووە، کۆنفرانسێکی گەورە، یاخود زیاتر لە سەحنەی وڵاتە زلهێزەکان ببەسترێت، ئەرێ بۆ نەمانتوانی هەڵەبجە بکەین بە شارێکی نموونەیی، لە ئاوەدانی و گەشتیاریی !؟
ئەگەر سیستمێکی بانکیمان دەبوو، بە یەک کلیک دەمزانی ساڵانە، چەندان هەزار و هەزاران دۆلار لەم یادانە سەرفکراون، بە تایبەتیش بۆ ئەمساڵ، کە لە هەموو کونج و کەلەبەرێکی ئەم هەرێمە یادی رۆژی زمانی دایک کرایەوە.
تکایە با ئەو یادانە لە نمایش و خۆنمایشکردن دەرباز بکەین.