كاتێك به‌رگری له‌ش كه‌مده‌بێته‌وه، جه‌سته نه‌خۆش ده‌كه‌وێت، به‌هه‌مانشێوه كاتێك كۆمه‌ڵگه به‌رگریی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌م ده‌بێته‌وه په‌تاكان بڵاوده‌بنه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئاستی هزری، کەلتوری، په‌روه‌رده‌یی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌خۆش ده‌كه‌وێت. كه‌واته چه‌نده پێویسته مرۆڤ بۆ خۆپاراستن له نه‌خۆشی به‌رگری له‌شی به‌رز بكاته‌وه، به‌و ئه‌ندازه‌ش پێویسته كۆمه‌ڵگه به‌رگریی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاد بكات تا له ده‌رده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان خۆپارێزی بكات. هاوكات تووێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان پشتڕاستكردووه‌ته‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوان قه‌یران و كاره‌ساتی سروشتی و په‌تاكان له‌گه‌ڵ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی خۆپارێزی و به‌هێزبوونی به‌رگریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه به‌رامبه‌ر په‌تاو نه‌خۆشییه‌كان هه‌یه، بۆ وێنه له كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاو درمه‌كاندا، رێژەیەکی زۆر لە دانیشتووان ده‌كوترێن، هه‌ربۆیه به‌رگریی گشتی دروستده‌بێت و ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی كه‌مده‌بێته‌وه.
ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵگه ده‌بنه‌وه فره و هه‌مه‌چه‌شنن، بۆیه پێویسته به‌رگریی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێزبكرێت تادۆخی هاوسه‌نگی بگه‌ڕێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه. مه‌به‌ست له به‌رگریی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و میكانیزمانه ده‌گرێته‌وه كه له زنجیره‌یه‌ك ئه‌زموونی شه‌ڕه‌نگێزانه‌وه وه‌رگیراوه‌ن، ده‌كرێت له رابردوودا قه‌واره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌یان كردبێته ئامانج. له‌ڕاستیدا ئەم میكانیزمانه لە یادەوەری بەرگری بەکۆمەڵەوە ئامادە دەکرێن کە لە رێگەی پێگه‌یاندن و ئاساییکردنەوەی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه وه‌رگیراون و ماونه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڵگیراون و لێوانلێون لە بەها کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان، بە تەواوی ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو مەترسییەک یان شەڕەنگێزییەکی نوێ كه روو له كۆمه‌ڵگه ده‌كات. هه‌روه‌ها بە شێوەیەکی بەرفراوان توانای خۆگونجاندنی كۆمه‌ڵگه زیاد ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ره‌وشه نوێیه‌كان كه ده‌بنه هه‌ڕه‌شه بۆ مانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی.
چه‌نده پێویسته مرۆڤ بۆ خۆپاراستن له نه‌خۆشی به‌رگری له‌شی به‌رز بكاته‌وه، به‌و ئه‌ندازه‌ش پێویسته كۆمه‌ڵگه به‌رگریی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاد بكات تا له ده‌رده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان خۆپارێزی بكات
ده‌توانرێت بوترێت بەرگریی کۆمەڵایەتی لە روانگەی پەروەردەیی و کەلتورییەوە توانای کۆمەڵگه‌یەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیرۆکەی نەرێنی یان رەفتارە نامۆکان، کە هەڕەشە لە یەکگرتوویی و شوناسەکەی دەکەن. یه‌كێك له‌و ئاڵنگارییانه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه و مه‌ترسی بۆسه‌ر قه‌واره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وەژیانی ئاشتییانه دروستده‌كات بڵاوبوونه‌وه‌ی (توندڕه‌وی و په‌ڕگیرییه) كه ده‌كرێت هه‌ریه‌ك له‌مانه ببنه هه‌ڕه‌شه‌ی جددی له‌سه‌ر سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه. له‌م كاته‌دا كۆمه‌ڵگه له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستی به به‌هێزكردنی به‌رگریی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌لایه‌نی کەلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه. ئه‌م بابه‌ته‌ش له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر جیاوازه به گوێره‌ی ئه‌زموون و مێژووی كۆمه‌ڵگه‌كه، هه‌ربۆیه توانای کۆمەڵگه‌یەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیرۆکەی توندڕەوی، دەنگۆ، شەڕی دەروونی، یان ئەو هەڵمەتانەی کە ئامانجیان تێکدانی یەکڕیزی و سەقامگیرییه، وه‌كو یه‌ك نییه و جیاوازه.
کۆمەڵگەیەکی بەهێز دەتوانێت بە خێرایی و کارایی وەڵامی قەیرانەکان بداتەوە، لە رێگەی هاوکاریی نێوان تاک و دامەزراوەکانی. بۆ نموونه كاتێك كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك رووبه‌ڕووی په‌تایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌كو توندڕه‌ویی ده‌بێته‌وه ئه‌وا پشت به‌ڕاده‌ی لێهاتوووی دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌به‌ستێت بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه. گه‌ر هاتوو رێكخراوه حكومی و ناحكومییه‌كانی به‌هێزبن ئه‌وا ده‌توانن له رێگه‌ی هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و خستنه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كانی توندڕه‌ووی، به‌رگرییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی وایان هه‌بێت له‌و په‌تایه پارێزراوبن. هه‌ربۆیه كاتێك هاوئاهەنگی لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگایەکدا هەبێت، توانای تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان زیاتر دەبێت. جیا له‌وه‌ش ده‌بینین هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگاری نوێی هه‌یه و چه‌ندین گۆڕانكاریی خێرا رووی تێده‌كه‌ن به‌ڵام ئەو کۆمەڵگایانەی کە خۆڕاگری کۆمەڵایەتی بەهێزیان هەیە، یارمەتیان دەدات خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییە لەناکاوەکاندا بگونجێنن. به‌تایبه‌ت لە کاتی قەیرانەکاندا، وەک لافاو یان قەیرانی ئابووری، ئەم توانای گونجاندنە دەتوانێت لە پێشخستنی سەقامگیری کۆمەڵگه‌دارۆڵی گرنگی هه‌بێت.
چاره‌سه‌ر چییه؟ پێشخستنی هۆشیاری لە بەها مرۆییەکان و بنەما کۆمەڵایەتییەکانی وەک لێبوردەیی، دادپەروەری و یەکسانی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ململانێ و توندوتیژی. جگه له‌وه‌ش پەروەردەکردن لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازییە کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان بەبێ پەنابردنە بەر توندوتیژی هەنگاوێکی گرنگە بۆ بونیاتنانی خۆڕاگری کۆمەڵگه. هه‌روه‌ها کاتێک تاکەکان هەست دەکەن سەر بە کۆمەڵگەیەکی بەهێز و پشتیوانن، ئەوا سەرچاوەی باشتریان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیران و ململانێکان.
كه‌واته دامەزراوەکانی خێزان، قوتابخانە و کڵێسا یان مزگەوتەکان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە رێنماییکردنی تاکەکان بەرەو رەفتارە دروستەکان و له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌توانن به‌شداربن له به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌رگریی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. ئەگەر ئەم دامەزراوانە پاڵپشتییەکی بەهێزی دەروونی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی پێشکەش بکەن، ئەوا بەشداریدەکەن لە بونیاتنانی کۆمەڵگایەک کە توانای رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و قه‌یرانی ئابووری و ته‌ندروستی و کەلتوری هەبێت.
*مامۆستای زانكۆی سلێمانی