دیدى کۆمەڵناسی بۆ تاوان

لە پەراوێزى زیادبوونى تاوانى کۆمەڵکوژیدا

10:55 - 2025-03-25
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
84 خوێندراوەتەوە

ئەوەى لەم هەرێمەدا هەستیپێدەکرێت ئەوەیە، کە بە شێوەیەکى بەرچاو لە راگەیاندن و ئامڕازەکانى راگەیاندنەوە، تیڤی بێت یان ماڵپەڕەکان، دیمەنى توندوتیژى پەخش دەکرێن و لێرەدا خەڵک تەماشایان دەکات
مرۆڤایەتى بە دیاردەى کوشتن نامۆ نییە، لەوەتەى مرۆڤ هەیە کوشتنیش هەیە، بەڵام ئەم دیاردەیە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکى تر و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکى تر رێژەکەى لە گۆڕاندایە. جیا لەوەش لە کۆمەڵناسیدا ئەم دیاردەیە پانتاییەکى فراوانى داگیرکردووە و چەندین تیۆر و قوتابخانەى هزرى دەربارەى دواون. بۆ وێنە ئێمیل دۆرکهایم کە یەکێکە لە سیمبوڵەکانى کۆمەڵناسی کلاسیک،  پێیوایە کوشتنى بە ئەنقەست کردەوەیەکى مەبەستدارە و ئامانجى کوشتنى مرۆڤێکە، کە فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارن و ئەوان پاڵ بە بکوژەوە دەنێن بۆئەوەى بە ئەنقەست کۆتایی بە ژیانى کەسێک بهێنێت. لە هەرێمى کوردستاندا تاوانى کوشتن روو لە هەڵکشانە، چونکە دیاردەکە بۆتە مۆتەکەى خەڵک، هەر بەیانییەک لە خەوهەڵدەستین هەواڵێکى جەرگبڕى کوشتن دەخوێنینەوە، میدیاى کوردیش بێویژیدانانە رووماڵى دەکەن، هاوکات پەیجە سێبەرەکان، ترشوخوێی دەکەن و تۆقین لە نێوان خەڵکدا بڵاودەکەنەوە. هەروەها فۆرمێکى ترى کوشتن پەرەیسەندووە کە ئەویش کوشتنى بە کۆمەڵە یان کۆمەڵکوژییە، لەم دوایانەدا لە هەولێر و سلێمانى هەواڵى جەرگبڕمان خوێندەوە. 

تاوان لە روانگەی کۆمەڵناسییەوە
تاوان هەر کارێکە کە مرۆڤ لە پاڵنەرە تاکەکەسییەکانەوە ئەنجامی دەدات و ژیانی گروپ و ئاستی ئەخلاقی زاڵ لە کۆمەڵگە تێکدەدات. هاوکات کۆمەڵناسەکان پێیانوایە تاوان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و بەتاوانکردن خۆی ئەو حوکمەیە لەلایەن کۆمەڵگەوە دەردەچێت لەسەر هەندێک جۆری رەفتار بەبێ گوێدانە دەقی یاساکان. لەلایەکى ترەوە هەندێکی تر تاوان بە رەفتارێک دەزانن، کە دەوڵەت بەهۆی پێویستییەوە قەدەغەى کردووە و سزاى بۆ بکەرانى داناوە. کەواتە تاوان بە گشتی رەفتارێک پێکدەهێنێت کە دژە کۆمەڵایەتییە و زیانبەخشە بۆ کۆمەڵگە. جیا لەوەش تاوان بە پشتبەستن بە توخمە یاساییە باوەکان پێناسە دەکرێت و لەم روانگەوە بریتییە لە(پێشێلکردنی دابونەریتی باو، کە پێویستی بە سەپاندنی سزا بەسەر سەرپێچیکارەکەیدا هەیە). 
هەرچەندە دۆرکهایم زیاتر بایەخ بە فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان دەدات بۆ راڤەکردنى دیاردەى کوشتن، بەڵام مۆدێلی بایۆسایکۆکۆمەڵایەتی روونکردنەوەیەکی گشتگیر بۆ رەفتاری تاوانکاری دەدات بە سەیرکردنی هۆکارە بایۆلۆژییەکان(وەک جینات و گۆڕانکاریی کیمیایی لە مێشک)، دەروونی(وەک تێکچوونی دەروونی و کەسایەتی) و کۆمەڵایەتی(وەک ژینگەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە کەسییەکان). ئەم تێڕوانینە تەواوکار و پڕمانایە، چونکە هۆکارەکانى تاوان بۆ چەندین سەرچاوە دەگێڕێتەوە.

کۆمەڵکوژی بۆتە دیاردە؟
کۆمەڵکوژی کردەوەیەکى توقێنەر و کارەساتبارى نێو کۆمەڵگە مۆدێرنەکانە، ئەم رووداوانە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا چەندینجار روودەدەن، بەڵام چەندین پرسیارى قوڵ بەدواى خۆیاندا دەهێنن و دەمانخەنە داوى گەڕان بەدواى وەڵامەکانیاندا. تایبەتمەندییەکی ئەم رووداوانە ئەوەیە کە شۆکێکی قووڵ لە کۆمەڵگادا بەجێدەهێڵن و کۆمەڵناسەکان پێیدەڵێن، ترس و تۆقینى ئەخلاقی(Moral panic)، کە ئەمەش ئەو هەستە چڕ و پڕە لە ترسە کە لە ئەنجامی رووداوێکەوە دێتە ئاراوە کە وا لە کۆمەڵگە دەکات، خەیاڵی ئەوە بکات کە بەهۆی خراپەکارییەکی راستەقینەوە خۆشگوزەرانی و سەلامەتی کۆمەڵگە کەوتۆتە مەترسییەوە. لێرەدا خەڵک متمانەى بەرامبەر کۆمەڵگە لەدەستدەدات و چیتر بە لانەیەکى ئارامی نازانێت، چونکە دۆخێک دروست بووە کە کۆمەڵناسی ناوزەدى کردووە بە دۆخی ئەنۆمی و نەمانى پێوەر و پێودانگى کۆمەڵایەتى.
کۆمەڵناسی ئەمریکى(چارلس کولی) لەو باوەڕەدایە، کە تاوان بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتییەوە سەرهەڵدەدات، کە لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکان و گروپەکان دێتە گۆڕێ، هەروەها تاوانى کوشتنیش لە ئەنجامی دەرکەوتنی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدات، ئەمەش دەبێتەهۆی لەدەستدانی کاریگەریی رێسا و یاساکانی کۆمەڵگە لەسەر تاک.

میدیا و تاوان
ئەوەى لەم هەرێمەدا هەستیپێدەکرێت ئەوەیە، کە بەشێوەیەکى بەرچاو لە راگەیاندن و ئامڕازەکانى راگەیاندنەوە، تیڤی بێت یان ماڵپەڕەکان، دیمەنى توندوتیژى پەخش دەکرێن و لێرەدا خەڵک تەماشایان دەکات و تێبینییان دەکات و لاساییان دەکاتەوە و فێرییان دەبێت، بە گوێرەى تیۆرى فێربوون بە سەرنجدانەوە. هەربۆیە ئەلبێرت باندورا، کە دامەزرێنەری تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتییە، پێیوابوو کە کاتێک تاکەکان شایەتحاڵی مۆدێلی شەڕەنگێزین لە ژینگەکەیاندا، جا چ راستەقینە بێت یان لە میدیادا بیبینن، لەوانەیە فێربن کە توندوتیژی ئامرازێکی قبوڵکراوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی یان دەربڕینی بێزاری. بەم شێوەیە بەرکەوتنی بەردەوام بە توندوتیژی لە میدیاکان یان لە ژینگەی کۆمەڵایەتییدا، دەتوانێت بەشداربێت لە دروستبوونی رەفتارە توندوتیژەکانی وەک کوشتنی بەکۆمەڵ.

ئەنجام
وەکو چۆن پاڵنەر و هۆکارەکانى تاوان فرەن، ئاوهاش رێگاکانى رێگرییکردن لێی فرەن، چونکە چەندین هۆکار هەن پەیوندییان هەیە بەشێوازى حوکمڕانى و ئاستى لێهاتووى حکومەت و دەزگاکانى بۆ رووبەڕووبونەوەى ئەم دیاردەیە، کە پێویستە بە خێرایی هەنگاوى پێویستى بۆ بنرێت و سزا یاساییەکان جێبەجێ بکرێت، هاوکات رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و بڵندگۆ جەماوەرییەکان و میدیا و زانکۆکان، هۆشیارى بڵاوبکەنەوە و توێژینەوەى پێویست ئەنجام بدرێت و هۆکار و رێگە چارەەکان بە ئامانجى کەمکردنەوەى تاوان بخرێتەڕوو.

* مامۆستا لە زانکۆی سلێمانى

وتارەکانی نوسەر