خێزانکوژی‌ (Familicide) تراژیدیایەکی‌ تۆقێنەر

11:27 - 2025-03-17
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
129 خوێندراوەتەوە

لە توێژینەوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەم تاوانبارانە زۆرجار پێشینەی تاوانییان نییە و کاری باشییان هەیە و خێزان و هاوڕێیان هەیە، جیالەوەش کەسانی‌ سەرکەوتوون لە ژیاندا و هەرگیز وادەرناکەون توانای کوشتنی کەسییان هەبێت 

پیاوێک ئاگری لە ژنەکەی‌ و سێ منداڵەکەی‌ بەردا، تەماشاییکردن تا سووتان و مردن، هاوکات پیاوێکی‌ تر دەستڕێژی‌ گوللەی‌ لە باوکی‌ و دایکی‌ و تەواوی‌ خوشک و براکانی‌ کرد و سەرجەمییانی‌ کوشت، لەلایەکی‌ ترەوە پیاوێک خانەوادەی‌ ماڵی‌ خەزورانی‌ قڕ کرد، هەموو تاوانەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانییان تەنی و تاوانباران تفباران کران. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەکرێت مرۆڤ تاوانێک بکات، کە مێژووی‌ پێشتر بەخۆیەوە نەیبینیووە؟ یان ئەوەتا هەر تاوانێک دەکرێت، مێژوو سیخناخە بەو تاوانە و هاوشێوەکانی‌، بگرە قێزەونتر لەوەش کراوە. ئایا دەکرێت هەمووجارێک هۆکاری‌ تاوان بۆ(بێکاری‌، هەژاری‌، ئالوودەبوون، مادەی‌ هۆشبەر، نەخوێندەواری‌، سستی‌ بەهاکان...تد) بگێڕینەوە، یان ئەوەتا تاوانگەلێک ئەنجامدەدرێت کە تاوانبار ناچێتە ژێر هیچ تیۆر و فۆرمێکی‌ تاوانکارییەوە، بەڵام چەندیین هۆکاری کەڵەکەبوو لە پشتییەوە وەستاوە.

خێزانکوژی
خێزانکوژی(Familicide) بریتییە لە کوشتنی ژن و منداڵ لەلایەن سەرۆکی خێزانەوە، لەبەر زۆری قوربانییەکانی بە جۆرێک لە کوشتنی بەکۆمەڵ(کۆمەڵکوژی) هەژمار دەکرێت. هەرچەندە ئەم بابەتە توێژینەوەی‌ زۆری‌ لەسەر نەکراوە، بەڵام لە توێژینەوەیەکی‌ پێداچوونەوەدا بە ناونیشانی‌(Familicide: A Systematic Literature Review) کە لەلایەن (Linda C. Karlsson) و کۆمەڵێک توێژەری‌ ترەوە ئەنجامدراوە، زۆر بە جوانی شیکاریی ئەم دیاردەیەی کردووە، چونکە ئەوان توانیویانە پێداچوونەوە بۆ 67 توێژینەوە بکەن لە 18وڵاتی‌ جیاوازەوە دەربارەی‌ خێزانقڕکردن و خێزانکوژی کراون، کە تێیدا تاوانبارێک هاوسەری ئێستا یان پێشووی یان هاوبەشە نزیکەکانی‌ دەکوژێت یان هەوڵی کوشتنی داون. دواجار ئەوان بەو ئەنجامەی‌ گەیشتوون کە خێزانکوژییەکان، بەنزیکەیی تەنیا لەلایەن پیاوانەوە ئەنجامدراون، نزیکەی نیوەی حاڵەتەکانی خێزانکوژی بوونەتە هۆی خۆکوشتنی تاوانبارەکە. هاوکات کێشەی تەندروستیی دەروونی و کێشەی پەیوەندییەکان و کێشەی دارایی باوترین هۆکارەکان بوون. 
کۆمەڵناسی زۆر زوو دەستیبرد بۆ شیکاری‌ دیاردەی‌ تاوان و لە رێگەی‌ تیۆری‌ کۆنتڕۆڵی‌ کۆمەڵایەتییەوە بە وردی‌ باسی لە هۆکارەکانی‌ کرد، چونکە ئەم تیۆرە پێی وایە، لادان لە ئەنجامی شکستی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیی بەسەر تاکەکاندا دێتە ئاراوە و  ئەم تیۆرە لەسەر بنەمای ئەزموونەکانی ئیمیل دورکهایم بونیات نرا، کە پێی وابوو لادانی رێژەیی، پێچەوانەیە لەگەڵ پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی نێوان تاکەکان. کۆمەڵگەیەکی‌ یەکگرتوو پێچەوانەی کۆمەڵگایەکی نا ئەخلاقییە.
کوشتنی‌ خاوخێزان لەلایەن باوکیانەوە یان کوشتنی‌ منداڵەکان لەلایەن دایک و بابانەوە دیاردەیەکی‌ جیهانییە، بۆ وێنە لە ئەمریکا لە ماوەی‌(1976-2007) لە هەموو ساڵێکدا 500 جار ئەم دیاردەیە دووبارە بۆتەوە. جیا لەوەش توێژینەوەیەک لە ئینگلتەرا و وێڵز لە ساڵی‌(2013) دەریخستووە، کە 40 %ی بکوژەکان کێشەی تەندروستی دەروونییان هەبووە، هەروەها توێژینەوەیەکی پەیمانگای تاوانناسی ئوسترالیا بڵاویکردووەتەوە کە هەر دوو هەفتە جارێک منداڵێک دەکوژرێت، هەروەها  کە 27 %ی باوکە بکوژەکان لەدوای ئەم کردەوەیە خۆیان دەکوژن.
دەروونناسی گەورەی‌ عیراقی دکتۆر قاسم حسێن ساڵح دوای‌ خستنەڕووی‌ ئەم ئامارانە دەپرسێت، گەر باوکایەتی و دایکایەتی دوو بەرزترین غەریزەی زگماکی بن، کەواتە ئەم دڕندەییە لە کوێوە سەرچاوەی‌ گرتووە؟ لە وەڵامی پرسیارەکەیدا و بە پشتبەستن بە توێژینەوە ئەمریکی‌ و بەریتانییەکان، هۆکاری‌ ئەو جۆرەی‌ کوشتن دەگەڕێنێتەوە بۆ کەسایەتی‌ تاوانبار و بەتایبەت شڵەژانی دەروونی و ناڕێکی ئەقڵی، کە سەرچاوەکەیان (خەمۆکی توندە).
دیدی‌ نوێی دەروونناسی و کۆمەڵناسی بۆ خێزانکوژی: 
زۆربەی توژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە تاوانبار لەپاش ئەنجامدانی تاوانەکە خۆی دەکوژێت، هەربۆیە توێژەرەکانی تاوانناسی لەو باوەڕەدان، ئەو خۆکوژییە یەکێکە لە ئاستەنگە زانستییەکانی بەردەمییان، تا زیاتر لە هۆکار و پاڵنەرەکانی ئەم جۆرە تاوانە بزانن. لەمبارەیەوە پزیشکی دەروونی تاوانکاریی بی ئەی دیتز لە ساڵی 1986 دەڵێت:(هەمیشە تاوانبارەکە پیاوی گەورەی خێزانەکەیە، شڵەژان و خەمۆکی و پارانۆیای هەیە و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی دەکوژێت، ئەو دەبێتە ئاژەڵێکی دڕندە بۆیە دوای تاوانەکە خۆی دەکوژێت یان پۆلیس ناچار دەکات بیکوژن).
پرۆفیسۆر دیڤید ویڵسۆن دەڵێت:(بکوژانی خێزان وەک پۆلێکی جیاوازی بکوژ، گرنگییەکی کەمیان پێدراوە و زۆرجار وەک بکوژانی زنجیرەیی مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت.) لە راستیدا ئەم دەربڕینە تەواو راستە، ئەوە چەندین تاوانی هاوشێوە دووبارە دەبنەوە، کەچی هێشتا بەشە زانستییەکان و لایەنی پەیوەندیدار وەکو تاوانیکی گەورە تەماشای ناکەن و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی دەربارەی ناکەن و رێوشوێنی پێویست بۆ قوربانییە زیندووەکان نەگیراوەتە بەر.
لە توێژینەوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەم تاوانبارانە زۆرجار پێشینەی تاوانییان نییە و کاری باشییان هەیە و خێزان و هاوڕێیان هەیە، جیالەوەش کەسانی‌ سەرکەوتوون لە ژیاندا و هەرگیز وادەرناکەون توانای کوشتنی کەسییان هەبێت. ئەم دیدە تەبایە لەگەڵ پێگە و کەسایەتیی دکتۆرەکە. ئەمەش رووی‌ راستەقینەی‌ گەشەپێدانی‌ مرۆییمان بۆ دەردەخات کە هەمیشە کاردەکات لەسەر بابەتی‌ (کەسایەتی‌ سەرکەوتوو)، بەتایبەت سەرکەوتنییان یەکسان کردووە بە هەندێک شتی‌ رواڵەتی‌.
پرۆفیسۆر جاک لیفن مامۆستای کۆمەڵناسی و تاوانناسی لە زانکۆی نۆرس ئیسترن لە بۆستن دەڵێت:
(وێنەی ئەو پیاوەی کە خانەوادەکەی خۆی دەکوژێت پیاوێکە لە نیوەی تەمەنیدایە، دابینکەرێکی باشە، لای‌ دراوسێکان وەک هاوسەرێکی دڵسۆز و باوکێکی دڵسۆز دەردەکەوێت).
توێژەکانی ئەم بوارە بۆ ئەم جۆرە تاوانە چوار هۆکار باس دەکەن وەک: هەرەسهێنانی پەیوەندییە خێزانییەکان، بابەتەکانی پەیوەست بە لەخۆگرتنی منداڵ، ترس لە پارە، تاوانەکانی ناموس و نەخۆشییە ئەقڵییەکان. یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکان ئەم کوشتنە دەگەڕێتەوە بۆ خراپی پەیوەندییە خێزانییەکانی ئەم دکتۆرە، کاتێک کە ژنی دووەمی هێناوە و خێزانەکەی داوای جیابوونەوەی‌ لێکردووە، ئەشێت هەستیکردبێت موڵکایەتی‌ لەدەست دەدات. لەمبارەوە دەرووناسێک بەناوی شارۆن مایلۆ دەڵێت:(زۆرجار تاوانبارەکان پەیوەندییەکی درێژییان هەیە لەگەڵ موڵکدارییان بۆ خێزانەکەیان).
لە ساڵی 2017 هەریەک لە ئانا لیزا و ئانی ریما لە زانکۆی تامبیری لە فینللەندا دەڵێن: زۆرجار ئەوانەی تاوانی‌ خێزانی و قڕکردنی حێزان ئەنجام دەدەن، پیاوێکی خوێندەواری خاوەن بڕوانامەی باڵان و زۆربەیان کێشەی دەرووننییان هەیە و خەمۆکی و داڕمانی خودی و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی ناجێگیرییان هەیە.

*مامۆستای‌ بەشی کۆمەڵناسی

وتارەکانی نوسەر