گفتوگۆکــانی ئێران و ئەمریکا لە عومان

09:55 - 2025-04-10
د. موهەیمن ئاغا
62 خوێندراوەتەوە

د. موهەیمن ئاغا


پێشەکی
لە رۆژی شەممەدا، گفتوگۆیەکی نوێی سیاسی لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە سەڵتەنەتی عومان بەڕێوە دەچێت، ئەم گفتوگۆیانە لە سێ بڕگەی سەرەکی پێکهاتوون: بڕگەی ناوەکی، پەیوەندیی ئێران لەگەڵ «بەرەی مقاوەمە»، و هەروەها بڕگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکە بالیستیەکان.
 ئەم دیدارە بەهۆی گرنگیی ئەو بڕگانەی کە تاوتوێ دەکرێن و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ناوچەکە هەیە، بایەخێکی تایبەتی هەیە.

 راگەیاندنی دەستپێکی گفتوگۆکان
دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە 7ی ئەپریلی 2025 رایگەیاند کە وڵاتەکەی گفتوگۆی «راستەوخۆ» لەگەڵ ئێران لە رۆژی شەممەی داهاتوو ئەنجام دەدات، لە هەوڵێکی کۆتاییدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامەی ناوەکیی ئێران، تڕەمپ زیاتر روونی کردەوە کە تاران لە «مەترسییەکی گەورەدا» دەبێت ئەگەر نەتوانێت رێککەوتنێک بە دەست بهێنێت.
ئەگەر گفتوگۆی راستەوخۆ ئەنجام بدرێت، ئەوە یەکەم دانوستانی فەرمیی رووبەڕوو دەبێت لە نێوان هەردوو وڵاتدا لەو کاتەوەی کە تڕەمپ لە رێککەوتنی ناوەکیی سەردەمی باراک ئۆباما کشایەوە حەوت ساڵ لەمەوپێش، عەبباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش، رایگەیاند گفتوگۆی «ناڕاستەوخۆ» لە رۆژی شەممەی داهاتوو لە سەڵتەنەتی عومان لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا دەست پێدەکات، عیراقچی لە پڵاتفۆرمی «ئێکس» نووسیویەتی: «ئێران و ئەمریکا رۆژی شەممە لە سەڵتەنەتی عومان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە ئاستی بەرپرسانی باڵا یەکتر دەبینن» و زیاتر وتی: «ئەمە دەرفەتێک و تاقیکردنەوەیەکیشە و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە».

بابەتەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات
گفتوگۆکان کە ئەمریکا دەیەوێت بیانخاتەڕوو، لەسەر سێ بابەتی سەرەکین، بەڵام ئێران لە وەڵامەکەیدا بۆ دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا روونی کردەوە کە بەشداریی هیچ گفتوگۆیەک ناکات، جگە لەوانەی کە پەیوەندییان بە بڕگەی ناوەکییەوە هەیە.
بڕگەی دووەم بڕگەی ناوچەییە، کە تایبەتە بە پەیوەندیی ئێران لەگەڵ بەرەی بەرخۆدان و لایەنە چەکدارەکانی ناوچەکە، «ئێران جەختی کردەوە کە ئامادە نییە لەسەر کێشەکانی ناوچەکە یان هاوپەیمانەکانی گفتوگۆ بکات، بەڵام ئامادەیی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە سەقامگیریی ناوچەکە».
بڕگەی سێیەم لە گفتوگۆکان بڕگەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانە، کە لە روانگەی تارانەوە بە تەواوی لە دەرەوەی بواری گفتوگۆ دادەنرێن.

 داواکارییەکانی ئەمریکا
سەبارەت بە داواکارییەکانی ئەمریکا، وا دەردەکەوێت کە سەرۆک تڕەمپ هەوڵی جێبەجێکردنی ‹ئەوپەڕی ئەوپەڕ› دەدات، واتە ئەو دەیەوێت زۆرترین شت بەدەست بهێنێت لە هەر بابەت و بڕگەکانی گفتوگۆکاندا، و هەموو ئەوەی کە لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەی دایە بەدەست بهێنێت.
داواکارییە سەرەکییەکانی تڕەمپ بریتین لە کەمکردنەوەی بەرنامەی ناوەکیی ئێران، سنووردارکردنی توانای مووشەکیی ئێران، لەگەڵ بەدەستهێنانی گرەنتی کە پشتگیریی ئێران بۆ بەرەی مقاوەمە کەم دەکاتەوە، یان سیاسەتی پڕچەککردن و پشتگیریکردنی دەگۆڕێت.
لە پشت پەردەوە، ئەمریکا هەوڵ دەدات ئێران لە میحوەرە خۆرهەڵاتییەکەی، بەتایبەتی لە روسیا و چین جیا بکاتەوە. ئەم دیدگایە رەنگدانەوەیەکی پراگماتیکی بە گفتوگۆکان دەدات، و لەوانەیە واشنتۆن هان بدات بۆ پێشکەشکردنی چەند تەنازولێک بە مەبەستی لاوازکردنی کاریگەریی پەکین و مۆسکۆ لە ناوچەکەدا.
لە کاتێکدا کە ئەمریکا بڕگەی ناوەکی وەک کارتی یەکەم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی بە ئامانج دەگرێت، لەگەڵ بڕگەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا، هەروەها بڕگەی مووشەکە بالیستییەکان.

 

ئەو زەبرەی لە حوسییەکان درا، وەک کاردانەوەیەکی ئەمریکی هات بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییە ئەمریکییەکان لە دەریای سوور و بەشێک نەبوو لە ستراتیژییەتی هێرشی بەردەوام

 هەڵوێستی ئیسرائیل
سەبارەت بە ئیسرائیل، سەردانی بنیامین نتنیاهوی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ کۆشکی سپی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ تڕەمپ، ترسی ئیسرائیل دەردەخات لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێک لە نێوان واشنتۆن و تاران، و لە دەستدانی دەرفەت (ئامانجگرتنی ئێران) کە لە ساڵانی رابردوودا لە دەست چوو.
ئیسرائیل هەوڵ دەدات ئەمریکا قەناعەت پێبکات کە ئێران لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە، کەواتە کات گونجاوە بۆ ئاراستەکردنی زەبرێک بۆ ئەو وڵاتە، نەک بۆ گرێدانی رێککەوتنێک لەگەڵیدا. بە گشتی، تەل ئەبیب هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران رەت دەکاتەوە و دەترسێت کە ببێتە هۆی گەڕانەوەی رۆڵی هەرێمیی تاران، و ئیسرائیل دوای رێککەوتنی 2015، لە رێگەی لۆبی سەهیۆنی لە ئەمریکا هەوڵی کۆسپ خستنە بەردەم رێککەوتنی ناوەکی دا و ئەوەش بە کشانەوەی تڕەمپ روویدا.
لەوانەیە ئیسرائیل ئەمجارەش فشار بخاتە سەر ئەمریکا، بە مەبەستی سنووردارکردنی هەر رێککەوتنێکی ناوەکیی، بەتایبەتی سەبارەت بە بڕگەکانی بەرەی مقاوەمە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، و توانای مووشەکی.
ئیسرائیل بە چاوی نیگەرانییەوە دەڕوانێتە هەر رێککەوتنێک لەنێوان ئێران و ئەمریکا، بەتایبەتی ئەگەر هەڵوەشاندنێکی راستەقینەی ژێرخانی ناوەکیی ئێران لەخۆ نەگرێت.

 ئەنجامی گفتوگۆکان
هێشتا زووە بۆ حوکمدان لەسەر ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، چونکە هێشتا لە سەرەتاداین. لەگەڵ ئەوەشدا، وا دەردەکەوێت کە بەرەو ئاراستەیەک دەچن بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵکشان و هەوڵدان بەرەو جۆرێک لە تێگەیشتن.
پرسیاری سەرەکی ئەمەیە: ئایا دەکرێت بگەین بە رێککەوتنێک هاوشێوەی ئەوەی کە لە 2015 پێی گەیشتن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەستە بە ئەنجامی گفتوگۆکان، و ئایا کۆبوونەوەکان لە نێوان سەرکردەکاندا لە داهاتوودا دەبەسترێن.
ئێرانییەکان لە لایەنی خۆیانەوە، وێنەیەکی قۆناغبەندییان بۆ گفتوگۆکان پێشکەش کردووە، کە جێبەجێکردنی هەر قۆناغێک پێش گواستنەوە بۆ دوای ئەوە پێویستە، و مەرجیان لەسەر ئەمریکا داناوە بۆ سەلماندنی پابەندبوونیان بە رێککەوتنەکان پێش ئەوەی بچنە قۆناغێکی تر.
لە حاڵەتی پابەندبوون، لەوانەیە قۆناغەکانی دواتر رێگە بۆ کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵات خۆش بکات، بەڵام لە ئێستادا ئەم سیناریۆیە زۆر دوورە، بەتایبەت لە بەر نەبوونی متمانە بەرامبەر بە تڕەمپ.

 سیناریۆی سەربازی

لە کاتێکدا کە لە رۆژانی رابردوودا ئەوە وروژێنرا، کە ئەمریکا بەرەو ئامانجگرتنی ئێران لە رووی سەربازییەوە دەچێت، بۆ ناچارکردنی ئەو وڵاتە بۆ دانوستاندن، لە کاتێکدا ئەوە ئەگەرێکی لاوازە.
پێموایە کە هێرشێکی سەربازیی راستەوخۆ بۆ سەر ئێران شتێکی ناڕاست و دوور لە واقیعەوەیە، بەڵام ئەگەر ئەم هێرشە رووبدات، ئیسرائیل رۆڵێکی بەرچاوی تێدا دەگێڕێت.
لەکاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا، رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆی لەگەڵ تاران لە ئەجێندای خۆیدا دانەنابوو، بە پێی پەیامە دڵنیاکەرەوەکان کە گەیشتوونەتە سەرکردایەتیی ئێران.
ئەو زەبرەی لە حوسییەکان درا، وەک کاردانەوەیەکی ئەمریکی هات بۆ ئامانجگرتنی کەشتییە ئەمریکییەکان لە دەریای سوور و بەشێک نەبوو لە ستراتیژیەتی هێرشی بەردەوام.

 

وتارەکانی نوسەر