كامەران قەرەداغی و وتارێکی مەرامدار

10:57 - 2025-04-11
له‌تیف نێروه‌یی
173 خوێندراوەتەوە

 لەتیف نێروەیی


سەدا و هاواری بەرز لە كاتی تەنگانە و پێویستدا بەهرەیەكی خواكردە بۆ سەنگی مرۆڤ، بێدەنگیش لە دۆخی هەستیار و ئارامدا نیشاندانی ئاكاری باڵا و مۆڕاڵی نیشتمانپەروەرانەیە، بەڵام بە كورت و كرمانجی بێدەنگییەكەی پێشتری بەڕێز (كامەران قەرەداغی) بۆ بەرگریكردن لە هەندێ پرسی گرنگ و چارەنووسساز شایان بە نیشانەی پرسیارە و وتارە نوێیەكەشی، كە بۆ سەقامگیریی و ئارامی پێویست بوو بێدەنگ بێت، هەر شایستەی گومانە. 

بۆیە هەر ئێمە نا، بەڵكو خەڵكیش مافی ئەوەی هەیە بپرسێت، بۆچی چەندین ساڵە خۆی بێدەنگ کردووە لەئاست ئەو هەموو هەڕەشە و قەیرانە هەمەجۆرانەی کە بەروکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بۆ دەنگی كپكراوە لە بەرامبەر ئەو هەموو ئازار و ستەمەی گەلەکەمان چەشتویەتی، کەچی تازە بەتازە کە نەرمی و لێک تێگەیشتنێکی باش لە نێوان یەکێتی و پارتی هاتووتە کایەوەو خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی رێکكەوتنێکی گرنگن لەنێوان هەردوولاداو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەبەغدا لەسەر پرسە نیشتمانییەکان هاوهەڵوێستن، ئەم بەڕێزە بەو ئەزموون و تەمەنە زۆرەوە دێت و وتارێکی مەرامدار بڵاودەکاتەوە و دەیەوێت رای گشتی بەرامبەر بەهەندێ پرس چەواشە بکات و خۆی لەو راستییە دەدزێتەوە، کە چەندە سنووری هەولێری پایتەخت لە لایەن هەندێ گرووپی چەکداری نایاسایی عیراقییەوە بۆردومانکراوە، ئەوەندەش سنووری پارێزگای سلێمانی بەتایبەت قەزای چەمچەماڵ لە لایەن هەمان ئەو گرووپانەوە بۆردومانکراوە، ئەگەر راستە یەکێتی لەبەرەی ئەو گرووپانە بووایە، وەك ئەو دەڵێت، بۆچی بۆردومانی سنووری سلێمانی یان دەکرد و زیانی گیانی و مادییان بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیان دەگەیاند؟ ئەگەر راستە یەکێتی لەبەرەی ئەو گرووپانەیە، چما سەرۆکی یەکێتی لە شاری بەغدای پایتەخت لەبەردەم دەیان بەرپرسی باڵای حكومی و حزبی و دیپلوماتکار و میدیاکاری ناوخۆیی و جیهانی بەتوندی هەڕەشەی لەو گرووپانە دەکرد و پێیوتن، ئەگەر ئەو گرووپانە بەردەوامبن لەسەر بۆردومانەکانیان ئێمە لێیان دەدەین و داواشی لە حكومەتی فیدراڵی کرد سنوورێک بۆ ئەو گرووپە نا یاساییانە دابنێن.
بۆیە کاتێک خەڵکی کوردستان ئەم بەڵگەنامانە دەبینن، بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە وتارانەی بەڕێز قەرەداغی بە نابەرپرسانە ناو دەبەن و دەزانن پیاوێكی بە ئەزموونی ئاوا، نەدەبوو ئەوەندە كورت بین بیر بكاتەوە.

وتارەکانی نوسەر