ماڵئاوایی و پیرۆزبایی بۆ سەرنووسەرانی کوردستانی نوێ

09:37 - 2025-04-14
له‌تیف نێروه‌یی
181 خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ هەڤاڵ و برامان (د.عەدالەت عەبدوڵڵا) ماڵئاوایی لە ئەركی سەرنووسەریی رۆژنامەی كوردستانی نوێ دەكات، پێمخۆشە لەسەر ئەم ماڵئاواییكردنە سەرەقەڵەمێك بنووسم، كە لە دوو خاڵی سەرەكی پێكدێت و تیایدا رێز و پێزانینی خۆم دەرببڕم.
یەكەم: دەستبەكاربوون و ماڵئاواییكردنی سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ، مۆدێلێكی نوێ و سەردەمیانەی ژیانی حزبایەتی و كاری رۆژنامەوانی بوو، چونكە بەسەرێكدا خۆی خوازیاری ئەو ئەركە نەبووە و داوای نەكردووە، بەسەرێكی دیكەشدا هەر بە دەستپێشخەریی خۆی ماڵئاوایی دەكات و مەشخەڵی كاروانی میدیای كاغەزیی؛ رادەستی هەڤاڵێكی دیكەی خۆی دەكات. بۆیە كۆی پرۆسەكە شایانی رێز و پێزانینە.
دووەم: بۆ ئێمەمانان ئەزموونێكی نوێ بوو، چونكە راستە پەیوەندییەكی هەڤاڵانەی دێرینەمان لەگەڵ د.عەدالەت عەبدوڵڵا هەبوو، بەڵام یەكەمینجار بوو لەچوارچێوەی ئۆرگانێك و لە كارێكی میدیایی و كارگێڕیی هاوبەشدا پێكەوە كۆببینەوە، لەو ماوەیەشدا كە ئەركێكی قورسی لەئەستۆگرت، بۆ درێژەدان بە كاروانی سەنگینی پڕ لە بەرپرسیارێتیی هەمەجۆر، توانی بە هاوكاریی جێگران و دەستەی نووسەران و ستافەكەی لە ئاست ئەو متمانەیەدا بێت كە پێیان بەخشرابوو، هەروەها بە سەركەوتووانە و بە یەكتیمی؛ بیسەلمێنن، كە رۆژنامەی كاغەزی، هێشتاش دەتوانێت لەگەڵ گەشەكردنی رێڕەوی تەكنۆلۆژیای میدیایی، بەتایبەت میدیای نوێ، رۆڵی خۆی بگێڕێت و گەشە بكات، ئەمە لەوەدا بەرجەستە بوو، كە راستە ئەرك و بەرپرسیارێتیی سەرنووسەری رۆژنامەیەكی گرنگی وەك كوردستانی نوێ، پێویستی بە توانا و سەلیقە و قەڵەمێكی بەبڕشت هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە شەونخونی و گیانی دڵسۆزی و پشوودرێژیی و لەخۆبوردوویی و یەكتیمی هەیە، تاوەكو بتوانێت دەرگا بە رووی نووسەران و ئەكادیمیستەكاندا بكاتەوە و هەر خۆشی ببێتە چەتری كۆكردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكان و رێكخستنیان لەناو لاپەڕەكانی رۆژنامەكەدا، لەم ئەركەشدا هەڤاڵ د.عەدالەت، شوێندەستی دیارە و سەركەوتوو بووە.
بۆیە ئەگەر جێبەجێكردنی ئەو ئەركەی لەسەرشانی سەرنووسەر بووە، بە تاقیكردنەوەیەك وێنا بكەین، بەدڵنیاییەوە دەڵێین هەڤاڵ د.عەدالەت عەبدوڵڵا لەو تاقیكردنەوەیەدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە، بەو بۆنەیەوە لە ناخی دڵەوە رێز و پێزانینی خۆم دەردەبڕم و دڵنیام هەروەك پێشتر هاوكار و پشتیوانی رۆژنامەكە و سەرنووسەری نوێ دەبێت.
هەروەك بەگەرمی پیرۆزبایی لە برای بەڕێزمان د.كاروان عەلی دەكەین، كە شان دەداتە بەر ئەركی سەرنووسەریی رۆژنامەكە و دڵنیاشم بەگیانی پێكەوەیی و یەكتیمی، مەشخەڵی كوردستانی نوێ بە گەشاوەیی درێژەی دەبێت.

لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن

وتارەکانی نوسەر