هاتوچۆسازی

پێداویستییەكی هەنوكەییە

09:57 - 2025-03-26
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
76 خوێندراوەتەوە


هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان لە قەیراندایە و پێویستی بەوەیە چیتر فەرامۆشنەكرێت و هەڵوەستەی جددیی لەئاستدا بكرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە. 
قەیرانی هاتوچۆ بە گشتی، لاوازیی توانای بەكارهێنەرانی هاتوچۆیە لە جووڵان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە، بە خێراییەكی گونجاو، بەبێ ئەوەی دووچاری رووداوی هاتوچۆ ببن، ژینگە پیس ببێت، زیانی گیانی و مادیی لێ بكەوێتەوە، بارگرانیی دارایی بۆ تاكەكان و سامانی نیشتمانی دروست ببێت.
داواكردنی ئاوڕدانەوە لە قەیرانی هاتوچۆ لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵكو بەری چەند هۆكارێكە، كە دەكرێت لەمانەدا پوختی بكەینەوە:
یەكەم: قەیرانی هاتوچۆ یەكێكە لەو كێشە زیندوانەی پەیوەندیی توندوتۆڵی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، لە رووی ئەو گرفت و ئاستەنگانەی بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی رۆژانەیانی دروست دەكات.
دووەم: قەیرانی هاتوچۆ لە ساڵانی رابردوودا لە هەڵكشاندا بووە و یەكێك نییە لەو كێشانەی خۆبەخۆ چارەسەربێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەنجامی گەشەكردنی هەرێم لە رووی فراوانبوونی خانووبەرە و ناوچەكانی نیشتەجێبوون، زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان، هەڵكشانی جووڵەی پیادەكان و هۆكارەكانی گواستنەوە، رووی لە ئاڵۆزیی زیاتر كردووە و پێویستيی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پلانێكی دیراسەكراوی هەمەلایەنەیە.
سێیەم: قەیرانی هاتوچۆ چەندین هۆكاری هەیە و پێویستی بەوەیە بپرسین: لە كوێوە دەست بە كاركردن بكرێت؟ لەوانەیە وەڵامی دروست بۆ ئەم پرسیارە، دەستنیشانكردنی راستی هۆكارەكان و دانانی پلانێكی فرەڕەهەند بێت، كە بایەخ بە هەموو هۆكار و لایەنەكانی قەیرانەكە دەدات و شایەنی جێبەجێكردنە.
چوارەم: راستە قەیرانی هاتوچۆ لۆكاڵی نییە و رەهەندێكی جیهانیی هەیە، بەڵام لە كوردستان هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و وەك پرسێكی ژیاریی گرنگ بایەخی پێ نەدراوە و ستراتیژ بۆ رووبەڕووبوونەوەی دانەڕێژراوە.
پێنجەم: سەرباری ئەوانە، قەیرانی هاتوچۆ پەیوەندیی بەو زیانە گیانیانەوە هەیە كە لێی دەكەونەوە، هەروەها ئەو زیانە داراییانەی بۆ هاووڵاتیان و سامانی نیشتمانی دەیخاتەوە، ئامارەكان دەری دەخەن كە رووداوەكانی هاتوچۆ لای خۆمان هۆكارێكی سەرەكیی مردنی هاووڵاتیانن و زیانە مادییەكانیش بۆ تاكەكان و سامانی گشتی مەترسیدارن.
(*) شارەزای بواری هاتوچۆ

وتارەکانی نوسەر