ئاشكرایە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراق و باشبوونی داهات و بارودۆخی ئابووری حكومەت و گوزەرانی خەڵكی كوردستان، زۆرترین پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر لەرێگەی كەرتی تایبەتەوە دروستكراوە، رەنگە تەختایی شاری هەولێر و گونجاندنی جوگرافیاكەی هۆكارێكی دیكە بێت، لەوەی وەبەرهێنەران زیاتر روو لەم شارەبكەن، كە بۆ ئەو كاتە هەنگاوێكی گرنگ و پڕ بایەخ بوو، بەو پێیەی هەولێر لەرووی ژمارەی دانیشتوان لەزیادبووندابوو، كەچی بەهۆی بارودۆخی ئەوكاتەی هەرێمی كوردستان و عیراق بواری ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان لە ئاستێكی نزمدابوو.
فراوانبوونی هەولێر لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا و زیادبوونی ژمارەكانی یەكەی نیشتەجێبوون و باڵەخانە، لایەنێكی گرنگی پێشكەوتنی شارستانیەت و ئاوەدانكردنەوەی شارەكەیە، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی بەشێكی زۆری دانیشتوانی هەولێر و دەورووبەرەكەیەتی، ئەوەیە كە تاكو ئێستا نەتواندراوە گرفتی نیشتەجێبوون لەوشارەدا چارەسەر بكرێت، بەگوێرەی ئاماری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان و ئەنجامی سەرژمێری دانیشتوانی عیراق كە لە كۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجامدرا، زۆرترین رێژەی كرێنشینان لە هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێرە، ئەمەش شایەنی هەڵوێستە، ئایا ئەو یەكانەی لە ماوەی رابردوو دروستكراون بۆ كێ بووە و كێ لێی سوودمەند بووە، هۆكار چیە خەڵكێكی موچەخۆر و كەمدەرامەت نەیتوانیوە سوودمەند بێت.
جگە لەو یەكانەی لەرێگەی كەرتی تایبەتەوە لە هەولێر دروستكراون، ژمارەیەك پڕۆژەی دیكە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم، بەتایبەتی وەزارەتەكانی شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە بەناوی كرێنشینان و كەمدەرامەتان دروستكراون، بەڵام جگە لە بەشێكی كەمیان نەبێت، ئەوانی تر یان تەواو نەكراون، یانیش دوای تەواوبوونی دراوە بە توێژێكی دیكە و لەكاتی هەڵبژاردنەكان بەكارهێنراوە، لەكاتێكدا پێشتر بەڵێن بە كرێنشینان درابوو فۆڕمی دابەشكردنی ئەو یەكانە رابگەیەندرێت.
ئەوەشی ئێستا هەوڵی بۆ دەدرێت دابەشكردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەران بە ئامانجی كەمكردنەوەی رێژەی كرێنشینان، بەڵام ئەو هەنگاوەش ئەگەر بە پلانێكی ستراتیژی نەبێت، هەمان ئەنجامی ساڵانی رابردووی دەبێت، چونكە دابەشكردنی زەوی بەبێ گەیاندنی خزمەتگوزاری و پێشینەی خانووبەر، موچەخۆر ناتوانێت سوودی لێوەربگرێت.
بۆ ئەوەی گرفتی نیشتەجێبوون لە بنەڕەتدا چارەسەر بكرێت و خاك و سەرمایەی كوردستان بە تایبەتی شارێكی وەك هەولێر بۆ خەڵكەكەی بەكاربهێندرێت، پێویستە دەستەیەكی تایبەت بە نیشەجێبوون لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێت، وەك چۆن پێشتر سندوقێك بۆ ئەو مەبەستە لە ئەنجومەنی وەزیران هەبوو، لەو دەستەیە سەرجەم توانای وەزارەتەكان كۆبكرێتەوە و ساڵانە پلانی دروستكردنی ژمارەیەك یەكە دابڕێژرێت و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بكرێت، ئەولەویەتیش بدرێت بە كەسانی كەمدەرامەت و كرێنشین.