رۆڵی پڕوپاگەندە لە ململانێی نێودەوڵەتیدا

ئیسرائیل و ئێران بە نموونە

09:51 - 2025-06-26
هەڵمەت هۆشیار
116 خوێندراوەتەوە

پڕوپاگەندە، پرۆسەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی یان بیرۆکە یان بۆچوونە، بە شێوازێکی پلان بۆداڕێژراوە بە ئامانجی دروستکردنی کاریگەریی لەسەر رای گشتی، یاخود ئاراستەکردنی هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی جەماوەرە بەرەو هەڵوێستێکی دیاریکراو یان پرسێکی دیارییکراو.
ئامانجی سەرەکی پڕوپاگەندە، زیاتر هەوڵدانە بۆ دروستکردنی کاریگەریی و رازیکردن لەبری بڵاوکردنەوەی زانیاریی.
خەسڵەتەکانی پڕوپاگەندە 
پڕوپاگەندە چەندین خەسڵەتی بنەڕەتی هەیە لە هۆیەکانی دیکەی پەیوەندی جیای دەکاتەوە:
خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی پڕوپاگەندە:
- ئامانجدار و مەبەستدارە: پڕوپاگەندە بە روونی ئاراستە دەکرێت و بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، ئیدی ئامانجەکە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی بێت، هەموو پەیامێکی پڕوپاگەندەیی هەوڵدەدات جەماوەر سەبارەت بە بیرۆکەیەکی تایبەت رازی بکات، یان پاڵنەریان بێت بۆ هەڵوێست وەرگرتن، یاخود ئەنجامدانی هەڵسوکەوتێکی دیارییکراو.
- کاریگەریی سۆز: پڕوپاگەند لە بری عەقڵ، کار لەسەر هەست و سۆزی جەماوەر دەکات، وێنەی سەرنجراکێش بڵاو دەکاتەوە و بەسۆزەوە بەرامبەرەکەی دەدوێنێت بە جۆرێک هەڵبژاردنی میوزیک و رەنگەکانیش بەرنامە بۆ داڕێژراوە بۆ ئەوەی زوو لای وەرگر بچەسپێت و پەرچەکرداری ئەرێنی هەبێت.
روونی و ئاسانی: پڕوپاگەندە پەیامی ئاسان و روون پێشکەش دەکات، دەستبەردای ئاڵۆزی و وردەکاری دەبێت، ئامانجەکەشی گەیاندنی تەنها بیرۆکەیەکە بە رێگەیەک، کە ئاسان بێت بۆ تێگەیشتن و بیرکردنەوە.
دووبارەکردنەوەی بەردەوام: پڕوپاگەندە بە شێوەیەکی بەرچاو کار لەسەر دووبارەکردنەوەی بەردەوام دەکات بە شێوازی جۆراوجۆر و لە رێگەی کەناڵی جیاجیاوە، تائەوکاتەی لە هزری وەرگردا دەچەسپێت.
بەکارهێنانی دروشم و ئاماژە: پشت بە ئاماژەی جۆراوجۆری بینراو و دروشمی سەرنجراکێش دەبەستێت و پەیوەستی دەکات بە پەیامێکەوە، یان ئەو پرسەی بانگەشەی بۆدەکات.
هەڵبژاردە و لایەنگریی: پڕوپاگەندە یەک تێڕوانین لە خۆ دەگرێت، ئەو زانیارییانە پشتگوێ دەخات کە لە گرنگی پەیامەکەی کەم دەکەنەوە، یان پێچەوانەی ناوەرۆکی پەیامەکەیە، زیاتر جۆرێک لە راستی و ژمارە دەخاتە روو کە پشتیوانیی هەڵوێستەکەی دەکات.
کاتی ستراتیژی: هەمیشە بۆ گەیشتنی پەیامی پڕوپاگەندەیی، پێویستە کاتی گونجاو هەڵبژێردرێت، رووداو و بۆنەوە و بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان دەقۆزێتەوە بۆ دروستکردنی زۆرترین کاریگەریی.
گونجاندن لەگەڵ جەماوەر: پەیامەکان بە جۆرێک دادەڕێژرێن، تایبەتمەندییەکانی جەماوەری بە ئامانجگیراو وەکو تەمەن، ئاستی خوێندن و ئارەزوو و ئاستی تێگەیشتنی لە بەرچاو دەگیرێت.
جیاوازی پڕوپاگەندە و ژانرەکانی دیکە
- جیاوازی نێوان پڕوپاگەندە و هەواڵ:
 هەواڵ هەوڵ دەدات زانیارییەکان بابەتیانە و بە بێلایەنی بگەیەنێت، بەڵام پڕوپاگەندە هەوڵدەدات کاریگەریی دروست بکات.
 هەواڵ پێویستی بە وردی و هاوسەنگی هەیە لە بەیانکردنی بیروبۆچوونە جیاوازەکان، بەڵام پڕوپاگەندە سەرنج دەخاتە سەر یەک تێڕوانین و پاڵپشتی دەکات.
- جیاوازی پڕوپاگەندە لەگەڵ راپۆرتی رۆژنامەوانی
لە راپۆرتدا زانیارییەکان کۆ دەکرێتەوە، بابەتیانە شیکاریان بۆ دەکرێت، بەڵام پڕوپاگەندە ئەو زانیارییانە هەڵدەبژێرێت کە دەبێتە پاڵپشتی پەیامەکەی. 
جیاوازی پڕوپاگەندە لەگەڵ وتاری رۆژنامەوانی:
وتاری رۆژنامەوانی تێڕوانینی نووسەرەکە دەخاتەڕوو، لەگەڵ رێزگرتن لە بیروبۆچوونی بەرامبەر، بەڵام پڕوپاگەندە هەوڵدەدات تەنها تێڕوانینێکی تایبەت بچەسپێنێ و جێگیری بکات.
جیاوازی پڕوپاگەندە لەگەڵ بەدواداچوونی رۆژنامەوانی:
بەدواچوونی رۆژنامەوانی بێلایەنانە بە بەکارهێنانی سەرچاوەی جیاواز هەندێ راستی ئاشکرا دەکات، بەڵام پڕوپاگەندە زانیارییەکان لە پێناو ئامانجێکی دیارکراودا بەکار دەهێنێ.
جیاوازی پڕوپاگەندە لەگەڵ دیمانەی رۆژنامەوانی:
 دیمانەی رۆژنامەوانی بۆچوونی ئاخێوەر وەکو خۆی دەگوازێتەوە، بەڵام پڕوپاگەندە لێکدانەوە و رێکخستن بۆ ئەو ئاخاوتنانە دەکات کە دەچێتە خزمەتی ئامانجەکەیەوە.
 هاوکات بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی زانیارییەکان و جۆراجۆریی سەرچاوەکان و شێوازی دارشتن و رادەی بێلایەنی و کەناڵی پەخشکردن و شێوازی خستنەرووی تێڕوانینەکان و ئەو بەڵگانەی دەخرێنە روو وا دەکەن پڕوپاگەندە لە ژانرە رۆژنامەوانییەکانی دیکە جیابکرێتەوە.
پڕوپاگەندە لە ململانێی نێوان وڵاتاندا
 پڕوپاگەندە لە ململانێی نێوان وڵاتاندا رۆڵی سەرەكی دەگێرێت، ئامرازێكی بەهێز و كاریگەرە لەسەر رای گشتیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، هۆكارێكە بۆ رەوایەتیدان بە پرۆسە سەربازیی و سیاسییەكان.
میكانیزمەكانی دروستكردنی كاریگەری لە ململانێكاندا:
- دروستكردنی رای گشتی نێوخۆیی:
حكومەتەكان پڕوپاگەندە لە كاتی جەنگ و پرۆسە سەربازییەكاندا بۆ دروستكردنی پشتیوانی میللی بەكاردەهێنن، بە وێناكردنی ئەوەی دوژمن مەترسییە لەسەر بوون و دەركەوتنی ئەم ململانێیە، پێویستی بەرگریی لەخۆكردنە، بەو شێوەیە پاڵپشتی مرۆیی و دارایی بەدەستدەهێنێت، وا دەكات لە نێوخۆدا كەمترین بەرهەڵستكاریی پرۆسەكە بمێنێتەوە.
- دروستكردنی كاریگەریی لەسەر رای گشتیی نێودەوڵەتی: دەوڵەت هەوڵدەدات لە رێگەی ئەو رووداوانەی دەیانخاتە پێش چاو پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، ئەمە وا دەكاتە هەڵوێستی وڵاتانی دیكە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بگۆرێت بۆ پاڵپشتی دیبلۆماسی و سەربازیی، یان سەپاندنی سزا بەسەر لایەنی بەرامبەردا.
- جەنگی دەروونی: شكاندنی ورەی دوژمن و گەلەكەی، لە رێگەی بڵاوكردنەوەی واتەوات و گەورەكردنی رادەی زیانەكان، بڵاوكردنەوەی پەیامی دووبەرەكی لە ریزەكانی دوژمندا و نەهێشتنی متمانە لە نێوان فەرماندەكان و سەركردایەتی لە نێو خۆیاندا و لەگەڵ گەلەكەیاندا.
ئامراز و هۆیە بەكارهاتووەكان
پێشكەوتنی هۆیەكانی پڕوپاگەندە لە رۆژنامە و رادیۆ و تەلەڤزیۆنەكانەوە بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پێگە ئەلیكترۆنییەكان، ئینتەرنێت سنوورەكانی تێكشكاندووە و زۆربەی زۆری دەرگاكانی بەڕووی جەماوەردا خستووەتە سەرپشت و ئێستا توانای راستەوخۆ گەیشتن و پەیوەندیكردن بە جەماوەرەوە فرەجۆر بووە، دەوڵەتان بە ئاسانی دەتوانن لە رێگەی هەژمار و پێگەی جۆبەرجۆری دروستكراوەوە پەیامەكانیان بگەیەننە گۆرەپانەكانی دوژمن.
كاریگەریی و دەرئەنجامەكان
 پڕوپاگەندە دەتوانێت ببێتە هۆكاری زیاتر ئاڵۆزكردنی بارودۆخی ململانێكان، ئەویش لە رێگەی گەشانەوەی پشكۆی دوژمنكاری و رق لێبوونەوە لە نێوان گەلاندا، كارێك دەكات چارەسەری ئاشتییانە ئاڵۆز و ئەستەم بێت، هەروەك راستییەكان پەردەپۆش بێت و جەماوەر نەتوانن بە ئاسانی پێیان بگەن، ئەو کاتیش چارەسەری دیموكراسییانە دەبێتە مەحاڵ.
 هەروەها پڕوپاگەندە دەتوانێت هاوكار بێت لە گەیشتن بە ئامانجی ستراتیژی گرنگ، بێئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببرێت، هەروەك فاكتەرێكی گرنگیشە بۆ بەرپەرچدانەوە، یان جێبەجێكردنی هەر گۆرانكارییەكی سیاسی ویستراو.
پڕوپاگەندە لە ململانێی (ئیسرائیل - ئێران)دا
پڕوپاگەندە رۆڵی گرنگ دەگێرێت لە ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، بەو پێیەی ململانێیەكە فرەڕەهەندە، نەك بە تەنها رەهەندی سەربازی بێت.
یەكەم: جۆرەكانی پڕوپاگەندە لە ململانێی (ئیسرائیل - ئێران)دا
1 - پڕوپاگەندەی سەربازی (جەنگی دەروونی): هەردوو وڵات بۆ دەرخستنی توانای سەربازی خۆیان بەكاری دەهێنن، وەك پەخشكردنی گرتەی ڤیدیۆیی مانۆڕی سەربازی و تاقیكردنەوەی موشەكی و هێرشی ئەلیكترۆنی (سیبریانی) بۆ نموونە: بڵاوكردنەوەی وێنەی پێگەی سەربازی و دامەزراوە ئەتۆمییەكان لە رێگەی مانگی دەستكردەوە.
لەسەرەتای دەستپێكی هێرشە موشەكییەكانی (ئیسرائیل - ئێران) ئیسرائیل هەوڵی دەدا توانای هەواڵگریی خۆی بخاتەڕوو بە بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ئەو هێزەی مۆساد كە ناویان لێنابوون (كۆماندۆ) لە نێوخاكی ئێراندا، لە بەرامبەردا ئێران هەوڵی دەدا لە رێگەی نمایشی موشەكە جۆراوجۆرەكانییەوە توانا سەربازییەكانی خۆی بخاتە بەرچاو.
2 - پڕوپاگەندەی سیاسی – ئایدیۆلۆژی: ئێران وێنای ئەوەی بۆ خۆی دروستكردووە كە بەرگری لە بێهێز و زوڵملێكراوەكان و دۆسییەی فەلەستین دەكات و گوتاری شۆڕشگێری دژی ئیسرائیل بەرزكردۆتەوە.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەكات وەكو دەوڵەتێكی دیموكراسی رووبەڕووی سیستمێكی رادیكاڵی دیكتاتۆر دەبێتەوە كە هەوڵدەدات ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
3 - پڕوپاگەندی راگەیاندنی نێودەوڵەتی: بەكارهێنانی راگەیاندن وەكو کەناڵێكی كاریگەر، هەردوولا هەوڵدەدەن كاریگەریی لەسەر رای گشتی نێودەوڵەتی دروستبكەن، ئێران لە رێگەی كەناڵی (ئەلعالەم) و پێگەی ئەلیكترۆنی هاوپەیمانەكانی، ئیسرائیلیش لە رێگەی كەناڵەكانی وەكو (i24 news و Jerusalem post و IDF)یەوە. تەواوی هەوڵەكانیان بۆ دروستكردنی رای گشتی نێودەوڵەتییە و لەپێناو رەوایەتیدان بە پرۆسەكانیاندایە.
4 - هێرشی ئەلیكترۆنی: ئەمە قۆناغێكی پێشكەوتوتری پڕوپاگەندەیە، خۆی دەبینێتەوە لەهاككردنی پێگە ئەلیكترۆنییەكانی حكومەت و دزەپێكردن و بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاریی (هەندێکجار ناڕاست) لەسەر كەسایەتییەكان یان ئاشكراكردنی پلانەكانی بەرامبەر و بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەراوكێ لە نێو جەماوەردا، بۆ نموونە: دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێكدا نووسی: (تاران چۆڵبكەن)، ئەم پۆستە دڵەراوكێیەكی یەكجار زۆری لە ناو خەڵكی تاراندا دروستكرد، تا رادەی ئەوەی ژمارەیەكی بەرچاو خەڵكی ئەو شارە بە لێشاو شارەكەیان چۆڵكرد و روویان لە شارەكانی دیكە و گوند و ناوچە ئارامەكان دەكرد.
دووەم: ئامانجەكانی پڕوپاگەندە لە ململانێی (ئیسرائیل - ئێران)دا
1 - رووخاندنی ورەی دوژمن: بەتایبەت دروستكردنی بێمتمانەیی لەلای سەركردایەتی، بنیاتنانی هەستكردن بە هەرەشە و بێتوانایی، لەوانە: (یەكەم چركەساتی هێرشەكانی ئیسرائیل چەندین فەرماندەی سیاسی و زانای ئەتۆمی ئێرانی بە ئامانج گرت و ئامانجیش لەمە دروستكردنی ترس و گومان بوو لە نێوان ریزەكانی ئێراندا، لەبەرامبەردا ئێران لە بارەی توانا موشەكییەكانی خۆیەوە لێدوانی دەدا و هەموو قۆناغێكی هێرشەكانی (ناوی جۆرێكی نوێی موشەكی ئاشكرا دەكرد و رایدەگەیاند: لە چەند خولەكێكی كەمدا دەتوانێت بگاتە تەلئەڤیڤ)
2 - هەردوولایان دەیانویست بە رەوایەتیدان بە هێرشەكان ریزەكانی نێوخۆیی خۆیان پتەوتر بكەن و دەرفەتی هەڵگەرانەوەو نارەزایەتی دەربڕین نەهێڵنەوە، ئێران بەرگێكی ئایینی و نەتەوەیی بە هێرشەكانی بەخشیوە و ئیسرائیل بەرگی یەكریزی و پاراستنی كیانەكەی بە بەرداكردووە.
3 - دروستكردنی رای گشتی (عەرەبی و ئیسلامی):
ئێران هەوڵ دەدات شەقامی عەرەبی و ئیسلامی بجوڵێنێت لە رێگەی دۆسێی فەلەستینەوە. ئیسرائیلیش هەوڵ دەدا ئەو وێنەیە تێكبشكێنێت و خۆی وەكو قوربانی دەستی تیرۆری ئێرانی وێنا بكات.
4 - ناردنی پەیامی ناراستەوخۆی كۆدكراو:
ناردنی پەیامگەلێك لەرێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە كە دەزگا هەواڵگرییەكان دەتوانن كۆدەكان بكەنەوە و لە ناوەرۆكی پەیامەكە بگەن، وەكو ئاگاداركردنەوە، یان هەڕەشە تەماشای بكەن، لەوانە: بڵاوكردنەوەی وێنەی وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ لە رێگەی مانگی دەستكردەوە، یان پەخشكردنی وێنەی بنكە سەربازییەكانی ئیسرائیل.
سێیەم: كاریگەریی پڕوپاگەندە بەر لە دەستپێكردنی پێكدادان و لە كاتی پێكداداندا
1 - بەر لە پێكدادان:  هەردوولا ئامادەسازییان بۆ رای گشتی كرد بۆ رەوایەتیدان بە ئەنجامدانی پرۆسەكە و دەیان راپۆرت و بابەتیان بڵاوكردەوە هەموویان ئاماژە بوون بۆ (بوونی مەترسی زۆر) و (پلانی هێرش و پێكدادان) لەلایەن لایەكەی دیكەوە.
2 - لە كاتی ئاڵۆزبوونی دۆخەكەدا: بڵاوكردنەوەی هەواڵ و ڤیدیۆی هێرش و گەورەكردنی زیانەكانی دوژمن، بۆ نموونە حزبوڵڵا، یان ئێران بەرپرسیارێتی هێرشێكی دیاریكراویان لە ئەستۆ دەگرت، تەنانەت ئەگەر ئەوانیش نەبووبن. 
3 - دوای پێكدادان:  هەردوولا هەوڵ دەدەن وەكو سەركەوتوو خۆیان نیشان بدەن، وا دەریبخەن كەمترین زیانیان بەركەوتووە و تەنانەت دەگاتە ئەوەی وێنەی (دروستكراو) بڵاو بكەنەوە.
 هەروەها راگەیاندن رۆڵیكی كاریگەر دەگێرێت لە گێڕانەوەی چیرۆكی (سەركەوتووەكان).
چوارەم: هێڵی بانگەشەی نێوخۆیی هەردوولا:
- ناوخۆی ئێران: پڕوپاگەندە بۆ بەهێزكردنی هێڵی شۆڕش و وەلاخستنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن بەكاردەهێندرێت
- ناوخۆی ئیسرائیل: پڕوپاگەندە بۆ دەرخستنی وێنەی دامەزراوەی سەربازی وەكو قەڵغانێك بۆ هاونیشتمانیان.
 كۆتایی
پڕوپاگەندە ئامرازێكی لاوەكی نییە لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، بەڵكو رەگەزێكی بنەڕەتیی بەڕێوەبردنی ململانێكە و بنیاتنانەوەیەتی، هەروەها بە تەنها لە هۆیەكانی راگەیاندنی ئاساییدا كۆنەبووەتەوە، بەڵكو هێرشی ئەلیكترۆنی و جەنگی دەروونی و كەسایەتییە ( ئایینی و رۆشنبیرییەكانیش) دەگرێتەوە، لە كاتی جەنگدا پڕوپاگەندە دەگۆڕێت بۆ چەكێكی كاریگەر و دەكەوێتە پێش موشەكەكان.

سەرچاوەكان:
- Associated Press تقارير حول الحرب الإعلامية المتوازية بين إسرائيل وإيران
- Middle East Eye تحليل نظرية الواقع الافتراضي وتأثيرها على إدراك الصراع
- NBC News تقارير حول انتشار المعلومات المضللة على وسائل التواصل الاجتماعي
- The Guardian تحليل استخدام النظام الإيراني للدعاية التلفزيونية والإذاعية
- Reuters تقارير حول الرقابة الإعلامية الإسرائيلية والقيود على الصحفيين
- Times of Israel تقارير حول استهداف البنية التحتية الدعائية الإيرانية
- Al Jazeera تحليل التحديات في تمييز الحقائق وسط الدعاية من كلا الجانبين
- BBC News تقارير حول تأثير الدعاية على الرأي العام

لە ململانێ سەربازییەکاندا، لایەنەکان هەوڵدەدەن خۆیان سەرکەوتوو پیشان بدەن

وتارەکانی نوسەر